Accessibility links

نمایشی خلیسکێنەی کچە وەرزشوانە 15 ساڵانەکەی ڕووسیا بە گریان کۆتایی هات


ناوەندە وەرزشیەکانی جیهان ئەم هەفتەیە سەرنجیان چووە سەر ئەو فشارە زۆرەی کە وەرزشوانان ڕووبەڕووی دەبنەوە دوای ئەوەی ڕۆژی پێنجشەممە کچە نەوجەوانی ڕووسی کامیڵا ڤاڵیێڤا بە گریانەوە گۆڕەپانی خلیسکێنەی سەربەفری جێهێشت بەهۆی لاوازی ئاستی نمایشی لە خولی ئۆڵەمپی ئەمساڵ لە بەیجینگ.

کامیڵای 15 ساڵان خاوەنی نۆ ڕیکۆردی جیهانییە بۆ خلیسکێنەی سەربەفر و ئەمساڵ ڕووسیەکان چاویان لەسەر ئەوەبوو ئاستێکی پێوانەیی تۆماربکات لە ئۆڵەمپیای بەیجینگ و مەدالیای زێر بباتەوە. ئەو پێشتر بەوە ناسرابوو کە هەرگیز کۆڵینەدەدا و لە یەکێک لە وتەکانی ڕایگەیاندبوو، "بردنەوە واتا یەکەم بوون و هەر شتێکی تر جگە لە یەکەم بوون واتا دۆڕان."

بەڵام هیواکان بۆ کامیڵا بەرەو پوکانەوە چوون دوای ئەوەی مانگی 12 پشکنینە پزیشکیەکان دەریانخست کە ئەو کچە وەرزشکارە دەرمانێکی بەکارهێناوە کە لە ڕیزی دەرمانە قەدەغەکراوەکانە چونکە دەبێتە هۆی زیادکردنی توانای خۆڕاگری.

کامیڵا لە یاریەکەی ڕۆژی پێنجشەممە، لەژێر فشاری دەرەنجامە پزیشکیەکان، هەر بەر لە دەستپێکردنی نمایشەکەی نیگەرانی زۆری پێوەدیار بوو. میدیا جیهانیەکان بەردەوام سەرنجیان دەخستە سەر دەموچاوی خەمباری کامیڵا لەکاتی نمایشەکە کە سەرەنجام بە کارەسات کۆتایی هات دوای ئەوەی لە یەکێک لە نیشتنەوەکان کۆنترۆڵی لەدەستدا و کەوتە سەر زەوی. بەمەش لە ئاستی یەکەمەوە چووە ئاستی چوارەم.

دوای نمایشەکە کامیڵا بە گریانەوە گۆڕەپانەکەی جێهێشت بەرەو لای تیمی وڵاتەکەی. ئەوەی پێشبینی نەکراو بوو لەو کاتەدا بریتی بوو لە کاردانەوەی ڕاهێنەرەکەی کامیڵا بە ناوی ئێتێری تۆتبرێتزا کە سەرزەنشتی کچە 15 ساڵانەکە دەکات و پێی دەڵێت، "بۆچی خۆت بەدەستەوەدا؟ بۆ دەستت هەڵگرت لە شەرکردن؟"

ئەو هەڵوێستەی ڕاهێنەرەکە ڕووبەڕوی ڕەخنەی توندی جیهانی بۆتەوە. لەم بارەوە تۆماس باخ کە سەرۆکی کۆمیتەی نێودەوڵەتی ئۆڵەمپیە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی دا ڕایگەیاند، "بەڕاستی تەزێنەر بوو کە بینیم چۆن یەکێک لە کەسە هەرە نزیکەکانی بەو شێوە ساردە پێشوازی لێکرد. لە بری ئەوەی دڵی بداتەوە و یارمەتی بدات، دهەستت بەوە دە کرد کە چی کەشێکی سارد و دورەپەرێزی دابینکردبوو."

دوای ڕووداوەکە هەستی پەرۆشی بۆ ئەو نەوجەوانە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی ڕووسیای تەنی. ئیڤجینیا مێدڤێدڤا کە خاوەنی مەدالیای زیوە لە ئۆڵەمپی 2018 لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستەگرام پشتگریری لە کامیڵا کرد و نوسیویەتی، "من زۆر دڵخۆشم کە ئەو دۆزەخە بۆ تۆ کۆتایی هات. شیرینەکەم، من زۆر ڕێزی تۆ دەگرم و خۆشمدەوێی و دڵخۆشم کە ئێستا دەتوانی پشوو بدەیت. پیرۆزبایی تەواوبوونی ئۆڵەمپیاتت لێدەکەم و هیوادارم بتوانی بە ئارامی بژیت و هەناسەبدەی."

بەڵام جێگەی گومانە کە کامیڵا دوای یاریەکە بتوانێت پشوو بدات چونکە تا ئێستا دۆسیەی بەکارهێنانی دەرمانەکە کۆتایی نەهاتووە. پێشبینی دەکرێت کە دۆسیە یاساییەکە چەندین مانگ بخایەنێت و سەرەنجام سزایەکی سەختی لێبکەوێتەوە بۆ کامیڵا و ڕاهێنەرەکەی و تیمیە وەرزشیەکەی ڕووسیا.

XS
SM
MD
LG