Accessibility links

تورکیا داوا دەکات دەنگی ئەمەریکا و چەند دەزگاییەکی تری ڕاگەیاندنی جیهانی مۆڵەتی کارکردن لە تورکیا وەربگرن


لە تورکیا ئەنجومەنی باڵای ڕادیۆ و تەلەفزیۆن (RTÜK) ڕۆژی چوارشەممە وادەیەکی کورتی دایە دەنگی ئەمەریکا و دوو دەزگای میدیای نێودەوڵەتی بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی کارکردن لە تورکیا یان بلۆککردنی پلاتفۆڕمەکانیان.

داواکەی RTUK جگە لە دەنگی ئەمەریکا، ڕادیۆی دوێچە وێلی و هەروەها یۆرۆنیوز دەگرێتەوە.

ئیلهان تاشچی ئەندامی RTUK کە لەلایەن پارتی گەلی کۆمارییەوە دەستنیشان کراوە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا دەڵێت "بڕیارەکە زیادەڕەوییە لە دژی میدیای ئازاد لە تورکیا." هەروەها دەشڵێت ئەو بڕیارە بە زۆرینەی دەنگ دراوە کە 72 کاتژمێر بدرێت بەو دەزگایانە تاوەکو مۆڵەتی کارکردن وەربگرن.

سەردار ئاڵتان هاوسەرۆکی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە و فورات لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا لەم بارەیەوە بە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، لە ساڵی 2019دا ڕێکخراوی توێژینەوەی سیتا ڕاپۆرتێکی لەسەر میدیای جیهانی بۆ دەوڵەت ئامادە کرد و چەند ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتیان کردە ئامانج کە لە تورکیا کار دەکەن، دوابەدوای ئەو ڕاپۆرتەش حکومەت یاسایەکی دەرکرد بۆ کۆنترۆڵکردنی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی جیهانی لە ژێر چەتریRTUK دا.

سەبارەت بە ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنیش ئاڵتان ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە ئۆپۆزسیۆن دەنگی خۆی هەڵبڕێت لە ئاست ئەو کارانەی ڕێگە لە کاری ڕۆژنامەگەری دەگرن.

گوتیشی "ئێمە وەک ڕێکخراوەکە سەرکۆنەی ئەو بڕیارە دەکەین و پێویستە دەستبەجێ ئەم بڕیارانەی حکومەت هەڵبوەشێنرێنەوە بۆ ئەوەی میدیاکان بەشێوەیەکی ئازادی و سەربەخۆ بتوانن لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کاربکەن."

ئاڵتان ئەوەشی خستەڕوو کە داواکاری سەرەکی حکومەت ئەوەیە کە ئەو دامەزراوانە بەتەواوی دابخرێن.

گوتەبێژی دەنگی ئەمەریکا برجت سێرچاک لە ئیمێڵێکدا بۆ بەشی تورکی دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند "دەنگی ئەمەریکا ئاگاداری ئەو بابەتەیە و دەڵێت ئێمە لەو بڕوایەداین هەوڵی هەر حکومەتێك بۆ ئەوەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن ناچار بکات مۆڵەت وەربگرن سەرپێچی کردنە لە ئازادی ڕاگەیاند و پێچەوانەی ناوەڕۆکی بەهای هەموو کۆمەڵگەیەکی دیموکراسیە."

هەروەها گوتیشی ئەگەر حکومەتی تورکیا بە فەرمی ماڵپەرەکانمان بلۆک بکات دەنگی ئەمەریکا هەموو هەوڵێکی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی دڵنیا بێتەوە لەوەی خوێنەرانی زمانی تورکی بێبەش نەبن لە هەواڵە ڕاست و دروستەکانی ئەمەریکا.

بۆ زانیاری زیاتر کرتە لەم فایلە دەنگیەی خوارەوە بکە

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:37 0:00

XS
SM
MD
LG