Accessibility links

ئیسرائیل فرۆکەیەکی بێفرۆکەوان دەخاتە خوارەوە کە لە لوبنانەوە سنوری ئاسمانی وڵاتەکەی بەزاندووە


سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند هێزی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی ڕۆژی هەینی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان خستۆتە خوارەوە کە لە لوبنانەوە سنوری ئاسمانی وڵاتەکەی بەزاندووە، ئەمە دووەم ڕووداوی لەو جۆرەیە لەم چەند ڕۆژەی دواییدا.

لە راگەیەندراوێکدا سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە "زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدراوە و بەوهۆیەوە دانیشتوان ڕەوانەی پەناگەکان کراون دوابەدوای ئەوەی فڕۆکەیەک کە لە دوورەوە کۆنتڕۆلکراوە لە سنوری ئاسمانی لوبنانەوە بە ئاسمانی ئیسرائیلدا تێپەڕیوە."

هەروەها دەڵێت "لە ئەنجامدا سیستەمی بەرگری ئاسمانی چالاککراوە" و "چەند خولەکێک دواتر پەیوەندی ڕادار بە فڕۆکەکەوە پچڕاوە" ئاماژەی بەوەشدا کە ڕێگری لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە نەکراوە.

هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لە تویتێکدا ڕایگەیاند کە " موشەکی جۆری کڵاوەی ئاسنینی لێدراوە" و هاوکات فڕۆکە جەنگییەکانیش بە پەلە بۆ چاودێریکردن بە ئاسمانی ناوچەکەدا سوڕاونەتەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە سوپا ڕایگەیاند کە فڕۆکەیەکی مارتینگیان خستۆتە خوارەوە کە دەڵێن لەلایەن حزبوڵای لوبنانیەوە بە پشتیوانی ئێرانی رکابەری ئیسرائیل نێردراوە بۆ نێو سنوری ئاسمانی ئیسرائیل.

ئەم رووداوە ڕۆژێک دوای ئەوە هات کە حەسەن نەسروڵای سەرۆکی حزبوڵا شانازی بە تواناکانی ڕێکخراوەکەیەوە کرد کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکیان هەیە.

نەسروڵا لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە "هیچ نهێنییەک نییە بۆ ئیسرائیلییەکان کە بیزانن ئێمە توانای ئەوەمان هەیە کە مووشەکەکانمان بکەینە موشەکی زیرەک."

ڕاشیگەیاند: "لە لوبنان ماوەیەکی زۆرە دەستمان کردووە بە دروستکردنی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و ئەوانەی دەیانەوێت بیکڕن دەتوانن داوا پێشکەش بکەن."

لوبنان و ئیسرائیل لە ڕووی تەکنیکییەوە لە جەنگدان و هەبوونی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لەو سنورە بە ئاسایش توندوتۆڵەدا بوونەتە خەسڵەتێکی ئاسایی..

لە مانگی یەکی ئەمساڵدا، سەرچاوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل بانگەشەی ئەوەیان کرد کە دەستگیراوە بەسەر چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان دا پاش ئەوەی لە سنوورەکانی لوبنانەوە سنوری وڵاتەکەیان بەزاندووە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ وردبینی زانیارییەکان و توانای چاودێری ئاسمانی ئیسرائیل بۆ تواناکانی حزبوڵا لەو بارەیەوە.

لە مانگی 7 ی ساڵی 2006 دا حیزبوڵا دوو سەربازی ئیسرائیلی دەستگیرکرد و شەڕێکی 34 ڕۆژەی لەگەڵ ئیسرائیلدا بەرپابوو، بەوهۆیەوە 1200 کەس لە لوبنان کوژران کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی بوون و 160 ئیسرائیلیش کوژران کە زۆربەیان سەرباز بوون.

بە ئاگربەستێک کە نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانی دەکرد کۆتایی بە شەڕەکە هات، لەدەرئەنجامدا بەوهۆیەوە سوپای لوبنان بە درێژایی ناوچە سنوورییەکان بڵاوبوونەوە.

XS
SM
MD
LG