Accessibility links

دادگایەکی تورکیا بڕیاری زیندانیکردنی هەتاهەتایی بۆ ڕۆژنامەوانێکی کورد دەدات


کاتێک لە مانگی دەی ساڵی 2014 دا لە دیاربەکر پێکدادانی چەکداری ڕوویدا، رۆژنامەنووس ڕۆژهات دۆغروو لە ناو جەرگەی ئەو ڕووداوەدا بوو.

لەو سەروەختەدا دۆغروو گولـلەیەکی بەرکەوتوو و گەیەنرایە نەخۆشخانە و لەوێ لەو کاتەدا کە چارەسەری وەردەگرت گرتە ڤیدیۆییەکی ڕەوانەی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان دەکرد کە پەخشەکەی لە هەرێمی کوردستانە.

ڕۆژهات دۆغروو لەسەر ڕووماڵکردنی ئەو ڕووداوانە خەڵاتکرا، بەڵام ئێستا و لە دوای 7 ساڵ، خراوەتە زیندانەوە و حوکمی زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە.

ڕۆژهات دۆغروو
ڕۆژهات دۆغروو

هەفتەی ڕابردوو دادگایەکی دیاربەکر بە تومەتی "تێکدانی یەکڕیزی و ئاسایشی دەوڵەت" سزای 10 ساڵ و 10 مانگ زیندانی بەسەر ڕۆژهات سەپاند بە تۆمەتی "هەوڵی کوشتنی بە مەبەست" و ساڵێک و سێ مانگ بە تۆمەتی "پرۆپاگەندە بۆ ڕێکخراوێکی تێرۆریستی" .

ئەم بڕیارەی دادگا بەرگریکارانی ئازادی ڕۆژنامەگەری تووشی شۆک کرد.

ڤیسێل ئۆک هاوبەڕێوبەوری کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی یاسا و میدیای تورکیا MLSA بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە "ئەمە قورسترین سزایە لەم دواییانەدا بینیومە. هیچ تاوانێکی کوشتن لە ئارادا نییە، هیچ تەقینەوەیەک ڕووینەداوە، بەڵکو تەنها ڕووماڵکردنی هەواڵەکان بووە."

پێکدادانی توندوتیژی

ڕۆژهات وەک ڕۆژنامەنووسێکی کورد ڕووداوەکانی دیاربەکر و ناوچەکەی بۆ کەناڵی گەلی کوردستان دەگواستەوە و تێیدا گرتەی ڤیدیۆیی ئەو خۆپیشاندانانەی دەگواستەوە کە بۆ کۆبانی بوو لە ساڵی 2014دا. بۆ ئەو ڕووماڵکردنانە خەڵاتی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ساوث ئیسترنی Southeastern Journalists Association پێبەخشرا.

ئەو ساڵە دوابەدوای ئەوەی گروپێک لە کوردەکان لە ئانکەرە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد یارمەتی کوردانی کۆبانی دەدەن خۆپیشاندانی ناڕەزایی لێکەوتەوە.

پـێکدادان لە نێوان لایەنگرانی پارتی دۆزی ئازادی Doza Azadîو لایەنگرانی پەکەکە ڕوویدا و هێزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی پـێکدادانەکە.

ژمارەی ڕاگەیەندراوی فەرمی کە لە خۆپیشاندانەکەدا کوژرابوون 37 کەس بوو، بەپـێی لیستی تۆمەتبارکردنەکە لە دۆسیەی دادگایـیکردنی بە کۆمەڵدا، پـێکدادانەکان سەدان برینداریان لێکەوتبۆوە و قوتابخانە و شوێنی گشتی زیانیان پێگەیشتبوو و زیاتر لە 1700 ماڵ و دوکانیش تاڵانکرابوون.

حکومەتی تورکیا، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بە هاندانی خۆپیشاندان تۆمەتبار دەکات و زیاتر لە 100 ئەندامی ئەو پارتە لەسەر خۆپیشاندانەکان دادگایی کران، لە نێویاندا سەڵاحەدین دەمیرتاش و ڤیگن یوکسەکداغ هاوسەرۆکەکانی پێشووی هەدەپە. هەدەپە ئەو تۆمەتانە ڕەتدکاتەوە.

لە خەڵاتکردنەوە بۆ سکاڵای یاسایی

ڕۆژهات دۆغروو لە چاوپێکەوتنێکدا سەبارەت بە ڕووماڵکردنی ڕووداوەکانی ئەو ڕۆژە، باسی لە ڕۆڵی گرنگی ڕۆژنامەنووسان کرد لە تۆمارکردن و بە بەڵگەکردنی ئەو جۆرە ڕووداوانە.

دەڵێت " بە شێوەیەکی بێ لایەنگیری و بابەتییانە ڤیدیۆی چەند ساتێکم گرت کە هەردوو گروپ لەسەر جادەکان تەقەیان لە یەکتر دەکرد. ئەو گرتە ڤیدیۆیـیانە زۆر گرنگن لەو ڕووەوەی پیشانی دەدات هەردوو لایەنی ململانێکە چەکیان پێبووە."

دەشڵێت "سەرەڕای ئەوەی بریندار بووم، بەڵام من بەردەوام بووم لە گرتنی ڤیدیۆ. تەنانەت لەو کاتەدا ڤیدیۆی ئەو ساتەوەختەشم گرت کە بریندارکرام. "

ئەم ڕۆژنامەوانە بەجێهێڵرا لە کاتێکدا پێویستی بە چارەسەر پزیشکی هەبوو بەهۆی برینەکانی لە چەناگە و سک و قاچی.

ڕەسول تەیمور، پارێزەری ڕۆژهات دۆغروو بۆ دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، پاش سێ ساڵ لە دوای پێکدادانەکە یەکەم سکاڵا لە دژی ڕۆژهات دۆغروو تۆمارکرا.

سکاڵاکارەکە بە ناوی ڕیدڤان ئۆزدەمیر ناوی لە چەند ڕاپۆرتێکدا هاتووە، بانگەشەی ئەوە دەکات کە کەوتووەتە ناو پـێکدادانەکە و لە ئاڕاستەی ڕۆژهات دۆغروو بە دەمانچە تەقەی لێکراوە و بریندارکراوە.

ئۆزدەمیر ئیدیعای ئەوە دەکات کە ڕۆژهات دۆغروو تەقەی لێکردووە. بۆیە سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە بە تومەتی "هەوڵی تێکدانی یەکپارچەی و ئاسایشی دەوڵەت" و "هەوڵدان بۆ کوشتنی بە مەبەست".

ڕۆژهات دۆغروو ئەو ئیدعایانەی ڕەتکردەوە و بە MLSA ڕاگەیاند کە "شتێکی ئاسایی نیە بە دەستێک تەقە بکەیت و بە دەستەکەی دیکە بە کامێرا ڤیدیۆ بگریت."

ئەوەشی خستەڕوو کە شایەتحاڵێکی شارەزا ئەو گرتەیەی بینیوە و لە ڕاپۆرتێکدا بۆ دادگا گوتویەتی کە ڕۆژهات دۆغروو چەکی بەکارنەهێناوە.

تەیمور وتی لە کاتی دادگاییکردنەکەدا، سکاڵاکارەکە بیری نەکەوتەوە کە ئایا ڕۆژهات دۆغروو کامێرایەکی پێبووە یان نا.

تەیمور وتیشلی: "ئێمە وتمان سەیرە کامێراکەی بیرناکەوێتەوە، بەڵام دەمانچەکەی بیردەکەویتەوە."

ساڵی 2018 تۆمەتی زیاتریان ئاڕاستەکرد پاش ئەوەی دەسەڵاتداران ژمارەی تەلەفۆنی ڕۆژهات دۆغرویان لەلای ئەندامێکی پارتی کرێکارانی کوردستان دۆزییەوە کە لەلایەن پۆلیسەوە لە دیاربەکر دەستبەسەر کرابوو.

لە مانگی دوازدەی ئەو ساڵەدا، ڕۆژهات دۆغروو بە تۆمەتی "سەر بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی" دەستگیرکرا و لە مانگی دووی ساڵی 2019 دا بە مەرجی چاودێری دادوەری ئازاد کرا.

دواتر دادوەرێکی دیاربەکر تۆمەتەکانی لە یەک کەیسدا کۆکردەوە و لە 6 ی مانگی یەکدا کۆتایی هات.

هەروەها فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ڕۆژهات دۆغروو دەرکرا، لە کاتێکدا خۆی ئامادە نەبوو لە دادگاییکردنەکەدا.

پارێزەر تەیمور بۆ دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ئەوان داوای تێهەڵچوونەوەی دادگاییکردنەکەیان کردووە و دادگاییەکەیان بە "لایەنگری" ناوبردووە.

سزایەکی سەخت

فەرمانی دادگاکە پارێزەرانی ئازادی ڕۆژنامەگەری سەرسام کرد و باوەڕیان وایە پێویستە دادگایەکی باڵا لە تیهەڵچوونەوەکەدا حوکمەکە هەڵبوەشێنێتەوە.

موجاهید جەیلان، سەرۆکی کۆمەڵەی ڕایەڵەی ڕۆژنامەنووسانی باشوری ڕۆژهەڵات بۆ دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئەوە پێچەانەی سرووشتی کاری ڤیدیۆگرتنە کە بە دەستێک ڤیدیۆ بگریت و بە دەستێک چەک بەکاربهێنێت. ڕاپۆرتی شارەزایانیش ] لە دادگا[ ئەوەی بە درۆخستەوە. بۆیە سزاکە جێی قبوڵ نیـیە."

جەیلان، وتیشی "لەم ناوچەیەدا و لە کاتێکی مەترسیداردا، ڕۆژهات دۆغروو ژیانی خۆی خستۆتە بەردەم مەترسیەوە بۆ ڕووماڵکردنی هەواڵەکە و بریندار بووە و ئێستا سزا دەدرێت."

باوەڕی وایەلەتێهەڵچونەوەی دادگاییکردنەکە سزا هەڵبوەشێتەوە.

هاوکات هاوبەڕێوبەرەکەی دامەزراوەی MLSA ش تووشی شۆک بووە بەو بڕیارەی دادگایە.

ئۆک بۆ دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "بە دڵنیاییەوە ئەگەری ئەوە هەیە کە بە دەستور و لە ڕێی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپاوە ئەم حوکمە هەڵبگیرێت، بەڵام تا ئەو کاتە چەندین ساڵ لە زینداندا بەسەر دەبات و باجێکی قورس دەدات و هیچ شتێکی یاسایی لەو بارەیەوە نییە."

XS
SM
MD
LG