Accessibility links

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای پاراستنی مافەکانی ژنان لە تالیبان دەکات


سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت دەبێت تاڵیبان مافە بنچینەییەکانی ژنان و منداڵان بپارێزێت و داواش لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکات سەرمایەی سڕکراوی ئەفغانستان ئازاد بکەن بۆ ڕێگەگرتن لە فڕۆشتنی منداڵانی ئەفغانی لەلایەن خێزانەکانیانەوە لە پێناو کڕینی خۆراک.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش هۆشداریشی دا کە " ئەفغانستان بە تاڵە دەزوویەکەوە هەڵواسراوە" لە کاتێکدا ملیۆنان هاووڵاتی هەژار هەوڵ دەدەن خۆیان ڕزگار بکەن لەودەمەی بارودۆخی مرۆیی لە وڵاتەکەدا تادێت خراپتردەبێت.

گۆتێرێش لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ڕایگەیاند " ئێمە داوا لە تالیبان دەکەین سود لەم دەرفەتە وەربگرێت و متمانە و نیازباشی نێونەتەوەیی بەدەستبهێنێت بە دانپیانان و بەرزڕاگرتنی مافە سادەکانی کچان و ژنان."

ئەو نیگەرانیشی لەسەر ڕاپۆرتەکانی ئەم دواییانە سەبارەت بە دەستگیرکردنی هەڕەمەکی و ڕفاندنی چالاکوانی ژنان دەربڕی و گوتی " زۆر بە توندی دوای ئازادکردنیان دەکەم."

لە هەمانکاتیشدا گوتی " داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیش دەکەم هەنگاوبنێن بۆ پشتیوانیکردن لە خەڵکی ئەفغانستان لەوانە " ئازادکردنی هاوکاری دارایی کە لە لایەن بانکی جیهانی و حکومەتی ئەمەریکاوە لە واشنتن سڕکراوە."

گۆتێرێش گوتی زیاتر لە نیوەی هەموو هاووڵاتیانی ئەفغانی گەیشتوونەتە قۆناغی " برسێتی لە ڕادەبەدەر" و " هەندێک لە خێزانەکان منداڵەکانیان دەفرۆشن لە پێناو کڕینی خواردن."

بەمدواییە کاربەدەستانی تاڵیبان لە ئۆسلۆ لەگەڵ زلهێزانی ڕۆژئاوادا کۆبونەوە بۆ تاوتوێکردنی قەیرانی مرۆیی لە ئەفغانستان و دیپلۆماتانی ڕۆژئاواش هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ئەفغانستان گرێدەدەن بە بەرەوپێشبردنی مافەکانی مرۆڤەوە لەو وڵاتە.


XS
SM
MD
LG