Accessibility links

کرملن ڕەتیدەکاتەوە پوتن بە ماکرۆنی وتبێت هیچ مانۆرێکی لەشکری نوێ لە نزیک ئۆکرانیا ئەنجام نادات 


کرملن ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند ئەو هەواڵەی کە دەڵێت سەرۆکی روسیا ڤلادیمێر پوتن بەڵێنی بە ئیمانوێل ماکرۆن داوە کە مۆسکۆ لە ئێستادا هیچ مانۆرێکی سەربازی نوێ لە دەوروبەری ئۆکرانیا ئەنجام نادات؛ ڕاست نییە.

کاربەدەستێکی فەرەنسی ڕایگەیاندبوو کە ئێوارەی دووشەممە لە کاتی وتووێژە درێژەخایەنەکەدا لە مۆسکۆ پوتن ئەو بەڵێنەی داوە بە ماکرۆن.

وتەبێژی کرملن دیمیتری پێسکۆڤ دەڵێت ڕووسیا و فەڕەنسا هێشتا نەیانتوانیوە بگەنە ڕێکەوتنێک لەسەر هێورکردنەوەی گرژییەکانی سەر ئۆکرانیا، بەڵام گوتیشی کە ڕاگرتنی تاوسەندنی بارگرژییەکان پێویستە و کۆبوونەوەکەش کارئاسانی بنەڕەتی زیاتری دابینکردوە سەبارەت بە بەرەو پێشچونی بارودۆخەکە.

بەپێی وتەکانی ئەو بەرپرسە فەرەنسیە، پوتن ڕازیبووە بە کشانەوەی ئەو سەربازانەی کە بەشداری مەشقە سەربازییەکان دەکەن لەسەر خاکی بێلاروس لەنزیک سنووری ئۆکرانیا دوابەدوای مانۆرە لەشکرییەکان لە 20 ی مانگی 2دا.

پێسکۆڤ بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ کاتێکی دیاری کراو بکات ڕایشیگەیاندووە، هێزە لەشکرییەکانی دوابەدوای مەشقە سەربازییەکان دەگەڕێنەوە بۆ بنکەکانیان لە ڕووسیا، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە هیچ کەسێک نەیوتووە سەربازەکان لە بێلاڕوس دەمێننەوە.

XS
SM
MD
LG