سەرۆک جۆو بایدن ڕۆژی هەینی بڕیارێکی سەرۆکایەتی مۆرکرد کە بە پێی ئەو بڕیارە نیوەی حەوت ملیار دۆلاری سامانی سڕکراوی ئەفغانستان لە ئەمەریکا بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی هێرشە تیرۆرستییەکەی 11ی سپتەمبەر بەکاربهێنرێت.
کۆشکی سپی دەڵێت 3.5 ملیارەکەی تر دەخرێتە سندوقێکی متمانەوە بۆ هاوکاریکردنی مرۆیی لە ئەفغانستان تەرخان دەکرێت.
تاڵیبان دەستبەجێ ئیدانەی ئەم هەنگاوەی کرد.
محەمەد نەعیم، گوتەبێژی ئۆفیسی سیاسی تاڵیبان لە دۆحە لە تویتێکدا ڕایگەیاند " دزیکردنی ئەو پارەیەی خەڵکی ئەفغانی کە لەلایەن ئەمەریکاوە سڕکراوە، نزمترین ئاستە کە وڵاتێک لە ڕووی ئەخلاقی و مرۆییەوە بیکات. شکست و سەرکەوتن بەشێکە لە مێژووی مرۆڤایەتی بەڵام گەورەترین و شەرمەزارترین شکست بۆ وڵاتێک یان بۆ خەڵکەکەی شکستی لەشکری مۆرالیشە."
حەوت ملیار پارەی بانکی دە ئفغانستان، بانکی ناوەندی وڵاتەکە، کە لە بانکی فیدراڵی نیویۆرکدا بوو، لەو کاتەوەی حکومەتەکەی ئەشرەف غەنی ڕووخا و تالیبان دەستی بەسەر وڵاتەکەدا گرتووە لە سڕکراوە. وڵاتەکە لە ئێستادا دووچاری داڕمانێکی گەورەی ئابوری و ناسەقامگیری خۆراک بووەتەوە.
دوابەدوای هێرشەکانی 11ی سپتەمبەری ساڵی 2001، تالیبان کە ئەو کاتە کۆنترۆڵی ئەفغانستانی لەدەستدابوو، ئامادەنەبوو مەرجەکانی ئەمەریکا بۆ ڕادەستکردنی ئوسامە بن لادنی سەرۆکی ئەقاعیدە و پلاندانەری هێرشەکان بۆ سەر ئەمەریکا، جێبەجێ بکات.
چەندین ساڵە کەسوکاری قوربانییانی ئەو هێرشە تیرۆرستییە بە ڕێگای دادگاکانی ئەمەریکاوە داوای قەرەبووی دارایی دەکەن و پاش گەڕانەوەی تاڵیبان لە مانگی هەشتدا ئەوان هەوڵەکانی وەرگرتنی ئەو قەرەبووەیان لە تاڵیبان نوێ کردووەتەوە.
پاش ئەوەی تاڵیبان لە مانگی هەشتی ساڵی ڕابردوودا تەواوی ئەفغانستانی کۆنترۆڵکرد، هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەو وڵاتە ڕاگیران و ملیاران دۆلاریشی لە سیستمی بانکە جیهانییەکان، زۆربەی لە ئەمەریکا، سڕکرا.
ژێرخانی ئابوری ئەفغانستان زیانێکی زۆری بەرکەوتووە. نزیکەی %80 ی بودجەی حکومەتی پێشووی ئەفغانسان لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دابین دەکرا.
بەهۆی نەمانی ئەو بودجەیە هەژاری لە وڵاتەکەدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکرد و گروپەکانی هاوکاری مرۆیی هۆشداریی کارەساتێکی مرۆییان دا.