Accessibility links

تاقمێک لە پاکستان پیاوێک بە تۆمەتی کفرکردن دەکوژن


پۆلیس و کاربەدەستان لە پاکستان ڕۆژی یەکشەمە ڕایانگەیاند، کە کەسێک لەلایەن تاقمیکەوە لە سێدارەدراوە، بەهۆی ئەوەی کە گوایە لاپەڕەکانی قورئانی پیرۆزی موسڵمانانی لە پاکستان سوتاندووە، و دەیان کەسیان دەستگیر کردووە کە دەستیان لە ڕووداوەکەدا هەبووە.

عیمران خان سەرۆک وەزیران فەرمانی دابو بە پۆلیس ئەنجامدەرانی ئەو کوشتنە دەستگیربکرێن. خان لەڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد " بە پێی یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەنجامدەرانی کوشتنەکە دەکرێت ". گوتیشی "ئێمە لەو کەسانە خۆش نابین کە یاسا دەگرنە دەستی خۆیان".

وتەبێژێکی حکومەت دەڵێت زیاتر لە 60 کەس دەستگیرکراون کە گومانی تێوەگلانیان لە کوشتنەکەدا لێیکراوە، و ئەوەشی وت کە گومانلێکراوەکان زیاتر لە ڕێگەی ڤیدیۆیەکی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەستنیشانکرابوون ،کە لەلایەن گوندنشینەکانەوە لە تولامبا لە ناوچەی خانیواڵ گیرابوو.

موناوەری حوسێن بەرپرسی پۆلیسی بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، شەوی شەممە قەڕەباڵغییەک لە مزگەوتی گوندەکەیان کۆبووبنەوە پاش ئەوەی کوڕی مەلای مزگەوتەکە ڕایگەیاندبوو کە ئەو پیاوەی بینیووە پەڕەی قورئانی پیرۆزی سووتاندووە.

حسێن، وتیشی: پۆلیس گەیشتبووە جێی ڕووداوەکە، بەڵام پیاوەکە بە بێهۆشی دۆزرابووە و بە دارێکەوە بەسترابووە. و وتیشی کە ئەو تاقمە هەروەها پەلاماری پۆلیسیشیان دابوو.

حسێن وتیشی: "تاقمەکە بە دار و تەور و بۆری ئاسنەوە هەڵیانکوتابووە سەر پیاوەکە، و لە پاشاندا تەرمەکەیان بە دارێکەوە هەڵواسیبوو"

ئەو گوتی کە بەڵگەکانی تا ئێستا لە لایەن پۆلیسەوە کۆ کراوەتەوە پێشنیاری ئەو دەکات کوژراوەکە بە موحەمەد موشتاق ناسراوە، و لە پەنجاکانی تەمەنیدا بووە ، و پێدەچێت کێشەی دەروونی هەبوبێت.

XS
SM
MD
LG