دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری دا کە وەزیری دەرەوەی پێشوو هۆشیار زێباری شایستە نییە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید بکرێت، بەهۆی دۆسییەکانی گەندەڵی کە پێشتر ئاڕاستەی کرابوون، و بهوپێیهش لهكاندیدبون بۆ پۆستی سهرۆك كۆمار دوورخرایهوه.
دادگای فیدراڵی ڕۆژی یەکشەممە کۆبووەوە بۆ بڕیاردان لەسەر یەکلاکردنەوەی دۆسیەی هۆشیار زێباری، کە لە ماوەی رابردوودا لەسەر بنەمای سکاڵای چەند پەرلەمانتارێک دادگای فیدراڵی رێوشوێنەکانی بەربژێرکردنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بەشێوەیەکی کاتی راگرتبوو.
زێباری، سیاسەتمەداری دیاری کورد کە زیاتر لە دە ساڵ وەک وەزیری دەرەوەی عێراق خزمەتی کردووە، لەو دەمەی وەزیری دارایی بوو، لە ساڵی 2016 دا لەلایەن پەرلەمانەوە بەهۆی تۆمەتەکانی گەندەڵی دارایی و ئیدارییەوە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە. ناوبراو ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردووەتەوە، و کە گوایە هاندەری سیاسی لە پشتەوەیە.
ناوبراو کە یەکێک بوو لە 25 پاڵێوراوی سەرۆکایەتی، دەرفەتێکی بەرچاوی هەبوو بۆ بردنەوەی دەنگدانی پەرلەمان بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆمار، بەر لەوەی سەر لە نوێ تۆمەتەکانی گەندەڵی ئاڕاستە بکرێتەوە.
وا بڕیاربوو پەرلەمانی عێراق لە دووشەممەی ڕابردوودا دەنگ لەسەر سەرۆکی نوێی بدەن، بەڵام دەنگدانەکە هەڵوەشایەوە چونکە نیسابی قانونی تەواو نەبوو بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنەکە، دوای ئەوەی زۆرێک لە پەرلەمەنتاران وتیان بایکۆتی دەنگدانەکە دەکەن پاش ئەوەی دادگا بڕیاریدابوو بە ڕاگرتنی سەرجەم رێوشوێن و رێکارەکانی هەڵبژاردنی هۆشیار زێباری بەشێوەی کاتی تا کاتی یەکلایی کردنەوەی دۆسییەکەی.
دواتر، دادگاى فیدراڵى عێراق ئەمڕۆ یەکشەممەی وەک کۆتا رۆژی یەکلایی کردنەوەی کەیسەکەی هۆشیار زێباری دیاریکرد.