Accessibility links

بەهۆی تەقینەوە لە پاسێکدا لە ڕۆژئاوای ئەفغانستان حەوت کەس گیانیان لەدەستدەدەن


کاربەدەستانی ئەفغانستان ڕایانگەیاند ڕۆژی شەممە بۆمبێک بە پاسێکدا تەقییەوەتەوە و بەلایکەمەوە حەوت سەرنشین کوژراون کە خەڵکی ناوچەیەکی نیشتەجێی کەمینە شیعییەکانن لە شاری هەرات لە ڕۆژئاوای ئەفغانستان.

بۆمبەکە لە تانکی بەنزینی پاسەکە جێگیرکرا بوو، بە هۆی ئەو ڕووداوەوە نۆ کەسی دیکەش برینداربوون.

عارف جەلالی بەرپرسی نەخۆشخانەی هەرێمی هیرات بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند "چوار ژن لە نێو حەوت کوژراوەکەدان."

فەرمانگەی هەواڵگریی هەرات روودانی تەقینەوەکەی پشتڕاستکردەوە.

سابت هەرویی وتەبێژی ئۆفیسەکە ڕایگەیاند "ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بۆمبێک بە تانکی سووتەمەنی ژێر پاسێکەوە لێکێنراوە و تەقیوەتەوە."

پۆلیسی پارێزگای هەرات و بەڕێوبەرایەتی ڕۆشنبیری دووپاتیان کردەوە کە بۆمبەکە تەقیوەتەوە و تا ئێستاکە هیچ گروپێک بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی نەخستە ئەستۆ خۆی.

بارودۆخی ئەمنی ئەفغانستان بەشێوەیەکی بەرچاو باشتر بووە هەر لەوکاتەوەی یاخیبوونی هێزەکانی تاڵیبان دوابەدوای بیست ساڵ کۆتاییهات و ئەو گروپە ئیسلامییە چەکدارە لە مانگی 8 ی ساڵی 2021 دا کۆنتڕۆڵی کابولی پایتەختیان کرد.

لەگەڵ ئەوەشدا؛ هەموو هەفتەیەک چەندین هێرش لە سەرانسەری وڵاتەکەدا رادەگەنرێت و هەندێک لەو هێرشانە لەلایەن شانەیەکی خۆجێهی داعشەوە ئەنجامدراوە و بەرسیارێتی ئەو هێرشانەیان گرتۆتە ئەستۆ.

داعش بە بەردەوامی کۆمەڵگەی هەزارەی شیعە مەزهەبی ئەو وڵاتەی بە هێرشی کوشندە کردۆتە ئامانج و ئەو کۆمەڵگەیەش لەو ناوچەیە دەژین کە تەقینەوەکەی ڕۆژی شەممە لە نزیک وێستگەیەکی پاس ڕوویداوە.

هەرات سێهەمین شاری گەورەی ئەو وڵاتەیە و نزیکە لە سنووری ئێرانەوە، بەڵام لەم چەند مانگەی دواییدا تاڕادەیەک ئارام بووە.

XS
SM
MD
LG