Accessibility links

پـسپۆڕێکی یاسای دەستوری: ئەگەر لە عێراق بە ڕێگەچارەیەک بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار نەگەن ئەگەری هەیە پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە


د. خامۆش عومەر عەبدوڵا دەڵێت ئەگەر هیچ ڕێگەچارەیەک بۆ کێشەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار نەدۆزرێتەوە، ئەوا بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی سەرۆک وەزیریش هەڵنابژێردرێت و پرۆسەی سیاسی پەکی دەکەوێت، ئەم حاڵەتەش لە تورکیا ڕووی دا و ناچار دووبارە هەڵبژاردنیان کردەوە.


د. خامۆش عومەر عەبدوڵا پسپۆڕی یاسای دەستوری لەم وتووێژەی دەنگی ئەمەریکا باس لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دەکات ، وە هەروەها وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە لە ڕووی دەستورییەوە عێراق دەکەوێتە بۆشایی دەستوریەوە دوای 9 ی مانگەوە.



" بە شێوەیەکی کاتییە بە شێوەیەک نییە بە تەواوەتی دوورخرابێتەوه"


لە سەرەتای وتووێژەکەی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا، د. خامۆش عومەر پسپۆڕی بواری یاسای دەستوری سەبارەت بە بڕیارەکەی دوێنێی دادگای فیدراڵی دەربارەی ڕاگرتنی ‌کاتی پرۆسەی خۆکاندیدکردنی کاندیدەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بوەستێنێت، ئایا لە ڕووی یاساییەوە مانای بێبەشکردنی ئەو کاندیدەیە بۆ هەتاهەتایە یاخود لە ڕووە یاساییەکەوە چۆنە؟

د.خامۆش عومەر عەبدوڵا پسپۆڕی یاسای دەستوری
د.خامۆش عومەر عەبدوڵا پسپۆڕی یاسای دەستوری

لە وەڵامدا د. خامۆش عومەر وتی" لە ڕاستیدا ئەو بڕیارەی کە دەرچوو بڕیارێکە تایبەت بە فەرمانی وەلائی لە یاسای مورافەعاتی شارستانی ئاماژەی پێداوە لە ماددە 151 هەتا 153 بە درێژی باسی ئەو بابەتە دەکات ئەوە تەنها پەیوەندی بەو بابەتانەوە هەیە کە پێیان دەوترێت سیفەتی ئیستعجالی هەیە، واتە دەبێت بابەتەکە یەکلایی بکرێتەوە ئینجا بچنە سەر کەیسە گشتیەکەی کە لەبەردەم دادگادایە، ئەمە یەکەمجار نییە دادگای فیدراڵی باڵا بڕیاری لەو شێوەیە دەردەکات، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو فەرمانی وەلائی دەرکرد تایبەت بە دانیشتەکەی پەرلەمان، لە ڕاستید فەرمانی وەلائی ئەمە تەنها بابەتێکە پەیوەستە بە سیفەتی ئیستعجال پەیوەندی بەوەوە هەیە دەبێت ئەو کەیسەی لە بەردەم دادگادایە یەکلایی بکرێتەوە ئینجا بابەتی پەیوەندیدار بە کەیسەکە بێتەوە بەردەم دادگا، واتە ئەوەی ئێستا پەیوەندی بە کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار هەیە یەکێکە لەو بابەتانەی ئێستا مشتومڕی لەسەرە مەسەلەی یەکێک لە مەرجەکانی تایبەت بە کاندیدبوونی تێدا نییە بۆیە دەبێت ئەم پرسە یەکلایی بکرێتەوە ئینجا بچنەوە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی کۆمار، ئەمە بە شێوەیەکی کاتییە بە شێوەیەک نییە بە تەواوەتی دوورخرابێتەوە تا ئەوکاتەی بڕیاری یەکلایی کەرەوە لەلایەن دادگاوە دەردەچێت واتە خودی بڕیارەکەش ئاماژەی بەوە داوە وەکو چۆن پێشتریش بڕیارێکی لەو شێوەیەی دەرکردبوو تایبەت بە دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان بەڵام ئەمە ڕەنگە لێکەوتەی خۆی هەبێت لە ڕووی یاساییەوە کە خۆی لەوە دەبینێتەوە ڕەنگە کاریگەری لەسەر ئەو ماوە کاتیـیانە هەبێت کە لە ناو خودی دەستور دیاریکراوە بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی کۆمار و دیاریکردنی کاندیدی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ئەگەرچی لە ڕابردوودا تایبەت بە دانیشتی پەرلەمان ناوەندی ڕاگەیاندنی دادگای فیدڕاڵی باڵا بڵاوکراوەیەکی بڵاوکردەوە ئاماژەی بەوەدا بوو فەرمانی وەلائی کاریگەری نابێت لەسەر ڕێوشوێنەکانی دیاریکردنی پۆستەکان بەڵام لەڕاستیدا ئەم ڕوونکردنەوەیە تاڕادەیەکی زۆر ڕەنگە لە ڕووی یاساییەوە مشتومڕی زۆر هەڵبگرێت و ڕەنگە ئەمە ببێتە هۆکاری ئەوەی کاریگەری هەبێت لەسەر ماوە کاتیەکان کە لەخودی دەستور دیاریکراوە بۆ بەڕێوەچوونی دیاریکردنی کاندیدەکان و هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆکی کۆمار و ئەو شایستە دەستوریانەی کە لەدوای ئەوە دێت. "




" چارەنوسی عێراق لە ڕووی دەستورییەوە لە دوای 9 ی مانگەوە ئایا دەکەوێتە بۆشایی دەستورییەوە"

دەربارەی ماوە یاساییەکە، کە ماوەی یەک مانگ دانراوە بەپێی یاسا کە دەبێت لە ماوەی یەک مانگدا سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت دوای کۆبوونەوەی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێی، 9ی مانگ ئەم ماوە یاساییە تەواو دەبێت چارەنوسی عێراق چی دەبێت ئایا عێراق دەکەوێتە بۆشایی دەستورییەوە کە زۆر باس لەم دەستەواژەیە دەکرێت؟

لە وەڵامدا د. خامۆش عومەر وتی" لە ڕاستیدا یەکەم دانیشتنی پەرلەمان لە 9-1 ئەنجامدارا بوو، بۆیە 9-2 دەبێتە مانگێک بۆیە 7ی مانگ دیاریکرا بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەشێوەیەکی ڕێکوپێک بەڕێوەبچێت و پێش 9ی مانگ نەچینە ناو مشتومڕێکی دەستورییەوە یاخود جۆرێک لە بۆشایی وەکو ئەوەی باسی لێوە دەکرێت ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ دەستوری عێراقی ماددەی 72 لە بڕگەی 2 بڕگە ئەلف لە مەسەلەی ویلایەتی سەرۆکی کۆمار دەکات کە دەڵێت ویلایەتی سەرۆکی کۆمار لەگەڵ کۆتایی هاتنی خولی ئەنجومەنی نوێنەران کۆتایی دێت، وە خولی ئەنجومەنی نوێنەرانیش کۆتایی پێهاتووە بەڵام هەر لەو ماددەیە ئاماژە بەوە دەکات کە لە پۆستەکەی بەردەوام دەبێت هەتا هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی نوێ لە ماوەی 30 ڕۆژدا لە یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران، بە ڕاستی کێشەیەکی گەورەمان هەیە ئێستا لە عێراق بەو پێیەی بە گوێرەی دەستور دەبوو لە ماددەی 75 ئاماژە بەوە درابوو کە سەرۆکی کۆمار جێگری دەبێت، وە جێگەی سەرۆک کۆمار دەگرێتەوە لە حاڵەتی چۆڵبوونی پۆستەکەی بۆ ماوەی 30 ڕۆژ لە ڕاستیدا ئەمەش کێشەی دروستکردووە چونکە لە ئێستا جێگر نەماوە بە گوێرەی بڕیاری ژمارە 307ی ساڵی 2015ی ئەنجومەنی وەزیران کە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەند کراوە، ئەو پۆستە نەهێڵدراوە ئەگەرچی ئەمە بە یاسایەک ڕێکخرابوو کە یاسای ژمارە 1 ی ساڵی 2011 بۆیە دادگای فیدراڵی باڵا لە ساڵی 2015 بڕیارەکەی هەڵوەشاندۆتەوە بەڵام لە ئێستادا لە ڕووی واقیعیەوە سەرۆکی کۆمار جێگری نییە، قسە لەسەر سەرۆکی کۆمارە واتە تەنها خودی سەرۆکی کۆمار بڕگە 4 لە ماددە 75ی دەستور دەڵێت لە حاڵەتی چۆڵبوونی پۆستی سەرۆکی کۆمار جێگری سەرۆک کۆمار جێگەی دەگرێتەوە بەڵام وەکو وتم جێگری سەرۆکی کۆمار ئێستا بوونی نییە ئینجا لە حاڵەتی ئەمە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران جێگەی دەگرێتەوە ئەگەر جێگری نەبوو، کە ڕەنگە ئەوەش پێویست بە شیکردنەوەیەکی دەستوری بکات. "



پرسیار، دۆخی عێراق لە ڕووی یاساییەوە چی لێدێت، ئایا عێراق دەکەوێتە بۆشایی دەستورییەوە دوای 9ی مانگ؟

د. خامۆش بەم جۆرە وەڵامی ئەو پرسیارەی دایەوە و وتی " نەک بۆشایی دەستوری بەڵکو دەکەوێتە جۆرێک لە پێشێلکاری دەقە دەستورییەکان. وەکو وتم ئەو دەقە دەستوریانە لە عێراق ماوە زەمەنی- کاتیەکانی دیاریکردووە ئێستا ئەو سەقفە کاتیـیانەی کە دیاریکراون لەلایەن دەسەڵاتی سیاسیەوە دەبەزێنرێت واتە دەسەڵاتی سیاسی پێوەی پابەند نابێت ئەمەش ڕەنگە جۆرێک لەوە دەبێت کە پرۆسەی سیاسی لە عێراق بکەوێتە جۆرێک لە لە کارکەوتنەوە بە شێوەیەک لە شێوەکان کە نەتوانرێت ئەو بەستەڵەکە بشکێنرێت کە ئێستا دۆخی سیاسی عێراقی تێی کەوتووە ئەگەر بەو ئاڕاستەیەش بڕوات بە دڵنیاییەوە ئەگەر لایەنەکان جۆرێک لە سازش بۆ یەکتری نەکەن ئەوە ڕەنگە لە سیستەمێکی دیموکراتی بووینایە دەمانتوانی بڵێن دووبارە چوینە ناو جۆرێک لە هەڵبژاردنەوە بۆئەوەی بگەینە دۆخێک کە عێراق بەرەو کەنارێکی ئارام ببات."



" ئایا پەرلەمان دەتوانێت خۆی هەڵبوەشێنێتەوە؟"

هەندێک پێیان وایە بەو پێیەی دەستوری عێراقی دیاریکردووە لە حاڵەتی هەڵنەبژاردنی سەرۆکی کۆمار ئەم پێشێلکاری دەستوریەوە پەرلەمان دەتوانێت خۆی هەڵبەوەشێنێتەوە بە ڕای بەڕێزتان ئەو ڕێژەیە پێکدێت لە پەرلەمانی عێراقی کە بتوانێت خۆی هەڵبوەشێنێتەوە 2/3؟

لە وەڵامدا د. خامۆش عومەر دەڵێت" وەکو ئاماژەم پێ دا ئەمە یەکێکە لە چارەسەرەکان ئەمە لە حاڵەتێکدا ئەگەر هیچ ڕێگەچارەیەکی ئەوتۆ نەدۆزرایەوە بەو پێیەی ئێستا بەشێک لە لایەنە سیاسیەکان پێشتر ئاماژەیان بەوە دابوو کە بایکۆتی ئەو دانیشتنە دەکەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی کۆمار بە شێوەیەک لە شێوەکان کە دەبێتە هۆی ئەوەی نەتوانرێت سەرۆکی کۆمار هەڵبژێردێت بەو پێیەی دادگای فیدراڵی باڵا لەو ڕۆژانە بڕیاری ئەوەیدا کە مەسەلەی دیاریکردنی 2/3 پێویستی بە ڕێژەی 2/3 ی کۆی ئەندامان هەیە کە ئەمەش دەبێتەهۆی ئەوەی لایەنەکان تەنانەت لایەنی زۆرینەش نەتوانێت ئەو ڕێژەیە کۆبکاتەوە و بەمەش پەرلەمان نەتوانێت سەرۆکی کۆمار هەڵبژێرێت ڕاستە ئەوان دەتوانن دانیشتنەکە هەڵبگرن بەو پێیەی %50 +1 ی بەدەستەوە دەبێت بەڵام بە حوکمی ئەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی کۆمار لێکەوتەکانی تری بە دواوە دێت وەکو ئەوەی سەرۆکی کۆمار دوای ئەوەی هەڵدەبژێردێت ئینجا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ڕادەسپێرێت بە پێکهێنانی حکومەت کەواتە ئەگەر سەرۆکی کۆمار هەڵنەبژێردرا بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانیش هەڵنابژێردرێت بەو پێیەش پرۆسەی سیاسی دەکەوێتە دۆخێکەوە کە پرۆسەکە پەکدەخات بە شێوەیەک لە شێوەکان هیچ جۆرە جوڵەیەکی تێدا نابێت وەکو وتم ڕەنگە ئەمە یەکێک لە بژاردەکان بێت کە ئەگەر لایەنەکان سازش بۆ یەکتری نەکەن ناچاردەبن دووبارە جۆرێک لە هەڵبژاردن بکەنەوە ئەو حاڵەتەش لە بەشێک لە سیستەمە سیاسیەکان ڕوویداوە کە لایەنەکان نەیانتوانیووە زۆرینە پێکبهێنن و پرۆسە سیاسیەکە بەرەو پێش ببەن هەر وەکو بینیمان لە تورکیاش ئەم حاڵەتە ڕووی دا سەرەڕای ئەوەی هەڵبژاردن کرابوو بەڵام لایەنەکان نەیانتوانی ئەو زۆرینەیە بەدەسست بهێنن و حکوم بکەن ناچار دووبارە هەڵبژاردن ئەنجامدرایەوە و جۆرێک لە پرۆسە سیاسیەکە چووە پێشەوە. "

ئایا لە عێراق ئەمە ڕوودەدات؟

د. خامۆش وتی" ئەمە ئەگەرێکە و گریمانێکە و ئەگەری ڕوودانی زۆرە وەکو ئاماژەم پێدا لە دۆخێکدا ئەگەر لایەنە سیاسیەکان نەگەنە ڕێکەوتن و جۆرێک لە سازشکردن بۆ یەکتری ئەنجام نەدەن. "



" پەیوەندی نێوان سەرۆک کۆماری ئێستا و پەرلەمانی نوێی عێراق؟"

پرسیار: ئەگەر ڕۆژی 9ی مانگیش سەرۆک کۆمار هەڵنەبژێردرا پەیوەندی ئەم سەرۆک کۆمارەی ئێستا و ئەم پەرلەمانە لە ڕووی یاساییەوە چی دەبێت لە کاتێکدا ئەم پەرلەمانەی ئێستا خولی نوێیە و سەرۆک کۆماری هەڵنەبژاردووە؟

د. خامۆش لە وەڵامدا دەڵێت" لە ڕاستیدا ئەمە دۆخێکی زۆر خراپە بە حوکمی ئەوەی دیسان ئێمە کێشە و گرفتی ئەوەمان دەبێت ئەم پەرلەمانە ناتوانێت کۆبوونەوە بکات و ناتوانێت کاروبارەکانی خۆی بە تەواوەتی بەڕێوەوەببات لە کارە سەرەکیەکانی مەسەلەی دەرکردنی یاسا و چاودێریکردنی کاروبارەکانی حکومەتە ئەو حکومەتەی کە لە ئێستادا هەیە بە هەمان شێوە پەرلەمان متمانەی پێ نەبەخشیووە، سەرۆکی کۆمار متمانەی پێ نەبەخشێنراوە و هەڵنەبژێردراوە کەواتە بەرپرسیارێتی ئەو پەرلەمانە دەبێت کە هەڵیبژاردووە، وە حکومەتێکی کاربەڕێکەریش هەیە ناتوانێت هەموو کاروبارێک بەڕێوەببات تەنها کاروباری ڕۆژانەی خەڵک بەڕێوە دەبات کەواتە لەو دۆخەدا ئێمە جۆرێک لە ئاڵۆزیمان دەبێت لە پەیوەندی نێوان سەرۆکی کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ خودی پەرلەمان، بەو پێیەی ئەمانە دەبێت بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی لەگەڵ دانیشتی پەرلەمان دەست بە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی کۆمار بکرێت و دەست بە دەستنیشانکردنی کاندیدی ڕاسپێراوی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت کە بەداخەوە ئەمەش نەکراوە، کەواتە پرۆسە سیاسیەکە وەکو ئاماژەم پێ دا بە کۆی گشتیەوە دەچێتە ناو دۆخێکی بەرکەوتەیی بە جۆرێک لە جۆرەکان بە تەواوەتی پرۆسەی سیاسی یاخود جوڵەی سیاسی لە عێراق پەکی دەکەوێت و بەو شێوەیە دەمێنێتەوە کە ئێستا تێدایە. "


لە ڕووی یاساییەوە ئەم کاندیدەی ئێستا ئیجرائاتی خۆکاندیدکردنەکەی وەستاوە، ئەگەر پەرلەمان سەرۆک کۆماری هەڵبژارد دەتوانێت تانە بدات لەو هەڵبژاردنە و بڵێت بە شێوەیەکی کاتی ئیجرائەتەکان ڕاگیرابوو؟

د. خامۆش وتی" نەخێر پرۆسەکە بە تەواوەتی ڕادەگیرێت هەتا پرۆسەی کاندیدبوونەکەی یەکلایی دەکرێتەوە. "


کەواتە کۆی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دوادەکەوێت ؟

"بەڵێ دەبێت پرۆسەکە دوابخرێت هەتا ئەو کاتەی کەیسەکەی یەکلایی دەکرێتەوە، واتە نابێت پرۆسەکە بەڕێوەبچێت هەر وەکو وتم ئەمە کاریگەری دەبێت لەسەر ماوە کاتییەکان ئەگەر ناوەندی ڕاگەیاندنی دادگای فیدراڵی باڵا دەربارەی یەکەم دانیشتنیان بە هەمان شێوە بڕیارێکیان دەرکرد تایبەت بە فەرمانی وەلائی ئاماژەیان بەوەدا بوو لەوەی کە پرۆسەکە دەوەستێت کە هەموو لێکدانەوە دەستورییەکان ئەو کاتە بۆ ئەوە بوو ماوە زەمەنی- کاتیەکانیش دەوەستێت، ماوە کاتیە دەستورییەکان بەڵام ناوەندی ڕاگەیاندنیان بڵاوکراوەیەکیان بڵاوکردەوە کە ئاماژەیان پێدابوو ئەمە کاریگەری نابێت لە ڕاستیدا کاریگەری دەبێت لەسەر ماوە کاتییەکان چونکە پرۆسەکە ڕادەگیرێت واتە کاریگەری دەبێت لەو ماوە کاتیەی کە بۆی دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی کۆمار و ئەوانی تری کە بەدوایدا دێن. "

هەتا ئەگەر نیسابی یاسایی دانیشتنەکەش تەواو بێت پەرلەمان ناتوانێت سەرۆک کۆمار هەڵبژێرێت هەتا دۆسیەی ئەم کاندیدە یەکلایی نەکرێتەوە؟


د. خامۆش لە وەڵامدا وتی" وەکو وتم ئەمە سیفەتی ئیستعجالی هەیە واتە دەبێت ئەو کەیسە بە زوویی یەکلایی بکاتەوە بۆ ئەوەی پرۆسەکە پەکی نەکەوێت واتە هەر کاتێک ئەو کەییسە یەکلایی کرایەوە لە چەند ڕۆژی داهاتوو جا بەوە بێت کە ڕێگەی پێ بدات یاخود بەوە بێت کە ڕێگەی پێ نەدات تەنانەت یاخود بڵێت ئەمە لە تایبەتمەندی ئێمەش نییە لەو هەموو حاڵەتانە و لەو هەموو گریمانانە دەبێت چاوەڕێی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی باڵا بکەین بۆ ئەوەی کەیسەکە بە تەواوەتی یەکلایی بکاتەوە و ئینجا پرۆسەکە بەڕێوەبچێت بۆ هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆکی کۆمار چونکە ناکرێت پۆستی سەرۆکی کۆمار دیاری بکرێت و کاندیدەکان بچنە ناو کێبرکێەوە بەڵام هێشتا کەیسێک هەبێت کە تایبەت بێت بە یەکێک لە کاندیدەکان و یەکلایی نەکرابێتەوە لە کاتێکدا فەرمانی وەلائی پێی دەرچووبێت کە بۆ ماوەیەکی کاتی و کورتە کە سیفەتی ئیستعجالی تێدایە و دەبێت کەیسەکە یەکلایی بکرێتەوە و ئینجا پرۆسەکە دەچێتە پێشەوە. "



" سێ گریمانە بۆ کەیسی کاندیدەکەی پارتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق"

"ئەگەر بگەڕینەوە بۆ نێو ئەو تایبەتکاریانە هیچ بڕگەیەک نادۆزینەوە کە تایبەت بێت بە ئیختصاص- تایبەتمەندی ئەو دادگایە بۆ ئەو کەیسە"

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا وەکو شارەزایەکی دەستوریی ئەم کەیسەی (کاندیدەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان) لە (ئختیصاص) تایبەتمەندی دادگای فیدڕاڵیە بەپێی دەستور؟

د. خامۆش عومەر دەڵێت" لە ڕاستیدا هەموو گریمانەکان لە ئارادان، سێ گریمانە لە بەردەم دادگای فیدڕاڵی باڵادایە ئایا لە بەرژەوەندی کاندیدەکە یەکلایی دەکاتەوە یاخود لە بەرژەوەند ئەو لایەنانەی کە داوایانکردووە یان ئەوەتا دەبێتە هۆی ئەوەی بڵێت ئەمە لە (تایبەتمەند- ئیختصاص) ی ئێمەدا نییە چونکە ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ ئەو یاسایەی کە تایبەتە بە هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆکی کۆمار یاخود (ئەحکامی ترشیح)- پاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆکی کۆمار لەو یاسایەی ژمارە 8ی ساڵی 2012 ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو کەسانەی خۆیان کاندید دەکەن و مەلەفەکانیان پێشکەش بە ئەنجومەنی نوێنەران دەکەن، ئەنجومەنی نوێنەران لایەنی تایبەتمەندە بە یەکلاییکردنەوەی کەسەکان و دیاریکردنی ئەو کەسانەی کە مەرجەکانی خۆ پاڵاوتنیان تێدایە، ئەنجومەنی نوێنەران ناوی کۆمەڵێک کەسی ڕاگەیاندبوو کە مەرجەکانی خۆ کاندیدکردنیان بۆ پۆستی سەرۆکی کۆمار لە حاڵەتێکدا دەڵێت ئەگەر یەکێک لەوانە ناوی لەو ڕاگەیەنراوە نەبوو کە ئەنجومەنی نوێنەران ڕایدەگەیەنێت واتە بۆنمونە ئەنجومەنی نوێنەران وتی یەکێک لەو کاندیدانە یەکێک لە مەرجەکانی تێدا نییە ئەو کاتە ئەو کاندیدە ئەوەی خۆی پاڵاوتووە و مەلەفی خۆی پێشکەش کردووە دەتوانێت بچێتە دادگای فیدڕاڵی باڵا داوایەک بەرز بکاتەوە واتە لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئەنجومەنی نوێنەران ڕاینەگەیاندبوو ئینجا پەنا بۆ دادگای فیدراڵی باڵا دەبات بۆ ئەوەی کەیسەکەی یەکلایی بکاتەوە بەڵام ئەگەر بگەڕێنەوە نێو دەقەکانی دەستوری عێراقی و یاسای دادگای فیدڕاڵی باڵا لە ڕاستیدا هیچ دەقێکی تێدا نییە نە لە دەستورەکە و نە لە دەقی یاساکەش ئاماژە بە مەسەلەی یەکلاییکردنەوەی ئەو کەیسانە بکات کە پەیوەندیدارن بە مەسەلەی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی کاندیدەکانی پۆستی سەرۆکی کۆمار ئەمەش لە ماددە 92ی دەستوری عێراقی تەواوی تایبەتمەندییەکانی – (ئیختصاص) ی دادگای فیدڕاڵی باڵای دیاریکردووە بەڵام ئەگەر بگەڕینەوە بۆ نێو ئەو تایبەتکاریـیانە هیچ بڕگەیەک نادۆزینەوە کە تایبەت بێت بە ئیختصاص- تایبەتمەندی ئەو دادگایە بۆ ئەو کەیسە. "

دەشڵێت "ڕەنگە بەهۆی ڕواڵەتی ڕەتی بکاتەوە، بەتایبەتیش بە وردی ڕوون نەکراوەتەوە کە ئاخۆ داوای شیکردنەوەی دەقێکی دەستور دەکەن یاخود نا؟ لەوانەش دەقەکە شیبکەنەوە، چونکە داوای ئەوە دەکەن کە کاندیدی ناوبراو مەرجی تایبەت بە(حسن السمعة و الاستقامة) کە لە ماددە (٦٨) دەستور هاتووەی تیادا نیە، بەمەش دەبێت دادگا ئەو بڕگەیە شیبکاتەوە کە ئاخۆ لێسەندنەوەکەی متمانە لە کاندیدی ناوبراو لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەران (حسن السمعة و الاستقامة) دەگرێتەوە؟ هەموو ئەگەرەکان کراوەن، ئەستەمە بە ئاسانی بتوانین مەزەندەی چۆنیەتی دەرچوونی بڕیارەکە بکەین، بەتایبەتیش ئەو کەیسە کە ڕەهەندێکی سیاسی هەیە، دەبێ چاوەڕێ بکەین بزانین دادگا تا چ ڕادەیەک سەربەخۆیی خۆی دەپارێزێ."



"ئایا دەرچەی یاسایی هەیە بۆ پێشکەشکردنی کاندیدی نوێ ؟"

هەرچەندە لە ئێستادا باس لە گۆڕینی کاندیدەکە دەکرێت یان دۆزینەوەی دەرچەی یاسایی لە ڕووی دەستورییەوە بواری دەرچەی یاسایی هەیە کە کاندیدێکی نوێ پێشکەش بکرێت؟

لە وەڵامدا د. خامۆش عومەر وتی" لە ڕاستیدا ئەمە زۆر قورسە وەکو ئاماژەم پێ دا ئێمە یاسایەکمان هەیە تایبەت بەو بوارە یاساکە لە ساڵی 2012 دەرچووە و ماوە کاتییەکانی دیاریکردووە. "

د. خامۆش ڕوونیکردەوە" پەرلەمان دەتوانێت ئەم یاسایە هەموار بکات بۆ ئەوەی کە کاندیدێکی تر پێشکەش بکرێتەوە؟
ئێستا وەڵامەکەی قورسە لەبەر ئەوەی پرۆسەکە بەڕێوەچووە، وەکو وتمان ئێستا کێشەی ئەوەمان هەیە کە یاسایەکیش هەموار بکرێت پێویستی بەوە هەیە پەسەندکردن دەبێت لەلایەن سەرۆکی کۆمارەوە، ئێستا پۆستی سەرۆکی کۆمار کێشە و گرفتی تێدایە لە ڕووی دەستورییەوە بە گوێرەی دەستور بێت ویلایەتەکەی کۆتایی پێ هاتووە ئایا دەتوانێت یاساکان پەسەند بکات؟ لە کاتێکدا هێشتا سەرۆکی کۆمار هەڵنەبژێردراوە، ئەمە یەکێکە لە پرسیارە جەوهەرییەکان کە ڕەنگە زۆر قورس و لە ڕووی دەستوریەوە مەحاڵیشە، بۆیە بۆ گۆڕینی کاندید قورسە مەگەر لە حاڵەتێکدا بچینە پرۆسەیەکی سیاسی نوێ و سەرلەبەری ئەو هەڵبژاردنەی کە کراوە گۆڕانکاری بەسەردا بێت، سەر لەنوێ هەڵبژاردنێکی نوێ ئەنجام بدرێتەوە بەڵام لە دۆخی ئێستادا مادام پرۆسەکە بەڕێوەچووە ئەمە قورسە مەگەر جۆرێک لە تەجاوز بکرێت لەسەر یاساکان و خودی دەستوری عێراقی. "

please wait

No media source currently available

0:00 0:17:40 0:00

XS
SM
MD
LG