Accessibility links

لیژنەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتی کۆتایی سەبارەت بە قەرەبووکردنەوەی کوەیت لەلایەن عێڕاقەوە پێشکەش دەکات


لیژنەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بۆ وەرگرتنی قەرەبووەکانی داگیرکردنی کوەیت لەلایەن عێراقەوە پێکهاتبوو، ڕۆژی چوارشەممە دوای ئەوەی بڕی 52.4 ملیار دۆلاری پێشکەشی ئەو وڵاتە بچووکەی کەنداو کرد، ڕاپۆرتی کۆتایی خۆی سەبارەت بەو پرسە لە ژنێڤ پێشکەش کرد.

ئەو لیژنەیەی کە لە ساڵی 1991 بە بڕیاری 692ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەڕێوەبردنی قەرەبووی قەرزەکانی کوەیت لە عێراق پێکهاتبوو، پارەی قەرەبووکردنەوەکەی لە ڕێگەی دانانی باجی 5% لە فرۆشتنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی دیکە کۆکردبووەوە.

سەدام حوسێن، حەوت مانگ پێش ئەوەی ‌هێزەکانی لەلایەن ‌هێزەکانی هاوپەیمانی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە کویت دەربکرێن، لە 2ی مانگی 8ی ساڵی 1990دا، فەرمانی بە هێزی عێراق دابوو کە کوەیت داگیربکەن و دەست بەسەر ئەو وڵاتەدا بگرن کە ئەو بە "نوزدەهەمین پارێزگای عێراق"ی ناو دەبرد.

وەرگرانی قەرەبووی ئەو شەڕە، بریتین لە کەسی تایبەت و کۆمپانیا و ڕێکخراوە حکومییەکان و گرووپەکانی تر کە لە ئەنجامی ڕاستەوخۆی هێرش و داگیرکردنی کوەیت لە لایەن عێراقەوە زیانیان بەرکەوتووە.

نزیکەی 2.7 ملیۆن داواکاری قەرەبووکردنەوە لەماوەی تەمەنی 30 ساڵەی لیژنەکەدا پێشکەشکراون کە بڕی 52.4 ملیار دۆلار لەو 352 ملیار دۆلارەی داواکراوە، تا ئیستا پێشکەشی ئەو وڵاتە کراوە.

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتەی کە ڕۆژی چوارشەممە بە شێوەیەکی فەرمی لە ژنێڤ ڕاگەیەندراوە، دواین پارەدان لە 13ی مانگی یەکدا بە بڕی630 ملیۆن دۆلار بووە کە دراوە بەوانەی زیانیان بەرکەوتووە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە "هەرچەندە لەوانەیە ماوەی قەرەبووکردنەوەکە زۆر درێژبووبێت، بەڵام گرنگە تێبینی ئەوە بکەین کە چارەسەرکردنی نزیکەی 2.7 ملیۆن داواکاری قەرەبووکردنەوە بە بەهای 352 ملیار دۆلار لەو ماوەیەدا، لە مێژووی چارەسەرکردنی سكاڵا نێودەوڵەتییەکاندا بێوێنە بووە."

ڕاپۆرتەکە دەشڵێت "ئەم دەستکەوتە جێگای سەرنجە و یارمەتیدەر بووە لە ئاشتەوایی دوای شەڕ و هەروەها بەها و گرنگی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەردەخات."

XS
SM
MD
LG