Accessibility links

ئەردۆغان لەسەر ناوەڕۆکی "زیانبەخش" هەڕەشە لە میدیاکان دەکات


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەڕەشەی سزادانی لە میدیای تورکیا دا لەسەر بڵاوکردنەوەی ئەو زانیاریانەی " زیان دەگەیەنن" بە کرۆکی بەهاکانی وڵاتەکە. ئەمەش هەنگاوێکە کە ڕەنگە ببێتە هۆی چاودێری زیاتر لەسەر کاری ڕۆژنامەگەری لەو وڵاتەدا.

لەڕاگەیەندراوێکدا کە لەڕۆژنامەی فەرمی گازێتی تورکیا بڵاوکراوەتەوە ئەردۆغان ڕایگەیاندووە پێویستی بە پێواندی فەرمی هەیە بۆ پاراستنی "کەلتوری نەتەوەیی" تورکیا و ڕێگەگرتن لەوەی منداڵانی ئەو وڵاتە بکەونە ژێر کاریگەری "ناوەڕۆکی زیانبەخشی چاپەمەنی، ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنەوە."

ئەردۆغان ڕوونی نەکردەوە کە ئەو جۆرە ناوەڕۆکانە بریتین لە چی، بەڵام گوتی کرداری یاسایی دەگیرێتە بەر دژی " چالاکییە ئاشکرا و شاراوەکان بە ڕێگای میدیا بۆ بنکۆڵکردنی بەها ئەخلاقییەکانی وڵاتەکەمان و تێکدانی دامەزراوە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکانمان."

نزیکەی 20 ساڵە ئەردۆغان لەسەر دەسەڵاتە و زۆربەی جار ڕەخنەی لەو ناوەڕۆکانەی میدیا گرتووە کە لەگەڵ بۆچوونەکانی ئاکەپە، کە ڕیشەی ئیسلامی هەیە، ناگونجێن. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردووشدا کۆت و بەندەکانی میدیا لە تورکیا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە و نزیکەی %90ی میدیا سەرەکیەکان سەر بە دەوڵەتن یان نزیکن لە حکومەتەوە.

XS
SM
MD
LG