Accessibility links

بۆریس جۆنسن: ڕۆژئاوا دەتوانێت دەستڕاگەیشتنی کۆمپانیا ڕووسیەکان بەدۆلاری ئەمەریکی قەدەغە بکات


بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا
بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا

بۆریس جۆنسن ، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند ئەگەر کرێملین ئۆکرانیا داگیر بکات، ئەوا ئەمەریکا و بەریتانیا بەر بە کۆمپانیا ڕوسییەکان دەگرن لەوەی دەستیان بە دۆلار و پاوەندی بەریتانی بگات.

ئەمەریکا و بەریتانیا بەبەردەوامی هۆشدارییان داوە لەوەی کە ڕووسیا دەیەوێت ئۆکرانیا داگیر بکات، هەنگاوێک کە واشنتون و لەندەن دەڵێن لەوەتەی کۆتایهاتنی جەنگی جیهانی دووهەمەوە، گەورەترین ناکۆکییەکان درووست دەکات. بەڵام ڕووسیا ڕەتی دەکاتەوە کە پلانی داگیرکردنی ئۆکرانیای هەبێت.

جۆنسن گوتی سزاکانی ڕۆژئاوا بۆ سەر ڕووسیا لە ئەگەری داگیرکرنی ئۆکرانیا، زۆر زیاتر لەو سزایانەن کە پێشتر لە نێو ڕای گشتیدا پێشنیاری کردبوون.

جۆنسن هەروەها ئەو پرسیارەی هێنایە ئاراوە کە ئایا هەڕەشەی سزاکان بە تەنیا بەسە بۆ پێشگرتنی ڤلادیمیر پوتین لە هێرش کردنە سەر ئۆکرانیا و گوتی لەوانەیە سەرۆکی کرملین بە شێوەیەکی لۆژیکی بیر لەو کارە نەکاتەوە.

بەریتانیا کە ناوەندی جیهانی ئاڵوگۆڕکردنی دراوی بیانییە، پێشتر هەڕەشەی ئەوەی کردبوو کە گەشە و پەرەسەندنی دارایی کۆمپانیا ڕووسیەکان لە لەندەن قەدەغە دەکات و موڵک و خاوەندارێتی کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە ئاشکرا دەکات.

بەریتانیا ئاشکرای نەکردوە سزاکانی ئەو وڵاتە کام دامودەزگای ڕووسیا دەگرێتەوە، بەڵام بەڵێنی داوە هیچ شوێنێک نەهێڵێتەوە بۆ چالاکییەکانی ڕووسیا لەو وڵاتەدا. جۆنسن گوتی سزاکان لەوانەیە بانکە ڕووسیەکان بگرێتەوە.

ڕووسیا دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 دا دەستی بەسەر کریمیا گرت، ڕەتیدەکاتەوە کە پلانی داگیرکردنی بەشێکی دیکەی ئۆکرانیای هەبێت.

پوتین دەڵێت ڕۆژئاوا پاش پشتگوێخستنی نیگەرانییەکانی کرێملین سەبارەت بە گەورەبوونی ناتۆ دوای جەنگی سارد، لە هەوڵێکی لەسەر خۆ، ترس و هیستریا درووست دەکات بۆ ئەوەی ڕووسیا ڕاپێچی جەنگ بکات.

ڕووسیا نزیکەی 150,000 سەربازی لەنزیک سنوورەکانی ئۆکرانیا جێگیرکردووە و دەڵێت لە پێناو ئاسایشی خۆیدا پێویستی بەوەیە ڕۆژئاوا هەرگیز ڕێگە نەدات ئۆکرانیا ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا.

دیمیتری پۆلیانسکی، جێگری یەکەمی نوێنەری هەمیشەیی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی نابێت متمانە بە هەڵسەنگاندنەکانی سیخوڕەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا بکرێت، و گوتیشی ئەوان پێشتر لە کاتی داگیرکردنی عێراق بە ڕێبەرایەتی ئەمەریکا، تووشی هەمان هەڵە بوونەوە.

XS
SM
MD
LG