Accessibility links

دوو سەرۆکی ناوداری وڵاتانی ئەوروپا سەردانی مۆسکۆ و کەیڤ دەکەن بە مەبەستی هێورکردنەوەی گرژییەکان لەسەر سنووری ئۆکرانیا


دوو ڕێبەری ناوداری ئەوروپا بڕیارە لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا سەردانی ڕووسیا و ئۆکرانیا بکەن بە مەبەستی وتووێژکردن لەگەڵ هاوشانەکانیان سەبارەت بە ڕێوشوێنە دیپلۆماسییەکان بۆ هێورکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی لەسەر ئەگەری داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن مۆسکۆوە هاتووەتە ئاراوە.

سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن بڕیارە ڕۆژی دووشەممە بگاتە مۆسکۆ و ڕۆژی سیشەممەش لە کەیڤ بێت. هەفتەی دواتریش ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆلز بڕیارە لە 14 ی مانگی دوو بڕوات بۆ کەیڤ و ڕۆژێک پاشتر و لە 15 ی مانگ سەردانی مۆسکۆ بکات.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمس، لە کاتێکدا سوپای ڕووسیا لە سەر سنووری ئۆکرانیا ئامادەنین بۆ ئەنجامدانی داگیرکاری تەواوی ئۆکرانیا، بەشەکانی سوپاکە " وادیارە لە دوا قۆناغدان بۆ ئامادەکاری کردەی لەشکری کاتێک کرملن فەرمانیان پێبکات."

ڕۆژنامەی تایمز دەڵێت مۆسکۆ 10 هەزار سەربازی زیاتری ڕەوانەی هەرێمە کردووە جگە لەو هەزاران سەربازەی کە پێشتر لە ناوچەکە بڵاوی کردووەتەوە.

هاوکات کۆشکی سپی ڕۆژی هەینی کۆبونەوەی نێوان سەرۆکی چین شی جینپینگ و سەرۆکی ڕووسیا ڤلادمێر پوتنی ڕەتکردەوە کە تیایدا ئەو سەرۆکانە هاوپەیمانێتیەکی ستراتیژییان ئاشکرا کە لە دژی ئەمەریکا پێکهاتووە.

گوتەبێژی کۆشکی سپی جین ساکی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند " ئەوەی ئێمە کۆنترۆڵمان بەسەردا هەیە پەیوەندییەکانی خۆمانە و پاراستنی بەهاکانی خۆمانە لەگەڵ ئەوەی بەدوای ڕێگاکاندا دەگەڕێین بۆ کارکردن لەگەڵ وڵاتاندا تەنانەت لەوکاتەشدا کە ناکۆکیمان هەیە."

لە کۆبوونەوەکەدا شی ستایشی داواکارییەکانی پوتنی کرد بۆ کۆتاییهێنان بە فراوانکردنی هاوپەیمانێتی ناتۆ و وەرگرتنی متمانەی ئاسایشی لە ڕۆژئاوا، ئەو کێشانەی کە بوون بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووسیا لەگەڵ ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لەسەر ئۆکرانیا. هاوکات مۆسکۆش پشتیوانی لە هەڵوێستی بێژینگ کرد لەوەی کە تایوان بە بەشێکی جیانەبۆوە لە چین دەزانێت.

سەرۆکی ڕووسیا ڤلادمێر پوتن و سەرۆکی چین شی ژینپینگ
سەرۆکی ڕووسیا ڤلادمێر پوتن و سەرۆکی چین شی ژینپینگ

بە پێی کەناڵی تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی چین CCTV هەردوو سەرکردە لە میوانخانەی ناوچەی دیاویوتای بێژینگ پاشنیوەڕۆی هەینی کۆبوونەوە، چەند کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی ئۆڵمپیکی زستانەی بێژینگ، کە دیپلۆماتکارانی ئەمەریکا، بەریتانیا و وڵاتانی تر بایکۆتیان کردووە بەهۆی سەرپێچیکردنی مافەکانی مرۆڤ.

کەناڵەکە وردەکاری زیاتری لەسەر کۆبوونەوەکە نەدا، بەڵام شی و پوتن کە هەردووکیان لەلایەن ئەمەریکاوە ڕەخنەیان لێگیراوە بەهۆی ڕێبازی ناوخۆیی و دەرەوەییان، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تیایدا نیگەرانیی خۆیان لە "دەستتێوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی تردا" دووپات کردەوە.

بەیاننامە هاوبەشەکە " دۆستایەتی" ستراتیژییەکی نوێی چین و ڕووسیای ڕاگەیاند کە "هیچ سنوورێکی نییە" و هیچ " ناوچەیەکی قەدەغەکراوی هاوکاری " تێدا نییە.

هەر ڕۆژی هەینی وەزیری بەرگری ئەمەریکا ئانتنی بلینکن لە پەیەوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمتری کولیبا قسەیکرد هەردوو وەزیر تاوتوێی لەشکرکێشی ڕووسیایان کرد بۆ سەر سنووری ئۆکرانیا و هەڕەشەکانی شەڕی چەکداری.

بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بلینکن پشتیوانی ئەمەریکای بۆ سەروەری خاکی ئۆکرانیا دووپاتکردەوە و ئەوەی ڕوونکردەوە کە ئەمەریکا دەخوازێت " ڕووسیا ڕووبەڕووی دەرەنجامێکی دەستبەجێ و قورس بکاتەوە ئەگەر بڕیاری شەڕبدات."

ڕۆژی پێنجشەممە، بەرپرسێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتی بایدن گوتی ئەمەریکا زانیاری هەیە لەسەر ئەوەی ڕووسیا پلانێکی داڕشتووە بۆ هێرشێکی سەربازی ساختەی ئۆکرانیا بۆسەر خاکی ڕووسیا تا بیکات بە پاساوێک بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا.

ئەو بەرپرسە گوتی دروستکردنی ڤیدیۆی هێرشێکی لەو جۆرە یەکێکە لەچەند بژاردەیەک کە کرێملین خەریکی داڕشتنیەتی تا پاساوێک دروست بکات بۆ هێرشکردن.

ئەو بەرپرسەی کە داوای کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت گوتیشی "ڤیدیۆکە بڵاودەکرێتەوە بۆ ئەوەی مەترسی لەسەر ئاسایشی ڕووسیا دروست بکات و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ئەنجام بدات."

بەرپرسەکە گوتیشی بەڕێوەبەرایەتی بایدن وردەکاری پلانە گومانلێکراوەکەی ڕووسیا ئاشکرا دەکات بۆ ئەوەی ڕێگە لە ڕووسیا بگرێت لە ئەنجامدانی کارێکی لەو جۆرە.

ڕۆژی پێنجشەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵی MSNBC جێگری ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا جۆنەتەن فاینەر گوتی " ئێمە بە تەواوی نازانین کە ئەمە ئەو ڕێگایەیە ئەوان دەیگرنەبەر، بەڵام دەزانین کە ئەمە بژاردەیەکی ژێر چاودێرییە."

XS
SM
MD
LG