Accessibility links

ڕووسیا ژمارەی پێوانەیی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆماردەکات


ژمارەی توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جۆری ئۆمیکرۆن گەیشتە زیاتر لە 180 هەزار کەس لە رۆژێکدا لە ڕووسیا، ئەمەش 10 هێندە زیاترە بەبەراورد بە مانگێک پێش ئێستا.

ئەم ژمارانە فەرمین و حکومەتی ڕووسیا رۆژی یەکشەممە بڵاویکردنەوە. ناوەڕاستی مانگی رابردوو رۆژانە تەنیا 17 هەزار کەس تووش دەبوون.

هەرچەندە ژمارەی توشبووان زیادیکردووە، داتاکان نیشانی دەدەن کە رێژەی مردن لە کەمبوونەوەدایە، ئەمەش چونکە پسپۆڕان دەڵێن ئەم جۆرەی ڤایرۆسەکە هێندەی جۆرەکانی پێشوو وەکو دەلتا کاریگەری خراپی نییە. لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا تەنیا 661 کەس گیانیان لە دەستداوە، ئەم رێژەیە مانگێک پێش ئێستا 796 کەس بوو لە رۆژێکدا.

لەوەتەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بڵاوبووەتەوە، زیاتر لە 12 ملیۆن ڕووسی توشی کۆڕۆنا بوون و زیاتر لە 335 هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

بەرپرسانی ڕووسیا دژی بیرۆکەی داخستنی بازاڕ و سنووردارکردنی هاتووچۆی خەڵک بوون سەرەڕای زیادبوونی مەترسییەکان.

یاساکانی ئێستا دەڵێن کە خەڵکی توشبوو دەبێت حەفتەیەک خۆی کەرەنتینە بکات. ساڵی ٢٠٢٠، ڕووسیا تەنیا یەکجار و بۆماوەی شەش هەفتە هاتووچۆی سنووردارکرد و هەروەها مانگی دەی ساڵی پار بۆ ماوەی یەک هەفتە ناچارکران فەرمانگەکان و کارەکان دابخرێن.

بەڵام جگە لەوە، لە زۆربەی وڵاتدا ژیان ئاسایی بووە و تەنانەت ماسک پۆشینیش بە دەگمەن جێبەجێ دەکرێت.

XS
SM
MD
LG