سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی چەند مووشەکێک ئاراستەی بنکەیەکی ئاسمانی ئەمەریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کرا. سەرچاوەکانی پۆلیس و هێڵی ئاسمانی عێراق ڕادەگەیەنن هێرشەکە بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە فڕۆکەیەکی سڤیلی لە نێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا.
هەرچەندە سەرچاوەکانی پۆلیس هیچ زیانێکی گیانیان بەهۆی ئەو هێرشەوە ڕانەگەیاندووە و هێڵی ئاسمانی عێراقیش دەڵێت ئەو فڕۆکەیەی کە یەکێک لە مووشەکەکانی بەرکەوتووە لە کارکەوتبوو.
ئاژانسی دەنگوباسی فەرمی عێراقی لە زاری دەسەڵاتدارانی ئاسمانی وڵاتەکەوە ڕایگەیاندووە هێرشەکە زیانی بە گەشتەکان لە فڕۆکەخانەکە نەگەیاندووە.
ئەم جۆرە هێرشە مووشەکانە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بە بەردەوامەی ئەنجامدەدرێن و کاربەدەستانی ئەمەریکا و عێراق گروپە چەکدارە شیعەکانی سەر بە ئێران بە ئەنجامدانی تۆمەتبار دەکەن.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندێکدا سەرکۆنەی ئەو جۆرە هێرشانە بۆسەر فڕۆکەخانەی بەغدا دەکات "سهرکۆنهی بهئامانجگرتنی فڕۆکهخانهی بهغدا به مووشهک دهکهین. بهردهوامیی ههوڵهکانی تێکدانی ئارامی و سهقامگیری پهرهسهندنێکی مهترسیداره و دهبێ ڕێگهی لێ بگیرێت. بوونی مهترسی و ههڕهشه لهسهر ئاسایشی فڕۆکهخانه، زیانێکی زۆر له عیراق و ناو و پێگهی دهدات."
لە ماوەی ڕابردوودا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێریش بووەتە ئامانجی ئەم جۆرە هێرشانە لە مانگی 9 ی ڕابردوودا بە بەکارهێنانی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) هێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر و دوو مانگ دواتر، هەمان ئەو جۆرە فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە کە هەڵگری تەقەمەنین بەکارهێنران بۆ هێرشکردنە سەر شوێنی مانەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق مستەفا کازمی لە بەغدا.
ئەرکی هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق UNAMI یش نیگەرانی خۆی لەمەر ئەو جۆرە هێرشانە لە عێراق دەربڕیوە و دەڵێت " نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یونامی) زۆر نیگەرانە سەبارەت بەو زنجیرە هێرشانەی کە نووسینگەکانی پارتە سیاسییەکان و هاوڵاتییانی مەدەنی و شوێنە بازرگانییەکان لە #عیراق دەکەنە ئامانج، و بەم دواییەش هێرشی موشەکی کرایە سەر فرۆکەخانەی نیودەوڵتی بەغدا."
.