Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕێگە بە وڵاتانی بالتیک دەدات چەکەکانی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا بنێرن


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئانتنی بلینکن ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند ڕێگەی داوە وڵاتانی بالتیکی ئستۆنیا، لاتیڤیا و لیتوانیا مشەکی دژەتانک و دژە فڕۆکەی دروستکراوی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا بنێرن. ئەم هەنگاوەش لە کاتێکدایە ئاڵۆزییەکانی ئۆکرانیا لەگەڵ ڕووسیای دراوسێیدا هەتا دێت زیاتر دەبێت.

بلینکن لە تویتێکدا دەڵێت " پرۆسەکەم پێشخست و ڕێگەمپێدا، ئێمە بە تەواوەتی پشتیوانی لە گواستنەوەی ئەو کەرەستە بەرگرییانە دەکەین کە ئستۆنیا، لاتیڤیا و لیتوانیای هاوپەیمانی ناتۆو بۆ ئۆکرانیا دابینی دەکەن تا تواناییەکانی خۆی پەتەوبکات بۆ بەرگری کردن لە خۆی لە دژی هەر هێرشێکی ڕووسیا."

بلینکن هەروەها سوپاسی ئەو وڵاتانەی کۆماری سۆڤیەتی پێشوو و ئەندامی ناتۆ کرد " بۆ پشتیوانی درێژدەمیان بۆ ئۆکرانیا."

لە تویتێکی تریشدا ئەمڕۆ شەممە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند "ئەمەریکا و هاوپەیمان و هاوبەشەکانی یەک هەڵوێستن بۆ خێراکردنی هاوکاری ئاسایشی بۆ ئۆکرانیا. ئێمە هەموو ئامرازەکانی هاوکاری ئاسایشی بەکاردەهێنین بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا تا بەرگری خۆی پەتەوبکات لە بەرامبەر دەستدرێژییەکانی ڕووسیادا."

ڕاگەیاندنەکانی بلینکن ڕۆژێک پاش ئەوەبوو ئەمەریکا و ڕووسیا وا دیارە نەیانتوانی بگەن بە ئەنجامێک بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانیان. هەردوولا کۆتایییان بە کۆبونەوەکەی هەینییان هێننا تەنها بەو بەڵێنەوە کە بەردەوامبن لەسەر وتووێژکردن.

بلینکن و سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕۆژی هەینی بۆ ماوەی نزیکەی کاتژمێر و نیوێک لە جنێڤ کۆبوونەوە و هەردوو بەرپرسەکە نەیانتوانی وەڵامی داواکارییە سەرەکییەکانی یەکتری بدەنەوە.

ئەمەش چوارهەم جاربوو لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا کاربەدەستانی ئەمەریکا و ڕووسیا وتووێژی ڕاستەوخۆ ئەنجامبدەن.

پاش کۆبونەوەکەی لەگەڵ لاڤرۆڤ بلینکن بە پەیامنێرانی گوت " ئێمە پێشبینی ئەوەمان نەکردبوو پێشکەوتنێکی بەرچاو لە کۆبونەوەکانی ئەمڕۆدا بێتەدی، بەڵام لەو بڕوایەدام ئێمە لەسەر ڕێگایەکی ڕوونداین لە ڕوانگەی تێگەیشتن لە نیگەرانییەکان و هەڵوێسەکانی یەکتر."

ئەو گفتووگۆکەی بە ڕاشکاوانە و خۆڕسک ناوبرد بەڵام گوتیشی توند و مشتومڕاوی نەبوو.

وتیشی "ئەمە دانوستان نەبوو، بەڵکو ئاڵوگۆڕی نیگەرانی و بیرۆکەکان بوو."

بلینکن دووپاتیشی کردەوە کە هەفتەی داهاتوو بە نوسراوێک وەڵامی ڕووسیا دەداتەوە. بەڵام ئەو وەک وەڵامێکی ڕاستەوخۆ وەسفی نەکرد بۆ ئەو پێشنیارە ئەمنیانەی کە مانگی ڕابردوو لە لایەن مۆسکۆوە پێشکەش کران و وتی واشنتۆن کێشەکانی خۆی دەخاتە ڕوو.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتیشی"ئێمە پێشبینی دەکەین کە بتوانین نیگەرانی و بیرۆکەکانمان لە نووسینی هەفتەی داهاتوودا بە وردەکاریی زیاترەوە بخەینە بەردەم ڕووسیا و ڕێککەوتوین پاش ئەوە گفتوگۆی زیاتر بکەین."

بلینکن گوتیشی بایدن کە لە ساڵی ڕابردوو لەگەڵ پوتن لە ژنێڤ کۆبووەوە و دووجاریش بە ڕیگای تەلەفۆن هۆشداری لەمەڕ ئۆکرانیا داوە بە سەرۆکی ڕووسیا، دەخوازێت جارێکی تر لەگەڵیدا کۆببێتەوە. ئەو گوتیشی بە ڕاشکاوانە دژایەتی ئەمەریکای بۆ هەر هەوڵێک کە ببێتە هۆی سەرپێچیکردن لە سەروەری خاکی ئۆکرانیا و خەڵی ئۆکرانیا، بە لاڤرۆڤ ڕاگەیاندووە. داواشی لە لاڤرۆڤ کردووە بیسەلمێنێت کە لێدوانەکانی ڕووسیا ڕاستن لەسەر ئەوەی کە نیازی داگیرکاری لە ئۆکرانیا نییە.

سەرباری ئەو هەموو نیگەرانیانەی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لاڤرۆڤ ڕۆژی هەینی گوتی لە هەوڵی ئەوەدا بوو ئۆکرانیا وەکو وڵاتێکی دەستدرێژکەر وێنا بکات.

لاڤرۆڤ گوتی " هیچ کەسێک ئەو ڕاستییە ناشارێتەوە کە چەک ڕادەستی ئۆکرانیا دەکرێت و ئێستا سەدان مامۆستای سەربازی بەرەو ئۆکرانیا کۆدەبنەوە."

سەرەڕای ئەمەش وەزیری دەرەوەی ڕووسیا وتووێژەکانی ڕۆژی هەینی بە " بونیاتنەر و باش" وەسف کرد.

لاڤرۆڤ گوتیشی وتووێژەکان بەردەوام دەبن لەسەر داواکارییە ئاسایشییەکانی کرملن و ئەمەریکا و ڕووسیا وابەستەی ئەوەن نیگەرانییەکانیان بۆ وتووێژی داهاتوو بە نوسراو بدەن بەیەکتر.

لە لێدوانێکدا بەر لە دەستپێکردنی وتووێژەکەیان هەردوولا گوتیان پێشبینی هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاو لە وتووێژەکانی هەینیدا ناکەن.

لاڤرۆڤ هیوای خواست ئەمەریکا وەڵامێکی تۆکمەی بۆ نیگەرانییەکانی ڕووسیا پێبێت.

بلینکنیش گوتی ئەمەریکا پەیوەستە بە ڕێگای دیپلۆماسی و دیالۆگەوە، بەڵام هەروەها پابەندەیشە بە وەڵامدانەوەیەکی یەکگرتوو و خێرا و توند ئەگەر ڕووسیا دەستدرێژی بکاتە سەر ئۆکرانیا.

XS
SM
MD
LG