Accessibility links

سوپای ئوردن کوژرانی 27 قاچاخچی ماددەی هۆشبەر لەسەر سنورەکانی لەگەڵ سوریادا ڕادەگەیەنێت


سوپای ئوردن ڕایگەیاند هێزەکانی ئەو وڵاتە 27 قاچاخچی گومانلێکراویان کوشتووە کە هەوڵیان داوە لە سوریاوە بچنە ناو ئەو وڵاتەوە.

لە ڕاپۆرتەکەی ماڵپەری سوپای ئەو وڵاتەدا کە ڕۆژی پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە هاتووە، سوپا چەند هەوڵێکی گومانلێکراوی بە قاچاخ بردنی ماددە هۆشبەرەکانی بۆ ناو ئوردن لە سوریاوە پوچەڵکردۆتەوە، لە هەوڵێکی دیکەشدا دەستی بەسەر بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەردا گرتووە و چەند کەسێکیش بریندار بوون.

سوپای ئوردن دەڵێت بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی یاساکاندا و بە توندی مامەڵە لەگەڵ هەر هەوڵێکی دزە پێکردن یان قاچاخچێتی دەکات لە پێناو پاراستنی سنوورەکانیدا.

لە سەرەتای ئەم مانگەدا سوپای ئەو وڵاتە گوتی ئەفسەرێکی سوپاکەی لە تەقەکردنێکدا لەگەڵ قاچاخچییەکان لەسەر سنوورە هاوبەشەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ سوریادا کوژراوە.

زیاتر لە 650 هەزار پەنابەری سوری کە لە جەنگە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە هەڵهاتوون، زیاتر لە دە ساڵە لە ئوردن نیشتەجێن.

لەدوای 10 ساڵ لە شەڕی ناوخۆ لە سوریا، پیشەسازی دەرمانی نایاسایی و مادە هۆشبەرەکان لەو وڵاتەدا زیادیکردووە.

لەم ساڵانەی دواییدا، سوریا بووە بە ناوەندێکی سەرەکی بۆ دروستکردن و فرۆشتنی کاپتاگۆن وەک ئەمفتامینێکی نایاسایی.

سوریا و لوبنان بوونەتە دەروازەیەک بۆ هێنانی مادە هۆشبەرەکان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

XS
SM
MD
LG