Accessibility links

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بەڵێن دەدات پشتگیری ئیسرائیل بکات بەرامبەر بە ئێران


نانسی پێلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە وەک بەشێک لە شاندێکی کۆنگرێس گەیشتە ئیسرائیل و پشتگیری ئەمەریکای بۆ ئاسایشی ئیسرائیل دووپات کردەوە.

پێلۆسی لە لێدوانێکیدا لە کنێسێت گوتی "ئێمە لە شەڕی دژی تیرۆر کە لەلایەن ئێرانەوە لە ناوچەکەدا دروستبووە و هەمیش لە پەرەسەندنی ناوکی ئەو وڵاتەدا، پێکەوەین" گوتیشی "نزیکبوونی ئیسرائیل بە ئێران خەمی هەموومانە."

سەرۆکی دیموکراتی ئەنجومەنی نوێنەرانی هەروەها گوتی هیواخوازە سینات بە زووترین کات ئەو پارەیەی کە ئەنجومەنی نوێنەران مانگی 9ی ساڵی ڕابردوو پەسەندی کردووە بۆ سیستەمی دژە مووشەکی ئیسرائیل، پەسەندی بکات.

سەردانەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی هاوکات بوو لەگەڵ پێکدادانەکانی نێوان فەلەستینییەکان و جووەکانی نیشتەجێبووی گەڕەکی شێخ جەراح لە ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم.

ئیسرائیل لە شەڕی ساڵی 1967دا، ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم و کەناراوەکانی ڕۆژئاوا و غەزەی گرتەوە.

پیلۆسی پابەندبوونی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە چارەسەرێکی دوو دەوڵەتی کە سەقامگیری و ئاسایش بۆ ئیسرائیل و فەلەستینیەکان و دراوسێکانیان زیاتر دەکات، دووپات کردەوە.

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە لە ڕامەڵا لەگەڵ مەحمود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین کۆببێتەوە، بەڵام لە بەرنامەیدا نییە سەردانی کەرتی غەزەی ژێر دەسەڵاتی حەماس بکات.

جێی ئاماژەیە چەند ڕۆژ پێش ئێستاش، سیناتۆری کۆماری لیندسی گراهام لە گەشتێکدا بۆ ئیسرائیل، لەگەڵ نەفتالی بنێت سەرۆک وەزیران و ئیسحاق هێرتزۆگ سەرۆکی ئیسرائیل کۆبوویەوە.

XS
SM
MD
LG