Accessibility links

بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ بیرکردنەوە لە خۆکوشتن لە نێو کارمەندانی تەندروستیدا زیادیکردووە


لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەریدەخات 1 لەسەر 10 ی کارمەندانی تەندروستی ئوسترالیا لە کاتی پەتای کۆرۆنادا بیریان لە خۆکوشتن یان زیانگەیاندن بەخۆیان کردووەتەوە.

نوسەری ئەو لێکۆڵینەوەیەی کە لەسەر کارمەندانی تەندروستی ئوسترالیا کراوە لەوبڕوایەدایە ئەمە گەورەترین لێکۆڵینەوەی جیهانییە لەسەر بیرکردنەوە لە خۆکوشتن لە نێو کارمەندانی تەندروستیدا.

لەم لێکۆڵینەوەیدا بۆچوونەکانی 8 هەزار کەس وەرگیراون کە بریتین لە پیشەکانی کارمەندانی نەخۆشخانە، کارمەندی پشتیوانی، پاکژکەرەوەکان، پزیشکان و پەرستاران.

لە %10 ی بەشداربووان لە وەڵامی ڕاپرسییەکەدا گوتوویانە لە کاتی پەتاکەدا بیریان لەوەکردووەتەوە خۆیان بکوژرن یان زیان بگەیەنن بەخۆیان، بەڵام کەمتر لە نیوەی ئەم کەسانە پەنایان بۆ هاوکاری کەسانی پسپۆڕی دەرونیی بردووە.

تەنانەت بەر لە سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆڤید-19ش، ڕێژەی خۆکوشتن لە نێو کارمەندانی تەندروستی ئوسترالیا بە بەراورد لەگەڵ پیشکەکانی تردا زیاتربوو.

نوسەرانی توێژینەوەکە دەڵێت زۆربەی ئەوانەی وەڵامیان داوەتەوە باسیان لە ماندووبوونی دەروونی و فشارەکان کردووە. ئەوەی کە ڕوون نییە ئەوەیە کاریگەری ئەو فشارە دەرونیانە، کە ڕەنگە بوبێتنە هەڵەی زیاتری تەندروستی، چی بووە لەسەر چۆنیەتی چاودێری نەخۆشەکان.

جۆرجینا لۆنەرگان، پسپۆڕی پزیشکی ناوکی لە ویلایەتی ڤیکتۆریا بە دەزگای پەخشی ئوسترالی ڕاگەیاندووە لە کارەکەیدا لە ژێر فشارێکی بێئەندازەدا بووە. ئەو دەڵێت " پێم وابێت بۆ هەموو ئەوانەی کە لە بواری خزمەتگوزاری تەندروستی کاردەکەن فشارێکی زۆری کارهەیە، بەتایبەتی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئەو فشارانە زۆر زیاتریش بوون. هەندێک ڕۆژ هەر ناتەوێت کاربکەیت. ڕۆژی وەها هەبوو کە خەریکبوو دەگریام بەهۆی فشارەکانەوە و لەهەموو شتێک وەرزدەبووم."

ئەم توێژینەوەیە ڕۆژی چوارشەممە گۆڤاری تەندروستی دەرونی ئوسترالیا و نیوزیلاند بڵاوکرایەوە.

زۆربەی بەشەکانی ئوسترالیا بەردەوامە لە شەڕی دژ بە شەپۆلی جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسەکە. داتاکانی حکومەت دەریخستووە کە زیاتر لە 3500 کەس بەهۆی ڤایرۆسەکە لە نەخۆشخانەکاندان. لەوەتای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە 2 ملیۆن و 4 سەد هەزار کەس لەو وڵاتە توشی ڤایرۆسەکە بوون و هەزاران کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

XS
SM
MD
LG