Accessibility links

ئێران دەڵێت ئەمەریکا ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانیانی شەوێک بەر لە بەرواری ڕێککەوتنەکە هەڵوەشاندووەتەوە


ئێران ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕێککەوتنی گۆڕینەوەی بەندکراوانی شەوێک بەر لە ڕەزامەندی لەسەر ڕێککەوتنەکە هەڵوەشاندووەتەوە.

سەعید خەتیبزادە، گوتەبێژی وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی "بەداخەوە جارێک ڕێککەوتنێک (بۆ ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان) ئەنجام درا بەڵام لایەنی ئەمەریکایی شەوێک بەر لە ڕەزامەندی لەسەر ڕێککەوتنەکە لە بەڵێنەکانی خۆیان پاشگەز بوونەوە."

گوتەبێژی وەزیری دەرەوەی ئێران وردەکاری زیاتری لەسەر ئەوەی ڕێککەوتنەکە کەی کراوە یان کەی بڕیار بوو جێبەجێ بکرێت باس نەکرد.

ئەمەریکا دەستبەجێ لێدوانەکەی گوتەبێژی وەزیری دەرەوەی ئێرانی پشتڕاست نەکردەوە.

خەتیبزادە گوتی پرسی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان هاوتەریب لەگەڵ وتووێژی ناوکی لە ڤیەننا تاوتوێ دەکرێت.

ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە کۆتاییەکانی مانگی یەکی ئەمسال سەرۆکی دانوستانکاری ناوکی ئەمەریکا بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندبوو کە " ئەمەریکا دەڵێت پێناچێت لەگەڵ ئێران بگاتە ڕێکەوتنێک بۆ زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015ی ئێران مەگەر تاران چوار هاوڵاتی ئەمەریکایی ئازاد بکات کە واشنتن دەڵێت بە بارمتە گیراون."

ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لە نێوان ئەمەریکا و ئێران شتێکی نائاسایی نییە و هەردوو وڵات لەم ساڵانەی دواییدا بە شێوەیەکی ڕۆتینی بە دوای ئازادکردنی دەستگیرکراواندا بوون، بەڵام لەو ڕووەوە کە بەڕێوەبەرایەتی بایدن هەوڵی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان دەدات، هەر بۆیەش دەکرێت هەموو هەنگاوێک لەم کاتەدا هەستیار بێت.

ڕێکەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 لە نێوان ئەو وڵاتانەدا، ئاڵوگۆڕی زیندانیەکانیشی لەخۆ دەگرت.

ڕۆبێرت مالی نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران لە وتوێژەکەیدا لەگەڵ ڕۆیتەرز گوتبوی "هەرچەندە ئێمە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران گفتوگۆمان لەسەر دۆسیەی ناوکی کردووە، لە هەمان کاتدا وتوێژی ناڕاستەوخۆشمان هەیە لە گەڵیان بۆ ئەوەی دڵنیابین لە ئازادکردنی بارمتەکانمان."

لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا، سوپای پاسدارانی شۆرشی ئیسلامی ئێران دەیان کەسیان دەستگیرکردووە لەوانەی کە خاوەنی دوو ڕەگەزنامەن، هەروەها خەڵکی بیانیش و بە گشتی تاوانەکانی سیخوڕیکردن و تاوانەکانی پەیوەندییان بە ئاسایشەوە هەیە دراوەتە پاڵیان.

ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ، ئێران بەوە تۆمەتبار دەکەن کە خەڵک دەستگیر دەکات لە پێناوی باڵادەستی دیپلۆماسیدا لە کاتێکدا کە زلهێزەکانی ڕۆژئاوا لە مێژە داوا لە تاران دەکەن ئەو هاوڵاتیانە ئازاد بکات کە لەسەر دۆسیەی سیاسی دەستگیری کردوون.

ئێران نکوڵی دەکات لەوەی کە هیچ کەسێکی بە هۆکاری سیاسی دەستگیر کرد بێت.

لە ئێستاشدا ئێران و زلهێزەکانی جیهان، لەوانە ئەمەریکا، تاوتوێی بوژانەوەی ڕێککەوتنی ناوکی ساڵی 2015 دەکەن، هەرچەندە گفتوگۆکان دوای چەندین مانگ هێشتا بێ ئەنجامن.

XS
SM
MD
LG