Accessibility links

موقتەدا سەدر یاریە سیاسیەکانی هەڵدەگێڕێتەوە


دوای بڕیارەکەی موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر بۆ بایکۆتکردنی دانیشتنەکەی 7 ی ئەم مانگەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە دانیشتنەکە تایبەتبوو بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق، چاوەڕوان دەکرێت دانیشتنەکەی ڕۆژی دووشەمەی داهاتوو، بەهۆی تەواو نەبوونی نیسابی یاساییەوە شکست بهێنێت، هەروەک ڕێککەوتنە سێ قۆڵیەکەی نێوان ڕەوتی سەدر و پارتی دیموکرات و عەرەبی سونەش لەبەردەم مەترسیدایە. تێڕوانینێکی تریش هەیە بۆ بەردەوامبوونی ڕێککەوتنەکە و قەرەبوو کردنەوەی پارتی لەلایەن ڕەوتی سەدرەوە بەشێوازی جیاوازتر.

بڕیارەکەی ڕەوتی سەدر بۆ بەشداری نەکردن لە دانیشتنەکەی 7 ی مانگی ئەنجومەنی نوێنەران لەکاتێکدایە، سەدر ڕێککەوتنی لەگەڵ پارتی و عەرەبی سونە هەبوو، بەڵام شەوی ڕابردوو، سەدر ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و داوای لەپەرلەمانتارەکانی کرد، دەنگ بە کاندیدی پارتی دیموکرات بۆ سەرۆک کۆمار نەدەن، گەر بەڵگەی یاسایی لەسەرە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، کشانەوەی موقتەدا سەدر لە دەنگدان بەهۆشیار زێباری کاندیدی پارتی دیموکرات لە ژێر فشاری ئێران و شەقامی شیعی دا بووە، کە جوڵاندنی کۆمەڵێک دۆسیەی یاسایی لەسەر زێباری، موقتەدا سەدری خستەژێر فشارەوە.

چاوەڕوان دەکرێت بە کشانەوەی سەدر لە دەنگدان بەهۆشیار زێباری، گۆڕانکاری بەسەر هاوپەیمانێتیەکەشیدا لەگەڵ پارتی و عەرەبی سونە بێت، بەو پێ یەی سەدر لە ژێر فشاردایە و ڕەنگە لەچەند ڕۆژی داهاتووشدا، وەفدێکی باڵای ئێران بۆ ڕێکخستنی هێزە شیعەکان بگاتەوە عێراق، هەروەک بۆچوونێکی تریش هەیە و پێیوایە سەدر بەردەوام دەبێت لەیاریە سیاسیەکانی.

ئیسماعیل حەدیدی کەسایەتی دیاری عەرەبی سونە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ڕەنگە ڕێککەوتنەکان گۆڕانکاریان بەسەردا بێت و هاوپەیمانێتی نوێ دروست ببێت."

گەر دانیشتنەکەی ڕۆژی 7 ی ئەم مانگەی پەرلەمانی عێراق بەهۆی تەواو نەبوونی نیسابی یاساییەوە شکست بهێنێت، عێراق دەکەوێتە بۆشایی دەستوریەوە و تا ئەوکاتەی لایەنەکان ڕێکدەکەون، سەرۆک کۆمار لە پۆستەکەی بەردەوام دەبێت.

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، ئەو وەفدە باڵایەی ئێران کە لەچەند ڕۆژی داهاتوودا سەردانی عێراق دەکات، دەیەوێت لایەنە شیعەکان ڕێکبخات بۆ پێکهێنانی حکومەتی تەوافقی و هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنە سێ قۆڵیەکەی نێوان سەدر و عەرەبی سونە و پارتی.

سالار مەحمود کادیری پێشکەوتووی یەکێتی و پەرلەمانتاری پێشووی ئەو حیزبە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"مەبدەئی زۆرینە لە عێراق سەرکەوتوو نابێت، دەبێت لایەنەکان بگەڕێنەوە بۆ تەوافق، گەر عێراقیش بەهۆی شکستهێنانی دانیشتنەکەی ڕۆژی 7 ی ئەم مانگەوە بکەوێتە بۆشایی دەستوریەوە، سەرۆک کۆمار و دامەزراوە یاساییەکان وڵات بەڕێوەدەبەن و ئیدارەی دۆخەکە دەدەن، تا لایەنەکان دەگەنە ڕێککەوتن."

بۆ تەواوبوونی نیسابی یاسایی دانیشتنەکەی 7 ی ئەم مانگەی پەرلەمانی عێراق، دەبێت لەکۆی 329 پەرلەمانتار، 220 پەرلەمانتار ئامادەبن، لەکاتێکدا چاوەڕوان ناکرێت ئەو ژمارە پەرلەمانتارە بەشداری دانیشتنەکە بکەن.

هۆکاری شکستهێنانی دانیشتنەکەی 7 ی ئەم مانگەی پەرلەمان، تەنها کێشمەکێشی هێزە شیعەکان نیە لەسەر چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەت، بەڵکو یەکێتی و پارتیش تائێستا لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار ڕێکنەکەوتوون، بەرهەم ساڵەح کاندیدی یەکێتی و هۆشیار زێباریش کاندیدی پارتیە.

پارتی بەهەموو شێوەیەک دژی کاندیدکردنەوەی بەرهەم ساڵەحە و داوای پۆستی سەرۆک کۆمار دەکات، یەکێتیش پێداگیرە لەسەر کاندیدکردنەوەی بەرهەم ساڵەح و کاندیدکردنی هۆشیار زێباری ڕەتدەکاتەوە.

شوان محەمەد پەرلەمانتاری عێراقی پارتی، بەدەنگی ئەمەریکای وت"پارتی پێداگیرە لەسەر کاندیدکردنی کاک هۆشیار و کاربۆ سەرخستنی دەکەین."

ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار گەیشتووەتە ئاستی جوڵاندنی لایەنگرانیان لەنێو شەقامی بەغدا لەدژی کاندیدەکانی یەکتر، ئەمە جگە لەوەی چەند پەرلەمانتارێکی یەکێتی لەدادگاکانی عێراق سکاڵاشیان لەسەر هۆشیار زێباری کاندیدی پارتی تۆمارکردووە.

هەرچەندە هەندێک لەسەرچاوەکانی نێو یەکێتی پێیانوایە دادگا مافی کاندیدبوون لەهۆشیار زێباری وەردەگرێتەوە، بەڵام شوان محەمەدی پەرلەمانتاری پارتی ئەوەی ڕەتکردەوە و وتی"کاک هۆشیار بەهەموو فلتەرە یاساییەکاندا تێپەڕیووە و کێشەی یاسایی لەسەر نیە."

بەشێک لەچاودێرانی عێراق، هۆکاری کشانەوەی ڕەوتی سەدر لە دانیشتنەکەی ڕۆژی 7 ی ئەم مانگەی تایبەت بەهەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، بۆ ئەوە دەگێڕنەوە دەیەوێت دەرگای گفتووگۆ بەڕووی لایەنە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگیدا بکاتەوە و لەگەڵیان ڕێکبکەوێت.

سالار مەحمود پێیوایە، شیعە بۆی دەرکەوت بەتەنها ناتوانن ئەجێندای خۆیان جێبەجێ بکەن و دەبێت دواجار یەکگرتووبن، وتی"ئەوەی نێو شیعە وانەیە بۆ کورد، دەبێت لایەنەکان بەبەرنامە و یەکگرتووییەوە بچنە بەغدا، پۆستی سەرۆک کۆماریش پشکی کوردە و لەنێو کوردیشدا هی یەکێتی یە."

ڕێکنەکەوتنی لایەنە سیاسیەکانی عێراق لەسەر چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەت و پۆستە باڵاکان، گەر تا ئێستا چەقبەستوویی سیاسی دروستکردبێت، ئەوا لەمەودوا گرفتی یاساییش بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:02 0:00
XS
SM
MD
LG