Accessibility links

هەلەو واشنتن: هاوپەیمانێتیەکەی موقتەدا سەدر و بارزانی بەرەو کوێ دەچێت؟


لە دوای هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی پەرلەمانی عێڕاق و دروستبوونی کوتلەیەکی پەرلەمانی لە سەدرو پارتی و سونکان، هەروەها کوتلەیەکی دی لە نێو شیعەکان و مانەوەی هەندێک کوتلەی براوەی ترهاوشێوەی یەکێتی نیشتیمانی لە دەرەوەی ئەو بازنەیە، ئیدی روون نییە، ئەو سێ لایەنەی هاوپەیمانییان بەستووە، کێکی دەسەڵات لە نێو خۆیاندا دابەش دەکەن، یاخود حزبە براوەکانی تریش بەشداری پێدەکەن.

لە پاش هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی و نیشانەکانی دەنگدانی ئەو لایەنانە بە یەکتری، ئایا کەشی دەنگدانی پەرلەمانتار لە ئایندەدا چۆن دەبێت؟ ئایا دەنگدان لە کوتلەیەکی بەکۆمەڵ تا چەند ئازادی بژارەکردن لەبەردەم پەرلەمانتاراندا تەنگەبەرتر دەکاتەوە؟
بۆ شرۆڤەکردنی ئەم بابەتە لە بەرنامەی هەڵەو واشنتندا ئەندام پەرلەمانە کوردەکانی پێشووی عێڕاق ڕەنگە باشترین کەس بن کە بتوانن ئەم بابەتە شیبکەنەوە، رەنگە ئەوان باشتر بتوانن شرۆڤەی پەرلەمانی ئێستا بکەن، بە تایبەتی لە کاتێکدا دابەش بوون و لێکترازاندن روویداوە لە نێوان شیعەکان و کوردەکان و تەنانەت لە نێو سونەکانیشدا.
دروست کردنی حکومەت لە لایەن لایەنە براوەکان و بەشداری پێنەکردنی لایەنەکانی تر، تا چەند دەتوانێت سەرکەوتووبێت، ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی پەرلەمانی عێڕاق لەم وتووێژەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، لە بارەی ئەم خولەی پەرلەمانەوە دەڵێت "ئێستا شیعە بوونەتە دوانە، هەروەها کورد و تا رادەیەکیش سونەکانیش، ئەم کوتلە دوانیانە دەستی پەرلەمانتار دەگرێت، وەک جاران پەرلەمانتار ناتوانێت دەستکراوەبێت، وەک خۆی دەنگ بە پرۆژەیەک بدات کە بە دڵیەتی، یان بتوانێت لە قسەی سەرۆکی کوتلەکەی دەربچێت.

پەرلەمانتار لەو دۆخەدا زیاتر کۆنتڕۆل کراوە و دەخرێتە چوارچێوەی فڕاکسیۆنەکەیەوە، بە نموونە لە دەنگدانی سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی بە روونی دیار بوو، شیعە هەمویان لە یەک بلۆکدا دەنگیان دابوو. هەروەها سونەش لەیەک بلۆکدا، دوا بەدوای یەک، هەروەها کوردیش. ئەوەش ئەوە دەردەخات کە وەکو کوتلە دەنگیان داوە. هەروەها بۆ مەسەلەی دروستکردنی متمانە، بەراستی ئەوە گرفتێکی گەورەیە کە متمانە نەبێت لە نێوان لایەنە سیاسیەکاندا، بە تایبەتی کە لە یەک هاوپەیمانیشدابن".

کورد لە هەرێمی کوردستان لە خولەکانی پەرلەمانی عێڕاق و حکومەتە یەک لە دوایەکەکانی دوای 2003 بەشدار بووە، بەڵام بەشداربوونی ئەمجارەی کورد جیاوازترە کە پارتی دیموکراتی کوردستان بە تەنها لەگەڵ سەدر و سونەکاندا هاوپەیمانی دروستکردووە، لە کاتێکدا ئەو دوو بەرەیە، بەردەوام ناکۆک بوون لەمەڕ کۆمەڵێک داواکاری دەستووری کورد لە عێڕاق، ئەحمەدی حاجی رەشید پێیوایە، پارتی زۆر لە مێژە لەگەڵ سەدردا لە وتووێژدا بوون، لەو بارەیەوە دەڵێت " لەگەڵ تەواوبوونی وادەی خولی پەرلەمان، پارتی 17 جار لەگەڵ سەدردا دانیشتوون.

پارتی بە بۆی روون بووەتەوە کە ناتوانن لەگەڵ ئیتاری تەنسیقی لایەکەی دیکەی شیعە بگەنە ئەنجام، بەهۆکاری ئەوەی ئیتاری تەنسیق فرە جەمسەرن. دەتوانن لەگەڵ سەدر رێکبکەون کە هەموو بڕیارەکانیان لە لای موقتەدا سەدرە، ئەگەر بڕوانیتە پێکهاتەی پارتی دیموکراتیش لە زۆر روەوە لە پێکهاتەی سائیرون دەچێت، کەسێکی سەرکردەیان، هەموو بڕیارەکانی لە لایە و هەر بڕیارێکیش بدرێت دەچێتەوە لای موقتەدا سەدر، هەمان شتیش بۆ پارتی هەروایە، هەموو بڕیارێک دەچێتەوە لای مەسعود بارازانی، سەرۆکی پارتی دیموکرات".

سەبارەت بە داواکارییە دەستوورییە سیاسییەکانی کورد لە بارەی پرسی مادەی 140 و هەروەها هێزی پێشمەرگە و بودجەی هەرێم، ئەحمەد حاجی رەشید پێیوایە هەر شتێک لەو روەوە بخرێتە نێو باسەوە، وەکو کوتلە دەنگی لەسەر دەدەن و هەرگیز سەدریش شەقام لە هەمبەر خۆیدا ناوروژێنێت "بە نموونە نزیکترین شت مەسەلەی موازەنەیە، کە بودجەی هەرێم بەو چەشنە دەدرێت، کە دەبێت کورد نەوت رادەستبکات، ئەوە رای شەقامیشە موقتەداش لەو رایە خۆی لا نادات".

پۆستی سەرۆک کۆمار بە تەواوەتی نێو ماڵی کوردی پەرتەوازەتر کردووە، ئێستا پارتی و یەکێتی لە ململانێی ئەو پۆستەدان، جگە لە چەند کاندیدێکی دیکەش.
هەرچەندە لە رابردوودا سەرۆک کۆمار لە یەکێتی بووە، بەڵام پارتی دیموکرات، هوشیار زێباری وەک بەربژێری خۆی دەستنیشان کردووەو کشانەوەی زێباریشی بە کشانەوەی بەرهەم ساڵحەوە گرێداوە، هەرچەندە هێشتا روون نەبووەتەوە کە یەکێتی بەربژێری تر دەخاتە بەردەم پارتی دیموکرات و پاشەکشی بە بەرهەم ساڵح دەکات یان نا؟ لەو بارەیەوە پەرلەمانتارەکەی پێشووی پەرلەمانی عێراق ئەحمەدی حاجی رەشید، پێی وایە ئەمە تاکتیکێکی پارتییە، تاوەکو یەکێتی بخاتە نێو هاوپەیمانێکەیانەوە و بەوەش بلۆکە پەرلەمانیەکەیان بکەنە 200 کورسیەک، لەو بارەیەوە دەڵێت "یەکێتی کەوتووەتە نێوان دوو بەرداش، ئەگەر بچێتە ناو هاوپەیمانیەکەوە، دۆستێکی دێرینی وەکو ئێرانی لە دەستدەچێت، کە کاریگەری ئێران لەسەر عێرق و ناوچەکە نادیدە ناکرێت، ئەگەر لە دەرەوەش بمێنێتەوە، رەنگە پۆستی سەرۆک کۆمار لە دەستبدات. بە ڕای من یەکێتی پۆستی سەرۆک کۆمار لە دەستبدات چاکترە بۆ یەکێتی، تاوەکو لە ژێر فشاری پارتیدا پاشەکشێ بە بەرهەم ساڵح بکەن. ئەگەر بچێتە ئەو هاوپەیمانیەوە، ئەوا دەکەوێتە بەردەم هەڕەشە و هەژموونی پارتییەوە".

ئەحمەدی حاجی رەشید لە درێژەی وتوێژەکەی لە بەرنامەی هەلەو واشنتنی دەنگی ئەمەریکا باس لە بازرگانیکردن بە دەنگی پەرلەمانتارانەوە دەکات. هەروەها باس لەو دوو کەرت بوونانەش دەکات کە چەندە زیانی بە شیعە گەیاندووە ئەوەندەش زیانی بە کورد گەیاندووە. لەو بارەیەشەوە دەڵێت "ئەو دوانە شیعەیە سەدرو ئیتار چەندە لە زیانی شیعەیە، ئەوەندەش لە زیانی پارتی دیموکراتە، ئێران بەڵێنی لە هەریەک لە پارتی ویەکێتی، هەروەها لە سونەکانیش وەرگرتبوو کە هەوڵی تێکدانی نێو ماڵی شیعە نەدەن.

ئێستا لایەنی ئیتارو تەنسیق گلەییەکانیان لە هەمبەر کوردەو بە تایبەتیش لە بارزانی، باس لەوە دەکەن کە بەردەوام شیعە هەوڵی داوە لەگەڵ کورد وەک یەک پێکهاتە مامەڵە بکات، هەروەها دەشڵێن بۆچی مەسعود بارزانی هەوڵی بەردەوامی بۆ یەک خستنی نێو ماڵی سونە بووە، بەڵام نێو ماڵی شیعە پەرتدەکات؟".

چەند رۆژێکە رووداوە توندوتیژ ئامێزەکان جارێکیتر بوونەتەوە بە دیمەنی شەقامی عێراقی، هەر لە سوتاندنی بارەگایەکی پارتی لە بەغدادەوە بگرە هەتا دەگاتە پەلاماردانی شوێنی سونەکان و سەدرو هێرش کردنە سەر بارەگای جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە کەرکوک کە پارتییە و لە نێو بەغداش هێرش کردنە سەر دوو بانک کە خاوەندارێتییەکەیان کورد بوون. رەنگە هەموو ئەو هێرشانە وەک میوانەکەی هەلەو واشنتنیش ئاماژەی بۆ دەکات لە هەمبەر دروستبوونی ئەو بلۆکە پەرلەمانیەی نێوان بارزانی، سەدر و حەلبوسی کەوتبێتەوە، هەرچەندە بە پێی هەندێک زانیاری ئەو لایەنانەی دیکەش داوایان کردووە کە لە حکومەتدا بەشداریان پێبکرێت، لە بەرامبەردا روون نەبووەتەوە کە موقتەدا سەدر پاشگەز ببێتەوە لە پێکهێنانی حکومەتی نیشتیمانی بە بەشداری لایەنە براوەکان.
لەو بارەیەوە ئەحمەدی حاجی رەشید دەڵێت "ئەو لایەنانەی کە لەدەرەوەی ئەو هاوپەیمانیەن، بەهەزاران گروپی چەکداریان هەیە، پێناچێت ئەگەر رێککەوتنێک نەیەتە ئاراوە کە دڵخوازی ئەوانیش بێت، دۆخی عێراق ئاسایی بێتەوە و توندوتیژی هەڵنەکشێت، دۆخی نێو پەرلەمانیش لە خولی رابردوو ناجێگیر تر دەبێت".

دەقی بەرنامەی هەلەو واشنتن:

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:11 0:00

XS
SM
MD
LG