Accessibility links

80 هەمین ساڵیادی دامەزراندنی دەنگی ئەمەریکا


هەشتا ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە 1 ی مانگی دووی ساڵی 1942 ، دەنگی ئەمەریکا یەکەم پەخشی خۆی لە ڕادیۆ لەسەر شەپـۆلی کورت لە شاری نیویۆرکەوە بە ئاڕاستەی ئەوروپا و بە تایبەتی ئەڵمانیا بڵاوکردەوە.
پاش کەمتر لە 2 مانگ لەوەی ئەمەریکا بە فەرمی چووە ناو شەڕی جیهانی دووەمەوە، دەنگی ئەمەریکا کەوتە کار و لە یەکەم پەخشیدا کە بۆ ماوەی 15 خولەک بەردەوامبوو، بە سردوودی نیشتمانی "The Battle Hymn of the Republic." دەستیپـێکرد.
دوای سروودەکە ڕۆژنامەوان ولیەم هارلن هێڵ William Harlan Hale وەک یەکەم بێژەری دەنگی ئەمەریکا گوتی" لە ئەمڕۆوە دەنگی ئەمەریکاتان بۆ دەهێنین. باسی ئەمەریکا و جەنگەکەتان بۆ دەکەین. ئیدی هەواڵەکان بۆ ئێمە باشبن یان خراپ، ئێمە هەر ڕاستیـیەکانتان پێ دەڵێـین."
دەنگی ئەمەریکا لەو ساتەوە هەتا ئەمڕۆ کە 80 ساڵ بەسەر دامەزراندنی تێپەڕبووە، لەسەر ئەو ڕێبازەی بەردەوامبووە.
ساڵی 1976 کۆنگرێسی ئەمەریکا بە فەرمی یاسایەکی بۆ ئەم مەبەستە پەسەندکرد، کە تیایدا هاتووە، دەبێت دەنگی ئەمەریکا بە بەردەوام سەرچاوەی هەواڵی ڕاست و دوروستبێت و هەواڵەکانیشی" ورد و بابەتیـیانە و گشتگیربن."
دەنگی ئەمەریکا وەک بەشێک لە میدیای جیهانی دەوڵەتی ئەمەریکا، لە خەزێنەی دەوڵەتی ئەمەریکاوە بوجەکەی بۆ دابیندەکرێت. ئەم ئاژانسی هەواڵیـیەی دەوڵەتی ئەمەریکا کارەکانی خۆی ئازادانە و سەربەخۆیانە دەکات بەبێ دەستێوەردانی حکومەت.
ئێستا دەنگی ئەمەریکا نەک تەنیا بە ڕێگەی ڕادیۆ، بەڵکو لە ڕێگەی تەلەفیزیۆن و ماڵپەڕ و تۆڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی هەواڵەکان بۆ جیهان دەگەیەنێت. دەنگی ئەمەریکا بە زیاتر لە 40 زمان پەخش دەکات و مەزەندەدەکرێت هەفتانە زیاتر لە 280 ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهان گوێگر یان بینەر یاخود خوێنەری بن.
زمانی کوردی یەکێکە لەو زمانانەی دەنگی ئەمەریکا بەرنامەکانی پێ پەخش دەکات. بەشی کوردی له 25 ی مانگی چواری ساڵی 1992 دامەزراوە و ڕۆژانە بەرنامەی ڕادیۆ و ڕاپۆرتی ڤیدیۆیی هەیە بە هەردوو زاراوەی سۆرانی و کرمانجی و لەسەر ماڵپەڕ و فەیسبوک و تویتەر و یوتیوب و ئنستگرام بڵاودەکرێنەوە.

XS
SM
MD
LG