Accessibility links

گۆتیرێس داوا لە چین دەکات ڕێگە بدەن نێردەی مافەکانی مرۆڤ سەردانیان بکات


ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان ڕایگەیاند کە ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی شەممە داوای لە ڕێبەرانی چین کردووە ڕێگە بە سەرۆکی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان میشیل باچلێ بدەن بۆ ئەوەی "سەردانێکی باوەڕپێکراو" بۆ ئەو وڵاتە ئەنجام بدات، کە شینگیانگیش بگرێتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتوەکان، گۆتیرێس لە پەراوێزی ئۆڵمپیادی زستانە لەگەڵ سەرۆکی چین شی جینپینگ و وەزیری دەرەوە ، وانگ یی کۆبووەتەوە.

باچلێ لە مێژە بەدوای ئەوەدایە کە سەردانی شینگیانگ بکات بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەی دۆخ و ڕەوشی ئۆیغوورەکان لە چین کە دەوترێت ڕووبەڕووی جیاوازی و پێشێلکاری دەبنەوە لەو وڵاتەدا.

مەسەلەی پێشێلکاری مافەکانی ئۆیغوورەکان لە لایەن چینەوە بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان پەکین و رۆژئاوا، و وایکردوە کە واشنتون تۆمەتی جینۆساید ڕووبەڕووی ئەو وڵاتە بکاتەوە، و هەروەها بووەتە هۆی بایکۆتی دیپلۆماسی هەندێک لە وڵاتان بە رێبەرایەتی ئەمەریکا لە ئۆڵمپیادی زستانەدا.

ئۆفیسی باچلێ لە جنێف مانگی ڕابردوو ڕایگەیاند کە خەریکی گفتوگۆکردنن بۆ ئەگەری گەشتێکی گونجاو بۆ باکوری ڕۆژئاوای چین لە نیوەی یەکەمی ساڵدا.

گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ چین تاوانبار دەکەن بە پێشێلکاریی بەرفراوان لە دژی ئۆیغوورەکان و گرووپە کەمایەتییەکانی تر لەوانە ئەشکەنجەدانیان و کاری زۆرەملێ و دەستبەسەرکردنی 1 ملیۆن کەس لە ئۆردوگاکانی کاردا.

چین ئەو کارانە بە دووبارە پەروەردەکردن و ڕاهێنانی ئۆیغوورەکان ناو دەبات، و نکۆڵی لە پێشێلکارییەکان دەکات و دەڵێت بەڕەنگاری توندڕەویی ئایینی دەبێتەوە.

گۆتیرێس هەروەها لە میانەی چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ شی و وانگ باسی لە ئەفغانستان و گۆڕانی کەش و هەوا کرد.

گۆتیرێس بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی کردنەوەی ئۆڵمپیکی زستانەدا ڕۆژی هەینی گەشتی بۆ پەکین کرد. مەراسیمەکە بە هەڵکردنی گڕی ئۆڵمپیک لە لایەن دوو گەنجی ئۆڵمپیکی چینییەوە کە یەکێکیان ئەندامی کەمینەی ئۆیغوورەکانی چین بوو، کۆتایی هات.

XS
SM
MD
LG