Accessibility links

پەرلەمانتارێکی پارتی: پارتی لێکگەیشتنی لەگەڵ سەدر ئیمزا نەکرد تا یەکێتی لێ ئاگادار کردەوە، بەڵام یەکێتی کشایەوە


Shwan Mihemmed, KDP MP
Shwan Mihemmed, KDP MP

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، گەر پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار نەگەنە ڕێککەوتن، کاندیدی پارتی بۆ پرۆسەکە ئامادەیە، پێشبینیشدەکات چوارچێوەی هەماهەنگی کە هێزە شیعە ناڕازیەکانی لەخۆ گرتووە، بەیەکڕیزی نەمێننەوە.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، شوان محەمەد پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی ئەگەری بەردەوامبوونی ڕێککەوتنی نێوان حیزبەکەی لەگەڵ سونە و ڕەوتی سەدر، دەڵێت "لێکتێگەیشتنی نێوان پارتی و ڕەوتی سەدر و سونە لە قۆناغی یەکەمدا، هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی لێکەوتەوە و پابەندبوونی باشی پێوەکرا، سەدر هەمیشە جەخت لەسەر پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە دەکاتەوە، ڕەنگە لێکگەیشتنەکە بەردەوام بێت و هەموو لایەنەکان پابەندبن پێوەی."

دەربارەی تێکچوونی نێوان یەکێتی و پارتی، لەکاتێکدا بە وەفدێکی هاوبەش چوونە بەغدا، شوان محەمەد وتی "یەکێتی پاشەکشەی کرد، وەفدە هاوبەشەکە کەچووە بەغدا لەلایەن کاک عیماد ئەحمەدەوە سەرۆکایەتی دەکرا، کاتێک جەماعەتی سەدر هاتنە هەولێر، پارتی ڕێککەوتنەکەی ئیمزا نەکرد، وتی هیچ ڕێککەوتنێک ئیمزا ناکەین، تا یەکێتی لە وردەکاریەکەی تێنەگات، یەکێتی سەرەتا تەرەدودی نەبوو، بەڵام لە پڕ بەرەی پارتی و حەلبوسی و سەدری جێهێشت و چوونە بەرەی چوارچێوەی هەماهەنگی، ڕەنگە تەکلیفیان لێکرابێت."

سەبارەت بە مەترسیەکانی ئاڵۆزبوونی دۆخی عێراق لە حاڵەتی بەردەوامبوونی ڕێککەوتنە سێ قۆڵیەکە و پەراوێزخستنی هێزە شیعیەکان، پەرلەمانتارەکەی عێراقی پارتی دەڵێت "هەموو شتێک لە عێراق چاوەڕوانکراوە، بەڵام ڕەنگە لەکۆتاییدا چوارچێوەی هەماهەنگی بەیەکگرتوویی نەمێنێتەوە، چونکە بێ دەسەڵات هەڵناکەن و دەیانەوێت بەشداربن، لەوانەیە سەدر ڤیتۆی لەسەر مالکی هەبێت، ڕەنگە حەزبکات عامری و عەبادی بەشداری پێبکات، بۆیە ئەو بۆچوونە هەیە کە ڕەنگە چوارچێوەی هەماهەنگی بەیەکگرتوویی نەمێنێتەوە."

شوان محەمەد پێشبینیکرد، پارتی و یەکێتی لە کۆتاییدا بگەنە دیدگای هاوبەش و ئەوەشی لەبەرژەوەندی هەرێم زانی، ڕوونیکردەوە گفتووگۆ لەنێوان هەردوولا لەسەر ئاستی باڵا بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ناوەندی هەیە، چونکە یەکڕیزنەبوون لەزیانی کوردە، وتی "ڕۆژی 25 ی ئەم مانگە، دادگای فیدرالی دوا بڕیار لەسەر دانیشتنی یەکەمی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەدات، پێشبینیش دەکرێت بڕیار لەسەر یاسایی بوون و دەستوری بوونی دانیشتنەکە بدات، ڕۆژی 28 ی مانگی داهاتوو دوا وادەیە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، ڕەنگە پارتی و یەکێتی بگەنە ڕێککەوتن."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، شوان محەمەد پەرلەمانتاری عێراقی پارتی، جەختیکردەوە "گەر پارتی و یەکێتی ڕێکنەکەون، هۆشیار زێباری کاندیدی پارتیە و پرۆسەکە لەنێو پەرلەمانی عێراق بێ گرفت دەڕوات."

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:52 0:00

کۆمێنتی خۆت لە ڕێگەی فەیسبوکەوە بنووسە

XS
SM
MD
LG