Accessibility links

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ستایشی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات لە بەرامبەر ڕووبەڕووبونەوەی داعش لە هێرشەکەی بۆ سەر زیندانی حەسەکە


وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێت پرایس لە بەیاننامەیەکدا دەستخۆشی لە هێزەکانی سوریای دیموکرات کرد لەبەرامبەر ڕووبەرووبونەوەی هێرشێکی داعش بۆ سەر زیندانی سیناعە لە شاری حەسەکە، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک لە شەرەڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات گیانیان لەدەستدا.

وتەبێژەکە لە بەیاننامەکەیدا دەڵێت " ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ستایشی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات لە بەرامبەر ئەو کاردانەوە ئازا و کاریگەرایانەی لە دژی ‌هێرشی بەردەوامی داعش بۆ سەر زیندانی حەسەکە و ناوچەکانی دەوروبەری ئەنجامیاندا. هەروەها سەرخۆشی ئاڕاستەی خانەوادەی شەرەڤانانی هێزەکانی هەسەدە و ئەو پاساوانانەش کرد کە گیانیان لە دەستدا. ئەو خەڵکانەشی کە لە ئەنجامی توندوتیژییەکەی داعش زیانیان بەر کەوتووە.

ئەمەریکا دەڵێت ئەم کردەوە توندوتیژی و بێ ئەنجامانەی داعش، ئەوە بیر جیهان دەخاتەوە کە ئەو گروپە تیرۆریستە هێشتا جێگای هەڕەشەیە،کە دەکرێت و دەبێت شکستی پێ بهێنرێت.

بەهۆی ئەو بەرەنگاریە کاریگەریانەی هێزەکانی هەسەدە بە هاوکاری لەگەڵ ‌هێزەکانی هاوپەیمانان، ژماریەک لە گەورە ڕێبەرانی داعش لەکاتی هەوڵدان بۆ ئازادکردنی ئەندامە دەستگیرکراوەکانی داعش لە زیندانەکەدا دەستگیرکران یانیش کوژران.

لە درێژەی بەیاننامەکەدا پرایس دەشڵێت ئەم ‌هێرشە ئەوەمان بیر دەخاتەوە کە شکست هێنانی بەردەوام بە داعش پێوستی بە پاڵپشتی کۆمەڵی نێونەتەوەیی هەیە، داوا لە هاوبەشەکانمان و هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی دەکەین شکست بە داعش بهێنن، هەروەها ئەوانەی کە هەوڵەکانیان سەرکەوتوو بووە لە ڕزگارکردنی ئەو ناوچانە لەژێر دەستی داعشدا بوون. هاوکار بن لە باشترکردنی دۆخی مرۆیی دەستگرکراوەکان و پتەوکردنی ئاسایشی زیندانەکان.

هەروەها کار بکرێت بۆ هۆشیارکردنەوەی دەستگیرکراوەکان و دوورخستنەوەیان لە بیروبۆچوونی توندڕەوی.

داواشی لە وڵاتانی هاوپەیمان کرد کە ئەو داعشە بیانیانەی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا ماون و بە ڕەگەز هاوڵاتی وڵاتانی دیکەن، بە زووترین کات بیانگەڕێننەوە بۆ وڵاتانی خۆیان.

حکومەتی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە بەرنامە و هەوڵەکانی لە پێناو بەدیهێنانی سەقامگیری ناوچەکە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا دەڵێت ئەمەریکا لە ڕێگەی هاوپەیمانیەتیەوە پابەندە بە شکست پێهێنانی بەردەوام بە داعش و کارکردن لەگەڵ ‌هاوبەشە ناوخۆییەکانمان لە ناوچەکەدا.

XS
SM
MD
LG