هێزی دەریایی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە دەستی بەسەر بەلەمێک لە کەنداوی عوماندا گرتوە کە بارەکەی پەینی تێدابووە کە بۆ درووستکردنی تەقەمەنی بەکاردێت، ئەوەی لە ساڵی ڕابردوودا لە کاتی گرتنی چەکی قاچاغ بۆ یەمەن دەستی بەسەردا گیرابوو.
هێزی دەریایی بەریتانیاش ڕایگەیاند کە 1041 کیلۆگرام (2295 پاوەند) دەرمانی نایاسایی لە هەمان ئاودا زەوت کردووە.
ئەمە دەستبەسەرگرتنە، دواترینە لە ئاوە ناجێگیرەکانی کەنداوی فارسیدا، و ئەمەش لە کاتێکدایە کە دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا و بەریتانیا لە کاتی پێکدادانە توندەکانی ناو یەمەندا، هەوڵەکانی خۆیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمەکەدا چرکردۆتەوە.
بنکەی پێنجەمی هێزە دەریاییەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوتی کە کەشتی تێکشکێنەری موشکی یو ئێس ئێس کۆل (USS Cole) و کەشتییەکانی تری ئەمەریکا رۆژی سێ شەممە دەستیان گرتووە بەسەر بەلەمێکی ڕاوەماسی، کە بێ ناو و نیشانبووە، لە ئێرانەوە بەرەو یەمەن گەشتی دەکرد.
کەشتی دەریایی هێزەکانی ئەمریکا 40 تون لە پەینی یوریایان لە ناو بەلەمەکەدا دۆزیوەتەوە کە پێکهاتەیەکی سەرەکییە بۆ دروستکردنی ئامێرە تەقەمەنییەکان بەکاردێت.
دەسەڵاتداران ڕایانگەیاندوە کەشتییەکە پێشتر لە کەنارەکانی سۆماڵ دەستی بەسەردا گیرابوو، چوونکە ساڵی ڕابردوو دەرکەوت کە کەشتییەکە بە هەزاران چەک و بنکەی مووشەک هاوێژی تێدایە. شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن ئەو چەکانەی کە ئەم جۆرە تایبەتمەندییە تەکنیکیانەیان هەیە لە ئێرانەوە دێن بۆ پشتگیری کردنی چەکدارە حوسییەکان.
هێزی دەریایی سەرەتای ئەم هەفتەیە کەشتییەکە، و بارەکەی، و تاقمە یەمەنییەکەی ڕادەستی حکومەتی یەمەن کرد.
شایانی باسە یەمەن پڕە لە چەکی سووک کە لە ماوەی چەندین ساڵ ململانییەکانی ئەو وڵاتەدا، بە شێوەی قاچاخ بۆ بەندەرەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ئەو وڵاتەدا گواستراوەتەوە.
لە ساڵی 2015وە، چەکدارە حوسییەکان بە پشتیوانی ئێران لەگەڵ هاوپەیمانی سەربازی بە سەرکردایەتی سعودیە لەشەڕدان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو وڵاتە.
ئێران دەڵێت لەڕووی سیاسییەوە پشتگیری چەکدارە حوسییەکان دەکات، بەڵام سەرەڕای بەڵگەکان، نکۆڵی لە پڕچەککردنی ئەو گروپە دەکات.
سەرچاوە: ئەسوشیەتد پریس