Accessibility links

سوریا دەڵێت ئیسرائیل هێرشی موشەکی کردووەتە سەر بەرزاییەکانی جۆلان


میدیاکانی حکومەتی سوریا ڕایانگەیاندوە ئیسرائیل سەرەتاکانی ڕۆژی چوارشەممە، چەندین موشەکی ڕەوانەی بنکە سەربازییەکانی سوریا لە باشووری ئەو وڵاتە کردووە و ئەمەش زیانی مادی لێکەوتووەتەوە.

تەلەفزیۆنی دەوڵەتی سوریا لە زاری بەرپرسێکی سەربازی سوپای سووریاوە کە نەیویستوە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاندووە مووشەکەکان لە بەرزاییەکانی جۆلانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل لە سوریاوە هاوێژراون و ناوچەکانی دەوروبەری شارۆچکەی قونەیتریان لە سوریا بۆمباران کردووە.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە ئەو هێرشانە کە تۆزێک پاش نیوەشەو ڕوویانداوە، زیانی مادی لێکەوتووەتەوە بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

ئەو هێرشانە نزیکەی هەفتەیەک دوای ئەوە دێت کە میدیاکانی دەوڵەتی سوریا هێرشێکی موشەکی هاوشێوەی ئیسرائیلیان بۆ سەر ناوچەیەکی باشووری دیمەشقی پایتەخت ڕاگەیاند کە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەو ە.

ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی لەسەر هێرشەکان نەداوە. ئەو وڵاتە لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا لە شەڕی ناوخۆی خۆیدا، سەدان هێرشی لەو شێوەیەی بۆسەر بەشەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریا ئەنجام داوە، بەڵام بە دەگمەن دان بەو جۆرە ئۆپەراسیۆنانەدا دەنێت یان تاوتوێیان دەکات.

هەرچەندە ئیسرائیل دان بەوەدا دەنێت کە بنکەکانی میلیشیا هاوپەیمانەکانی ئێران وەک حیزبوڵای لوبنان کە لە بەرەی هێزەکانی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد دەجەنگێت، کردووەتە ئامانج.

ئیسرائیل لە شەڕی ڕۆژهەڵاتی ساڵی 1967 کە شەڕی شەش ڕۆژەشی پێدەوترێت، دەستی بەسەر بەرزاییەکانی جۆلانی سوریادا گرت و کردی بە بەشێک کە خاکی خۆی. زۆربەی وڵاتانی جیهان بەفەرمی دانیان بە لکاندنی ئەو ناوچانەدا نەناوە، هەرچەندە بەڕێوەبەرایەتی ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا ئەو ناوچەیەی وەک بەشێک لە ئیسرائیل ڕاگەیاند.

XS
SM
MD
LG