Accessibility links

دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا فەرمانی بە تورکیا کرد قەرەبووی ڕۆژنامەوانێکی ئەڵمانی بکاتەوە


دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا ڕۆژی سێشەممە فەرمانی بە تورکیا کرد کە زیاتر لە 14 هەزار دۆلار وەک قەرەبوو بدات لەپای ئەو زیانانەی بەر ڕۆژنامەنوسێکی ئەڵمانی کەوتووە کە بە ڕەچەڵەک خەڵکی تورکیایە و دادگا بڕیاریشی دا کە دەستگیرکردنەکەی بۆ ماوەی ساڵێک پێشێلکردنی مافەکانی بووە.

دێنیز یوجەل لە ساڵی 2017 تا 2018 دەستگیرکرا بە تۆمەتی ناردنی راپۆرت بۆ ڕۆژنامەی Die Welt ی ئەڵمانی لە بارەی هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی تورکیا لە ساڵی 2016 و سەرکەوتکارییەکانی کە پاش ئەو کودەتایە هاتنە ئاراوە.

دادگاکە ڕۆژی سێشەممە بڕیاری دا کە "دەستگیرکردن" ی بەڕێز یوجەل دەچێتە خانەی دەستێوەردان لە مافی ئازادی ڕادەربڕینی ئەو لە کاتێکدا هیچ هۆکارێکی باوەڕوپێکراو لەئارادا نەبوو بۆ گومانکردن لەوەی تاوانی ئەنجام دابێت.

ئەو تۆمەتبارکرابوو بە چەندین تاوان لەوانە پڕوپاگەندەی تیرۆرو هاندانی ڕق و کینە بەتایبەتی بەهۆی ئەو ڕاپۆرتانەی کە لەسەر کوردەکانی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان( پەکەکە)سازیکردبوو.

یوجەل کاتێک دەستگیرکرا کە ئیمەیڵی وەزیری وزەی ئەوکاتە بەرات ئەلبەیراک هاککرابوو. ئەلبەیراک کە زاوای سەرۆکی تورکیا ڕەجب تەیب ئەردۆغانە دواتر بوو بە وەزیری دارایی.

کەیسەکەی پەیوەندییەکانی نێوان ئانکەرە و بەرلینی سەرلەنوێ بۆ ئاستێکی نزم دابەزاند کە هاوکات بوو لەگەڵ دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی دیکە.

ئازادکردنی یوجەل لە ساڵی 2018دا یارمەتی هێورکردنەوەی گرژییە دیپلۆماسییەکانی دا و دادگای دەستووری تورکیا لە ساڵی 2019دا ئەوەی ئاشکرا کرد کە مافەکانی پێشێلکراوە.

دادوەرانی ئەورووپی ڕۆژی سێشەممە گوتیان "سەپاندنی ئەو ڕێوشێنانە دەبێتە هۆی بێبەشکردنی ئازادی وەک لەم حاڵەتەدا ڕوویداوە و هەمیشە کاریگەری خراپی هەبووە لەسەر ئازادی ڕادەربڕین لە ڕێی ترساندنی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەمکردنەوەی دەنگە ناڕازییەکان و بێدەنگکردنیان."

دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا فەرمانی بە ئانکەرە کردووە کە بڕی 12 هەزار و 300 یۆرۆ و هاوکات هەزار یۆرۆش وەک بڕی تێچوون قەرەبووی یوجەل بکاتەوە.

یوجەل بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند کە "خۆشحاڵە" بەوەی کە دادگای ئەوروپاوە دژی تورکیا حوکمی دەرکردووە.

وتیشی "بەڵام لەمە مەترسیدارتر ئەوەیە دادگا تانەی لە پێشێلکردنی قەدەغەی ئەشکەنجە نەداوە و بڕیاری ئەوەیشی نەداوە کە کەیسەکە پاڵنەری سیاسی هەبوو بێت."

لە کاتی گەڕانەوەی بۆ ئەڵمانیا یوجەل بە بەبێ ئامادەبوونی لە دادگا بە بڵاوکردنەوەی پروپاگەندە لەسەر کورد و پەکەکە تۆمەتبار کراوە و نزیکەی سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە.

هەروەها ڕووبەڕووی دوو کەیسی دیکە دەبێتەوە کە یەکێکیان "ناوزڕاندنی گەلی تورک و دەوڵەتی تورک و دامەزراوەکانە" و ناوزڕاندنی خودی ئەردۆغان و هەروەها تومەتەکەی دیکەشیان لکەدارکردن و ناوزڕاندنە.

یوجەل وتیشی "سەرۆک کۆماری تورکیا چەندینجار بە ئاشکرا تۆمەتی نابەجێی لە دژی من دەرکردووە." هەروەها دەشڵێت پارێزەرەکانی داوای تێهەڵچوونەوەی دادگا دەکەنەوە.

هەروەها ئاژانسی ئەسۆشەیتد پرێس بڵاویکردووەتەوە کە دادگای ستراسبۆرگ لەفەرەنسا بڕیاری دەستگیرکردنی پێش دادگاییکردنی دەنیزی پەیامنێری ڕۆژنامەی Die Welt ئەڵمانی دەرکردووە کە بریتیبوو لەپێشێلکردنی مافی ئازادی و سەلامەتی و هەروەها مافی ئازادی ڕادەربڕین هەروەها بڕیاریشی دا کە قەرەبووکردنەوەی ئەو ڕۆژنامەنووسە لە ئاستی ئەو دەستگیرکردنە نایاساییەدا نەبووە.

لە راگەیەندراوێکی دادگادا هاتووە "دادگا بڕیاری دا کە بەڕێز یوجەل دەستگیرکراوە و زیندانیکراوە بەبێ هیچ هۆکارێکی باوەڕپێکراو بە گومانی ئەوەی کە تاوانی ئەنجامداوە."

کەیسەکەی بووە هۆی قەیرانێکی دیپلۆماسی لەگەڵ ئەڵمانیا کە تورکیا تومەتبار کرا بە ئەنجامدانی "دەستگیرکردنی هەڕەمەکی"ی هاووڵاتیانی ئەڵمانی کە گومانیان هەیە پەیوەندیان بە پەکەکەوە هەبێت یان ئەو تۆڕەی کە پەیوەندی بە رێبەری ئاینی فەتحوڵا گولەنەوە هەیە کە لە ئەمەریکا دەژی.

یوجەل بە ڕۆژنامەی Die Welt ی راگەیاند "دادوەرانی ستراسبۆرگ دووپاتیان کردەوە کە مافی ئازادی و سەلامەتی و مافی ئازادی بیروڕام پێشێلکراوە."

بەڵام نائومێدە بەوەی کە دادوەرەکان نەیانویستووە پێشێلکاریی قەدەغەی ئەشکەنجە بدۆزنەوە - سەرەڕای ئەوەی کە نۆ مانگ لە زیندانی تاکەکەسی و سەرباری ئەوەش توندوتیژی دەروونی و جەستەیی بەرامبەر کراوە کە هەندێکجار لە زیندانی ئاسایشی Silivri No. 9 ی ئەستەنبوڵ کە زیندانێکی بەهێزی ئاسایشییە پێشێلکاری بەرامبەر کراوە.

یوجەل ئاماژەی بە وتەکانی ساڵی 2018 ی ئەردۆغان کرد کە بە "سیخوڕ" و "تیرۆریست" ناوی بردووە.

یوجەل وتیشی " تەنانەت بارودۆخی ئازادکردنی من هیچ یەکێک لەو شتانە ناسەلمێنن کە هاندەری سیاسی لە پشتەوە نەبووبێت."

دادگاکە ڕایگەیاند کە تورکیا و یوجەل ماوەی سێ مانگیان لەبەردەستدایە کە دەتوانن لەو ماوەیەدا داوا بکەن بڕیاری کۆتایی دۆسێکە بدرێتە هۆبەی گەورەی دادگا.

گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن تورکیا لەنێو وڵاتانی جیهاندا گەورەترین زیندانە بۆ رۆژنامەنوسان. حکومەتی تورکیا دەڵێت دەستگیرکردنەکان لەسەر بنەمای کاری ڕۆژنامەنووسان نین و زۆربەیان تۆمەتبارن بەتاوانی پەیوەندیدار بەتیرۆەرەوە.

سەرچاوە: فرانس پرێس/ئەسۆشەیتد پرێس

XS
SM
MD
LG