شازادە فەیسەڵ بن فەرحان ئال سعود وەزیری دەرەوەی سعودیە سەبارەت بە ڕەوشی وتووێژەکان لەگەڵ ئێران و ئەگەری دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەدا، سەرەڕای دووبارەکردنەوەی خواستی وڵاتەکەی بۆ پێکهێنانی پەیوەندی لەگەڵ ئێران، گوتی ئەو کارە پێویستی بە پێشکەوتنی بەرچاوە لەسەر ئەو پرسانەیە کە مایەی نیگەرانی ئێمە و دراوسێکانمانە.
وەزیری دەرەوەی سعودیە ڕۆژی شەممە 19ی ئەم مانگە لە میانەی چاوپێکەوتنێکدا لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونخ لە ئەڵمانیا گوتی" ئێمە تەنیا بەدوای نەمانی گرژییەکاندا نین، بەڵکو دەمانەوێت پەیوەندیشمان هەبێت، بەڵام ئەنجامدانی ئەو کارە پێویستی بە پێشکەوتنی بەرچاوە لە سەر ئەو کێشانەی کە مایەی نیگەرانی ئێمە و دراوسێکانمانە."
شازادە فەیسەڵ بن فەرحان ئاماژەی بەوەدا کە نیگەرانییەکان سەبارەت بەهەندێک لە کردەوەکانی ئێران لەناوچەکەدا تەنیا تایبەت بە شانشینی سعودیە نییە، و گوتی ئەگەر پێشکەوتنی بەرچاو لەسەر ئەو پرسانە لە لایەن ئێرانەوە بێنە ئاراوە، ئەوا بێگومان ئەو کات پەیوەندییەکان دروست دەبێت. ئەو گوتی تا ئێستا هیچ شتێکمان لەو ڕووەوە نەبینیوە، بەڵام هێشتا هیوامان وایە بیبینین و کار بۆ بەدیهێنانی دەکەین.
وەزیری دەرەوەی سعودیە هەروەها گوتی ئەگەر ڕێککەوتنی ناوکی ساڵی 2015 دووبارە سەربگرێتەوە، ئەوا ئەو ڕێککەوتنە دەبێ ببێت بە "خاڵی دەستپێک، نەوەک خاڵی کۆتایی" بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ناوچەکەدا.
لە سەرەتای ئەم مانگەدا ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی ئێران گوتی ئەگەر ڕیاز ئامادە بێت لە کەشێکی لێکتێگەیشتن و ڕێزگرتنێکی دوولایەنەدا گفتوگۆ بکەن، ئەوا تاران ئامادەیە بۆ گفتوگۆی زیاتر.
سعودیە و ئێران، کە لە ساڵی 2016دا پەیوەندییەکانیان بڕیوە، ساڵی ڕابردوو بە میوانداری عێراق گفتوگۆیان بۆ چارەسەرکردنی گرژییەکانی نێوانیان دەستپێکردوەتەوە.
تا ئێستا چوار خولی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و سعودیە بەڕێوەچوون و پێشبینی دەکرێت خولی پێنجەمیش بەمزوانە بەڕێوەبچێت.
گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی 2019دا لە دوای هێرشکردنە سەر بنکە نەوتییەکانی سعودیە بەرزتر بووە، ئەو هێرشانەی کە ڕیاز دەڵێت دەستی ئێرانی تێدایە و ئێرانیش ڕەتی دەکاتەوە.
شازادە فەیسەڵ هەروەها گوتی ئێران بەردەوامە لە دابینکردنی مووشەکی بالستیک و پارچەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەکی ئاسایی بۆ حوسییەکانی یەمەن، تۆمەتێک کە هەم تاران و هەم ئەو گروپە نکۆڵی لێ دەکەن.