Accessibility links

دادوەر ڕزگار محەمەد ئەمین: ئەگەر هەڵبژاردن لە ناو خەڵکدا بووایە دەنگی پێویستم دەهێنا


دادوەر ڕزگار محەمەد ئەمین یەکێک لە کاندیدەکان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەڵێت" پۆستی دادوەریم پێخۆشترە لە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، دادوەری بە هیچ پۆستێک ناگۆڕمەوە بەڵام من لە کۆتایی کاری دادوەریدام چەند مانگێکی کەمم ماوە."

دەشڵێت "من لەناو دادوەریدا ئەوەندە غەدرم لێکراوە هێشتا کاری دادوەریم لەبەرچاو نەکەوتووە، بەڵام دادگا و دەزگای دادوەریم لەبەر چاو کەوتووە، من زۆر لە ئاستی ئیدارەی قەزائیدا زۆر ستەمکاری بەرامبەر من کراوە بەڵام لە شوێنی خۆمدا ئیشی خۆمم کردووە و بەردەوام دەبم هەتا ئەو ڕۆژەی خانەنشین دەبم، ئەمەش خزمەتێکی ترە بۆ خزمەتی خەڵکی، من بزانم میللەت منی ناوێت پێم عەیبە بچمە هیچ کێبڕکێیەکەوە کە پەیوەندی بە هەر وەزیفەیەکی گشتیەوە هەبێت."

دادوەر ڕزگار ئەوەشی وت" هەرچەندە ئەگەری دەرچونم زەحمەتە چونکە لە عێراق پۆستەکان بە ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانە، بەڵام ناکشێمەوە و گرنگ بەشداریکردنە لە پرۆسەیەکی دیموکراسی، خۆ ئەگەر هەڵبژاردن لەناو خەڵکەوە بووایە دەنگی پێویستم دەهێنا بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار."


"چی لە پشت خۆکاندید کردنەوەی حاکم ڕزگارەوەیە؟"

لە سەرەتای وتووێژەکەی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا، دادوەر ڕزگار محەمەد ئەمین سەبارەت بەوەی چی لە پشت خۆکاندیدکردنەوە هەیە یاخود چی هانی دا حاکم ڕزگار خۆی کاندید بکات کە لە ئێستادا ئەندامی بەرزترین دادگاکانی کوردستانن کە دادگای پێداچوونەوەیە، چی وای لە حاکم ڕزگار کرد کە خۆی کاندید بکات؟

دادوەر ڕزگار محەمەد ئەمین وتی" سوپاس بۆ وتوێژەکەتان، سەرۆکی کۆمار وەزیفەیەکە وەک هەر یەک لە وەزیفەکانی تر لە وڵاتدا، ئەمە مافێکی دەستوریە بۆ هەر هاووڵاتیەک ئەم مافە بەکار بهێنێت، عێراقیەکان هەموویان لە ماف و لە بەردەم یاسادا یەکسانن، هەلی کارکردن و هەلی بەشداریکردن لە کارە گشتیەکان بۆ هەموو کەس ڕەخساوە بەپێی ماددەکانی 14،16، ماددەی 14 یەکسانییە و ماددەی 16 هەلی کار لەبەردەم هەموو کەس یەکسانە، لە ڕاستیدا منیش وەکو مافپەروەرێک کە ئەو مەرجانەم هەیە کە لە یاساکەدا دیاریکردووە، شارەزاییەکی پیشەیشم هەیە، وە لەناو ئەو پیشەیەی کە پەیڕەوم کردووە سلوکی فەرمانبەرێکی باشم پەیڕەو کردووە، لە خۆم ڕادەبینم و حەزیش دەکەم خزمەتی زیاتر بکەم هەتا ئەوەندەی توانا و تاقەتم هەیە، من کاری دادوەریم پێخۆشە لە هەموو کارێکی ترم پێخۆشترە، بەڵام من بەرەو کۆتایی هاتنی کاری دادوەری دەڕۆم، وە ئەویش ئەو پۆستەش کە وەربگیرێت هەروا دەبینم کە کاری دادپەروەرییە بەڵکو چۆن لە مەجالی دادوەری خۆمدا هەرچی توانیبێتم درێغیم نەکردووە بەو هیوایەشم کە لەو مەجالەشدا درێغی نەکەم بۆ خزمەتی خەڵک و بۆ خزمەتی دادپەروەری. "

" لە مانگی هەشتەوە ڕەغبەتی خۆکاندید کردنم هەبوو"

دەربارەی ئەوەی ئایا پێشتر ویستی خۆ کاندید کردنت هەبوو یاخود بڕیارێکی کتوپڕبوو؟

لە وەڵامدا دادوەر ڕزگار محەمەد ئەمین وتی" لە مانگی هەشتەوە من لە بەغداد لە کۆنگرەیەک بووم، زۆر خەڵکم بینی لە کۆنگرەکە بەرەو ئەوە دەچوو کە هەڵبژاردن دەستپێبکات، هەندێک لە ڕۆشنبیرانی گەورەی عەرەب کە لەوێ بینیمن لە خەڵکی ئەکادیمی ئەو بیرۆکەیان لەگەڵدا باس دەکردم زیاتر هانیدام منیش لە ڕاستیدا ئەو کاتە لە ڕۆژنامەیەک لە ڕۆژنامەکانی بەغداد چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کردم و تەرحی ئەو بابەتە کرا منیش لە دڵی خۆمدا ڕەغبەتێکم هەبوو بەڵام ئەوە زیاتر هانیدام کە خەڵکێک هەیە بڕوای بەوە هەیە من شیاوم بۆ ئەو شوێنە واتە لەسەر بنەمای ئەوە کە خەڵکانێک باوەڕیان پێم هەیە کە من دەتوانم شتێک پێشکەشی ئەم وڵاتە بکەم. "


ئایا بنەمای ئەو ئیمانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕۆڵەی کە بەڕێزتان بینیتان لە پرۆسەی دادگاییکردنی سەرانی ڕژێمی بەعس لە دوای 2003؟

وەڵامەکەی دادوەر ڕزگار محەمەد ئەمین دەڵێت" ئەوە یەکێکە لەوانە، من لە ساڵی 1983 وە من لە وەزیفەدام ئەوە ماوەیەکی کەم بەڵام چونکە لە ڕێگەی میدیاوە بینرا بەڵام من لە ساڵی 1983 وە لە کاری عەدالەتدا کار دەکەم و کارم زۆر کردووە و بە هەمووی شانازی دەکەم کە ئەو قۆناغە هیچ درێغیم نەکردووە لەوەی کە بەبێ لایەنانە و بە خاوێنی و بەدەستپاکی و بە شێوەیەکی دروست و یاسایی ئیلتیزامم بە یاساوە کردووە، دیارە ئەو کەسانەی کە شارەزان و پسپۆڕی ئەو بوارەن دەزانن چی دەڵێن بەدڵنیاییەوە ئەمە دەورێکی تری هەیە کە من زیاتر ناسرام لە ڕێگەی میدیاکانەوە و دوای ئەوەش ئەوە 15 ساڵە ئەو دادگاییە تەواو بووە دیارە خەڵک بەدواداچوون دەکات، وە زۆر سوپاسی ئەو خەڵکانە دەکەم ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات و ناوەوەی وڵات و ئەوانەشی کە دەیانناسم و ئەوانەی کە نایانناسم، بە ڕاستی ئەو پشتگیریە زۆرە هاندانێکی زیاتر و سووربونێکی زیاتری داومەتێ من سوپاسی ئەو خەڵکانە دەکەم لە هەر شوێنێکی دنیام لە کورد و لە غەیری کورد لێرەوە لە ڕێگەی ڕادیۆکەی جەنابتانەوە ئەو سوپاسە بە هەموو خەڵک بگەیەنم کە متمانەیان بە من هەیە و گومانی باشیان هەیە بەرامبەرم. "

"وەڵامی ڕەخنەکانی خەڵک دەداتەوە"

دادوەر ڕزگار محەمەد ئەمین وەڵامی هەندێک تێبینی خەڵکی دەداتەوە کە دەڵێن، حاکم ڕزگار ناکرێت خۆی بخاتە ناو ململانێی ئەو پۆستەوە؟


لە وەڵامدا ڕزگار محەمەد ئەمین وتی" ئەوەش دڵسۆزییە و دیوێکی تری ئەم بابەتەیە منیش پشتگیری ئەوان دەکەم بەڵام بۆچی وەها دەڵێن چونکە ئەوان نیگەرانیەکیان هەیە کە لە دڵسۆزی خۆیانەوەیە، برادەرێکی دڵسۆزی مناڵیم تەلەفونێکی تایبەتی بۆ کردووم پێم دەڵێت لەم بابەتە لەوانەیە تۆی تیا ناشیرین ببیت هەڵبەتە ئەم دیوێکی ڕاستی ئەو بۆچوونانەیە و منیش ڕێزێکی زۆر لەو بۆچونانە دەگرم بەڵام مرۆڤ دەبێت هەتا ئەزموونەکان ببینێت و بە شارەزایی خۆی هەوڵبدات ساحەکە چۆڵ نەکات واتە ئەزمونێکە و تاقیدەکەینەوە، ئەو تاقە و توانایەی خۆم دەخەمە بەردەم ئەو ئەزموونە بۆ ئەوەی بتوانیت (لَا يُكَلِّفُ اللَّهُ نَفْسًا إِلَّا وُسْعَهَا) ئەوەندەی کە دەتوانم بیکەم بە نیەتێکی خاوێن بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکرێتەوە بۆ پلە و پۆست بچین و بۆ پارە و پارە کۆکردنەوە بچین، هەرچی بتوانین بە شێوەیەکی خاوێن و ئەمین هەروەک چۆن ئەو چەند ساڵانەی تر لە پیشەکەمدا کارم کردووە، من ئەگەر ئەم پۆستە وەربگرم هەڵبەت ئەمە ئەگەرێکی دووریشە چونکە بارودۆخی سیاسی ئەم بابەتە یەکلایی دەکاتەوە و ڕای کوتلە کوردییەکان لە دواجاردا بڕیار لەسەر ئەو بابەتە دەدەن لەناو ئەنجومەنی نوێنەراندا ئەو بابەتە یەکلا دەبێتەوە بەڵام ئێمە ئەوەی کە لە تواناماندا هەیە دەیکەین هەندێک جار ئەو بیرۆکەیەش ڕاستە پێچەوانەکەی ئەوەش کە دەڵێن ئەگەر خەڵکێک نایەتە پێشەوە ئێمە بڵین چی ئەوەش پرسیارێکە کە دەکرێت."

"ئایا حیزب و لایەنە سیاسیەکان پشتیوانی حاکم رزگار دەکەن؟ "

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کێ لە پشت خۆکاندیدکردنی حاکم ڕزگارەوەیە بەدەر لە پشتیوانی ئەو خەڵکە بەڵام ئایا هیچ حزبێک چ عێراقی چ کوردی ، هیچ کەسایەتی سیاسی لە پشت بەڕێزتانەوە هەیە کە خۆتان کاندیدکردووە یان بە سەربەخۆیی وەکو حاکم ڕزگار خۆت کاندید کردووە؟

دادوەر ڕزگار محەمەد ئەمین دەڵێت "بە سەربەخۆیی خۆم کاندید کردووە ، بەدڵنیایەوە هیچ لایەن و گروپێکی سیاسی لە پشت کاندیدکردنمەوە نیـیە،‌ بەڵام لە ناو حیزبە سیاسیەکانیشدا وەکو کەس کە هەواڵی کاندیدکردنی من بڵاوبوویەوە پێیان خۆشە زۆرێک لەوانەش پێیان خۆشە کە لە حزبی جیاوازدان لە کوردی و عەرەبی و بە هەموو ئاڕاستەکانیانەوە خەڵکانێک هەن کە لە دڵەوە پێیان خۆشە، وە هەندێک کەسایەتیش کە خەڵکی ڕۆشنبیرن و ئەکادیمین و شارەزایی کارکردنی پیشەییان هەیە زۆر لەوانە بۆچونیان وایە کە ئینسان بچێتە پێشەوە بۆ بەشداریکردنەکە ئەگەر توانی و هەلی کارکردنی هەبوو هەرچی چەند توانی با ئیش بکات."

"هاندەری من ئەو خەڵکە ڕۆشنبیرە و ئەو خەڵکانەن کە خەمی ئەم وڵاتەیان هەیە و خەمی خاوێنی ئیدارەیەکی ئازادی سەربەخۆی چوست و چالاکیان هەیه"


واتە خۆت قسەت لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان کردووە؟


لە وەڵامدا دادوەر ڕزگار محەمەد ئەمین دەڵێت "بەدڵنیاییەوە وەکو سەربەخۆ لە هۆشیاری خۆمەوە بە تەنها بیرم لەم ئەرکە کردۆته کە خۆم کاندید بکەم، ‌ بەڵام هاندەری من ئەو خەڵکە ڕۆشنبیرە و ئەو خەڵکانەن کە خەمی ئەم وڵاتەیان هەیە و خەمی خاوێنی ئیدارەیەکی ئازادی سەربەخۆی چوست و چالاکیان هەیە، ئەوانەی کە پێیانخۆشە خەڵکی وڵاتەکە بەرەو ڕەفاهیەتێک بڕوات بێگومان ئەوە بە تەنها بە سەرۆکی کۆمار ناکرێت بەڵام هەریەکە لە شوێنی خۆیەوە، دەسەڵاتەکان جیاکراونەتەوە بەڵام ئەوەندەی کە بتوانرێت گرنگە کە ئینسان خۆی پیشان بدات بۆ ئەوەی کە ئەو خزمەتە بکات، من خۆم خستۆتە بەردەم میللەتەکە و نوێنەرانی میللەتەکە با ئەوان بڕیار بدەن ئەگەر لەگەڵ ئەوەن بەلانی کەمەوە کەسی شیاو وردە وردە بچێتە شوێنی شیاو کە ئیدارە هەر بەوە ڕاست دەبێتەوە ئەوا با بڕیارێکی بە ویژدانانەی خۆیان بدەن، وە ئەگەر کەسی تر بڕیاری جۆرێکی تر دەدات کەیفی خۆیەتی ئەوە خەتای من نییە، ئەوە خەتای ئەوانەیە کە دەنگمان نادەنێ، ڕێز لەو دەنگنەدانەش دەگرم وەکو مرۆڤ. "


دادوەر ڕزگار محەمەد لە وەڵامی ئەو پرسیارەی، ئەو پشتگیریەی خەڵک بۆچی دەگەڕێتەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان هەم تۆڕی کۆمەڵایەتی کوردی و هەم عەرەبیش، ئەو پشتگیرییەی جەماوەر کە لە خەڵکی شەقام کۆمێنت نووسین و پۆست لەسەر کردنە بۆچی دەگەڕێتەوە لە کاتێکدا حاکم ڕزگار خاوەنی حزب نییە؟

دادوەر ڕزگار وتی"ئەوە دەبێت لەخۆیان بپرسرێت، هەڵبەتە خەڵک وشیارە بە تایبەتی ئەمڕۆ سۆشیال میدیا هەیە ئاگایان لە هەڵسوکەوتی خەڵکیە هەر کەسێک بێت بە چاکەکانی و بە خراپەکانیەوە بۆیە ئەمڕۆ ئامرازەکانی پەیوەندیکردن زۆرن و خێران، هەڵبەتە 40 ساڵ لە وەزیفەدا بووم و لە سلێمانی کارم کردووە بۆ ماوەیەکی زۆر، وە لە بەغداد کارم کردووە، لە هەولێر ماوەیەکی زۆرە کار دەکەم و لە لیژنەی تردا ئەم مەسیرەیەی من هەمە کەم نییە و لە 40 ساڵ نزیک دەبێتەوە، ئەو خەڵکانەی کە دەیانناسم و هەندێکی برادەرمن هەندێکیشیان ڕەنگە هەر لە دوورەوە یەکتر بناسین پەیوەندی دەکەن و دەستخۆشی دەکەن کە خەڵکی باش وردە وردە بچێتە کایەی کارکردنی وەزیفەوە هەڵبەتە لەناو وەزیفەشدا خەڵکی زۆر باشی تێدا هەیە لە هەموو مەجالەکاندا هەیە بەڵام هەتا ئەم نەفەس و ئەم ژمارەیە زیاتر بێت بەدڵنیاییەوە باشتر دەبێت و هەلی سەرکەوتنی ئیدارەیەکی دروست حکومەت و سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی کۆمار و پەرلەمان هەموو لە خزمەتی خەڵکیدا دەبێت و ئیدارەیەکی دروست خزمەتی باشی خەڵکی پێ بکرێت ئامانجەکەی من ئەمەیە چونکە من ئەمە بە وەزیفە دەزانم."

"دەمەوێت بەشدار بم لە پرۆسەیەکی دیموکراسیدا وەکو هەرکەسێکی تر مافی ئەوەی هەبێت بێتە ئەم پرۆسەیە. "

"ئەمە ڕێگایەکە و هەڵمانبژاردووە ئەنجامەکەی نازانیین چییە بەڵام بڕیار لای ئەنجومەنی نوێنەرانە، سەبارەت بە من سوپاسی هەر کەسێک و هەر لایەنێک دەکەم کە پشتگیری لە من دەکات، لە ڕاستیدا ئینسان بە تەنها ناتوانێت سەربکەوێت ئەگەر پشتگیری نەبێت، پشتگیری کوتلە کوردییەکان لە کوردستان ئەگەر پشتگیری نەکەن هەم هەلی سەرکەوتن و بردنەوە نییە لەناو پەرلەماندا هەم هەلی سەرکەوتنیش دوای ئەوەی ئەگەر ئەو پۆستەش، ئەمە بردنەوە و دۆڕاندن نییە بەڵکو کاندیدکردنە لەوانەیە دەنگ بهێنین یان نەیهێنین چونکە لەلای من بردنەوە و دۆڕاندن لەم بابەتەدا نییە بەڵکو من پرۆسەیەکی دیموکراسی مومارەسە دەکەم، دەمەوێت بەشدار بم لە پرۆسەیەکی دیموکراسیدا وەکو هەر کەسێکی تر مافی ئەوەی هەبێت بێتە ئەم پرۆسەیە و پرۆسەی دیموکراسیشی پێ دەوڵەمەند بکرێت بۆ ئەوەی خەڵکی بەشداری ئەم پرۆسە دیموکراسیە بکات کە منیش یەکێکم لەوان ."

" ئەگەر هەڵبژاردن لەناو خەڵکەوە بووایە دەنگی پێویستم دەهێنا بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار"

دادوەر ڕزگار محەمەد ئەمین لە وەڵامی ئەو پرسیارەی (پێتان وایە ئەگەر هەڵبژاردن لەناو خەڵکەوە بوایە، حاکم ڕزگار چانسی وەرگرتنی ئەو پۆستە و سەرکەوتنی زیاتر بوو؟

دادوەر ڕزگار محەمەد ئەمین دەڵێت" بە ڕای خۆم بەڵێ. "

چۆن ئەو دڵنیایەت هەیە؟

لە وەڵامدا دادوەر ڕزگار محەمەد ئەمین وتی“ من فەیسبوکیشم نیـیە، بەڵام هەندێک ئەنجامی فەیسبوکم پێ دەڵێن کە خەڵکی زۆر پشتگیرم لێ دەکات، خۆم وەتس ئاپم هەیە زۆر نامەی پشتگیریم بۆ دێت لە خەڵکانێکەوە هەندێکیان هەر ناناسم، بەشێکی لەسەر شەقام تووشی دەبم ڕەنگە هەر کوردیش نەبێت جاری واهەیە پێم دەڵێن دڵمان خۆشە و پێمانخۆشە دەڵێن حەزدەکەین خەڵکانی باش ئیدارەی وڵاتی پێ بدرێت و میللەت دڵی پێخۆش دەبێت، ڕووناک بوونەوەی ژیانی خەڵکی هەڵبەتە هەر لە ڕێگەی خەڵکی باش و ئیدارەی باش و نیەتی باشەوە دێتە دی، هەموو ئەم ئیشانەی کە دەیبینین هەمووی دەبێت پسپۆڕی بێت ، ئیش دەبێت بدرێتەوە خاوەن کارەکانی خۆی ئەوانەی کە لێی دەزانن، خەڵکی شیاو بۆ شوێنی شیاو دانەنرێت هیچ ئیدارە و وڵاتێک سەرکەوتوو نابێت. "

"ئایا پەیوەندی لەگەڵ هیچ لایەنێک کردووە بۆ دەنگهێنان؟"


وەڵامەکەی دادوەر ڕزگار محەمەد ئەمین بەم جۆرە بوو" نەخێر لایەنە کوردییەکان یان لایەنە عەرەبیەکان منیان بینیووە و ئەمبینن، وە کاندیدکردنەکە لە میدیاکاندا بڵاوبۆتەوە، ئەوەی کە دەیەوێت پشتگیریم لێ بکات ماڵی ئاوا بێت، ئەوەشی خۆی کاندیدی هەیە ئەوەش بابەتێکی ترە، ئەوەی کە کاندیدی هەبێت هەتا کاندیدی هەبێت و سوور بێت لەسەر کاندیدی خۆی ڕەنگە منیش بە مەنتیقی نەزانم بچێت ئەندامێکی تر هەڵبژێرێت بەڵام ئەم بابەتە کۆمێنتم هەیە لەسەری حزبە کوردییەکان بە تایبەتی حیزبە گەورەکان ئەمان حزبی نەتەوەیین دەبێت خەڵکی کوردستان هەموو بە یەک چاو تەماشا بکەن، دەبێت لە دائیرەی تەسکی حزبایەتی ئەم بابەتە بهێننە دەرەوە بە تایبەتی ئەگەر پۆستەکە بۆ پێکهاتەی کورد بێت هەر کوردێکی لێهاتوو چووە پێشەوە شەرفێکی گەورەیە بۆ حزبە کوردییەکان ئەوان پشتگیری لەو بکەن لەبەر ئەوە ئەوان دەتوانن پشتگیری لە ئەندامەکەی خۆیان بکەن ئاساییە و لۆمەش ناکرێن بەڵام کە وەکو حزبێکی نەتەوەیی نمایش دەکەن دەبێت هەموو خەڵکی کوردستان بە یەک چاو سەیر بکرێت بۆ پۆستەکان دەبێت سەیری توانا و لێهاتوویی بکرێت مەقایس دابنێن خەڵکیش دەبێت کاریگەری هەبێت لەسەر ڕای سەرکردایەتی حزبەکان ئەگەر ئەو پشتگیریە کرا ماڵیان ئاوا بێت، نەشیان کرد ئەوە کەیفی خۆیانە ئێمە ئەوەی لەسەرمانە بەپێی ئەو توانا و ڕەغبەتەی کە هەمانە کە ئەمە کارێکی قورسیشە و کارێکی ئاڵۆزە. "

"لەناو دادوەریدا ئەوەندە غەدرم لێکراوە، دادگا و دەزگای دادوەریم لەبەرچاو کەوتوو"... من بزانم میللەت منی ناوێت پێم عەیبە بچمە هیچ کێبڕکێیەکەوە کە پەیوەندی بە هەر وەزیفەیەکی گشتیەوە هەبێت.


دادوەر ڕزگار محەمەد ئەمین دەڵێت "من لە ناو دادوەریدا ئەوەندە غەدرم لێکراوە هێشتا کاری دادوەریم لەبەرچاو نەکەوتووە بەڵام دادگا و دەزگای دادوەریم لەبەر چاو کەوتووە، من زۆر لە ئاستی ئیدارەی قەزائیدا زۆر ستەمکاری بەرامبەر من کراوە بەڵام لە شوێنی خۆمدا ئیشی خۆمم کردووە و بەردەوام دەبم هەتا ئەو ڕۆژەی خانەنشین دەبم، ئەمەش خزمەتێکی ترە بۆ خزمەتی خەڵکی، من بزانم میللەت منی ناوێت پێم عەیبە بچمە هیچ کێبڕکێیەکەوە کە پەیوەندی بە هەر وەزیفەیەکی گشتیەوە هەبێت."

"دادوەری بە هیچ پۆستێک ناگۆڕمەوە"


کەواتە حاکم ڕزگار دادوەری پێخۆشترە یاخود پۆستی سەرۆک کۆمار؟


دادوەر ڕزگار محەمەد وتی" دادوەری بە هیچ پۆستێک ناگۆڕمەوە بەڵام من لە کۆتایی کاری دادوەریدام چەند مانگێکی کەمم ماوە."

هیچ لایەنێکی سیاسی پەیوەندیان پێوە نەکردووی وەکو پشتگیری بڵێن ئێمە دەنگ دەدەین بە تۆ ؟

دادوەر ڕزگار دەڵێت" هەتا ئێستا نەخێر"

ئەی دژایەتیان نەکردووی؟

"هەتا ئێستاش هیچ دژایەتیەکیشم لە هیچ کەسێکەوە هەست پێنەکردووە."

دادوەر ڕزگار دەربارەی ژمارەی زۆری ئەو کەسانەی خۆیان کاندید کردووە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دەڵێت" ئەمە پرۆسەیەکی دیموکراسیە کێ بەشداری تێدا دەکات مافی خۆیەتی وەکو چۆن من بەشداریم تێدا کردووە خەڵکانی تریش مافی خۆیانە بەشداری تێدا بکەن بەشتێکی ئاسایی سەیری دەکەم، من پێمخۆشە کە پرۆسەی دیموکراتی ئاوا بچێتەپێشەوە، خەڵکی بێلایەن بێنە کایەکە و بێنە مەیدانەکەوە چ ڕێگریەک هەیە لەسەر ئەوە ئەی پرۆسەی دیموکراسی واتای چی، بۆچی هەر لەسەر چەند کەسێک و چەند حزبێک ڕابوەستێت، ناکرێت بوترێت لە وڵاتدا ئەرکم لەسەرە و مافی ئەوەم نەبێت لە پۆستێکی گرنگدا بەشداری بکەم ئەوەیان شتێکی خراپ نییە بۆ داهاتووی وڵات خراپ نییە، بۆ دواڕۆژی دیموکراسی و ئیدارەیەکی دروست دەبێت ئەو جۆرە شێوازەی کارکردن کە چەند ساڵە کراوە دابەشکردنی پۆستەکان لە نێوان حزبەکاندا بێت و هاوڵاتی تری غەیرە حزبی دەرجە دوو و سێ بێت ئەمە شتێکی خراپە و من پێم باش نییە، بە حزبی سەرکەوتوو دابنرێت و ئیدارەی سەرکەوتومان پێ بدات زۆرمان پێباشە بەڵام ئێمە دەبینین کە ئیدارە وردە وردە بەرەو دواوە دەچێت. "

" کارنامەی حاکم ڕزگار لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار"

لە گفتوگۆکەدا بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا پرسیاری ئەوەی کرد" حاکم ڕزگار دەیەوێت چی بە تایبەتی بۆ کورد بکات کە لە دوای 2003 وە پۆستی سەرۆک کۆمار کورد بووە، دەتەوێت چ شتێکی جیاواز تایبەت بۆ کورد بکەیت، وە بۆ عێراقیش بە گشتی ئەگەر ئەو پۆستە وەربگریت؟"


لە وەڵامدا، دادوەر ڕزگار محەمەد ئەمین ڕایگەیاند" من دادوەرم و کەسێکی ڕاستگۆم هەرشتێک نەتوانم بیکەم نایڵێم بەڵام ئەوەی نیازی منە و ئامانجی من مافی مرۆڤ بپارێزم و پاراستنی دەستورە، لە دەستوریشدا مافی هەموو هاوڵاتیەکی عێراقی تێدایە لە ناویشیاندا کورد و کوردستانیش بۆیە لە هەر شوێنێک ستەم هەبێت من هەوڵدەدەم لەگەڵ ستەم لێکراودا بم ، وە یاسا و دەستور بپارێزم ئەوەش ئەرکی ئەو سەرۆک کۆمارەیە کە هەڵدەبژێرێت، لەناو دەستوریشدا لە هەموو دەرگاکانی مافی مرۆڤی داوە، دەتوانرێت بچنە ناو ئەو بابەتانەوە کە بەرگری لە مافی مرۆڤ دەکات، من ئەوەندە دەتوانم بڵێم لە هەر شوێنێک شکاندنی دەستور، شکاندنی مافەکانی مرۆڤ هەبێت من هەوڵدەدەم ڕێگربم و چارەسەری ئەو کێشانە بکەم، کوردیش یەکێکە لەو میللەتە ستەملێکراوانەی کە پێویستە بەرگریەکی تەواوی لێ بکرێت، لە ڕاستیدا من زۆر تەشەنوجی قەومیم نییە بە تایبەتیش ئەو پۆستەش کە وەردەگیرێت پۆستێکی گشتیە بۆ خەڵکی عێراقە ڕاستە بە پێکهاتەی کوردی دراوە بەڵام کە دەچنە ئەو شوێنە و سەر ئەو کورسیە دەبێت بە موڵکی یاسا و عەدالەت و پاراستنی دەستور و موڵکی هەموو خەڵکی عێراقیە بە تایبەتی کوردیش بەشێکە لەوەی کە دەبێت بە تەواوەتی بەرگری لەو مافانە بکرێت کە دەستور بەو میللەتە هەژار و ڕەشوڕووتەی داوە."

"ناکشێمەوە"


داوات لێنەکراوە یان لە ژێر فشاردا نیت لە کاندیدبوون بکشێیتەوە کە خۆشت دەڵیت دەرناچم؟

وەڵامەکەی دادوەر ڕزگار بەم جۆرە بوو" فشار نییە بەڵام هەندێک برادەر بە ناڕاستەوخۆ قسە دەکەن، من ناکشێمەوە چونکە بابەتەکە لەلای من خۆ تەرحکردنە بۆ خزمەتێکی گشتی، ئەم خزمەتی گشتیە ئێستا تۆپەکە لە ساحەی حزبە کوردییەکاندایە و بە تایبەتی لە ساحەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەراندایە، ئەوان دەنگم دەدەنێ و ماڵیان ئاوا بێت و دەستیان خۆش بێت و دەنگم نادەنێت ئەوە کەیفی خۆیانە ئەگەر دەنگیان دا بە خەڵکێکی لەمن لێهاتوو ئەوە پیرۆزی بێت بەڵام ئەگەر دەنگیان دا بە کەسێک کە لە ئاستی مندا نەبێت بەپێی ئەو مەرجانەی کە هەیە ئەو کاتە ئەوە گوناحەکەی بۆ ئەو کەسانە دەگەڕێتەوە کە دەنگەکە دەدەن، من ئەوەی لەسەرمە دەیکەم ئەوەشی کە لەسەریەتی نایکات ئەوە کەیفی خۆیەتی گوناحی خۆی خۆی هەڵیدەگرێت، من خۆم تەرحکردووە بۆ ئەوەی دەربچم بەڵام کە دەرنەچم لەلای من دنیا وێران نابێت. "

"ئایا لەبەر پاراستنی یەکڕیزی کورد دەکشێیتەوە؟ "


لە وەڵامدا دادوەر ڕزگار محەمەد ئەمین وتی"ئەگەر یەکڕیزی کورد ئەگەر مەسەلە یەک کاندیدی بێت با کاندیدێک لە دەرەوەی حزبەکان دابنرێت خۆ مەرج نییە منیش بم، با ئەم جارە حزبە کوردییەکان با تۆزێک لە قاڵبی حزبی خۆیان بێنە دەرەوە مادام حزبێکی نەتەوەیین لەبەر ئەوە یەکڕیزی بۆ تێکدەچێت ئەگەر لە حزبێکی سیاسی نەبێت، با هەموو حیزبە سیاسیەکان ئەم جارە دەستنیشانی کەسێک بکەن کە گونجاوترین کەس بێت، شەرەفێکی گەورەیە بۆ حیزبەکان و ڕاستکردنەوەی مەساری هەڵەی دابەشکاری سیاسیشە، ئەو مەسارە ڕاست نییە کە ئێستا حزبە عێراقیەکان لەسەری دەڕۆن لە ناویشیاندا حزبە کوردییەکان کە بە تەنها دابەشکاری حزبی بێت، با بەدوای کەفائەتدا بگەڕێین با غەیرە حزبی بێت خۆ ئەمە نیشتمانیە و ڕەگەزنامەی ئەم وڵاتەی هەیە و خزمەت بەم وڵاتە دەکات ئەمە وایکردووە هەتا حزبەکان ڕووبەڕووی ئەو هەموو ڕەخنانە دەبنەوە با لە قاڵبی تەسکی حزبایەتی نەختێک بێنە دەرەوە بزانین خەڵکی ئەم وڵاتە چۆن بەختەوەر دەبێت ئەوە گرنگە خۆ حزب ئامانج نییە بەڵکو ئامرازە، من ئەدەبیاتی زۆری حزبەکانم خوێندۆتەوە ئەوان نابێت ببنە ئامانج و نابێت ببنە چینێک لەسەرو خەڵکەوە، دەبێت تاکی عێراقی بە گشتی و کوردیش کە بەشێکە لەو خەڵکە دەبێت ڕێزی بگیرێت و ڕێز لە تواناکانی بگیرێت، هەروەها‌ مەسەلەی دابەشکاری سیاسی دابەشکردنی پۆستەکان بەو شێوە تەسکە، ڕاستە ئەوان دەسەڵاتیان هەیە و توانایان هەیە و دەتوانن بەڵام باشتروایە حیزبەکانیش هەوڵبدەن کە هەموو شتەکان بە تەنها دیارینەکرێت بۆ ئەندامەکانی حزب."

please wait

No media source currently available

0:00 0:11:56 0:00


XS
SM
MD
LG