ڕووداوێکی تۆڕی کارەبا لە سێ وڵاتی ئاسیای ناوەڕاستدا بوو بەهۆی ئەوەی ملیۆنان کەس ڕۆژی سێشەممە بەبێ کارەبابن و بووە هۆی پەکخستنی هێڵی شەمەندەفەر فڕۆکەخانەکان و گیرخواردنی خەڵکی لە نێو ئەسانسۆرەکاندا.
ئەلماتی نێوەندی بازرگانی کازاخستان و پایتەختەکانی قرغیزستان و ئۆزبەکستان لە نزیکەی نیوەڕۆدا کارەبایان بڕا، دەزگاکانی ڕاگەیاندن و کاربەدەستانیش دەڵێن ئەو کارەبا بڕینە لەو پارێزگایانەی ئەو سێ وڵاتەدا درێژەی کێشا.
وەزیری وزەی ئۆزبەکستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند بڕینی کارەباکە بەهۆی " ڕووداوێکی گەورەوە" لە تۆڕی کارەبای کازاخستان ڕوویداوە.
لە فڕۆکەخانەی سەرەکی تاشکەند کە شارێکی زیاتر لە دوو ملیۆن کەسە، گەشتە ئاسمانییەکان بۆ ماوەیەکی کاتی ڕاگیران و کارەباکەش پاش نیوەڕۆ هاتەوە.
وەزارەتی وزەی ئۆزبەکستان پێشنیازی کرد ئامێرە گاز و ئەلیکترۆنییەکان بۆ ماوەیەکی کاتیی بکوژێنرێنەوە " لە پێناو ڕێگەگرتن لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو" لە کاتێکدا کارەباکە چاکدەکرێتەوە. بەڵام هێڵی شەمەندەفەری ناوچەکە بە تەواوەتی ڕاگیرا و پەیامنێرێکی ئاژانسی دەنگوباسی فرانس پرێسیش دەڵێت ئاویش زۆر بە زەحمەت لە بەلوعەکانەوە دەهات.
ترافیک لایتەکان لە ئەلماتی هەمووی کوژابوونەوەو قەرەباڵغی و سەرلێشێوانێکی زۆری دروست کردبوو بەڵام لە پاش نیوەڕۆوە چاککرانەوە.