Accessibility links

بلینکن بەڵێنی وەڵامدانەوەیەکی " گەورە و خێرا " دەدات ئەگەر ڕوسیا ئۆکرانیا داگیربکات


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنالینا بێربۆک
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنالینا بێربۆک

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بەڵێنیدا ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی وەڵامێکی " گەورە و خێرایان " دەبێت بۆ ڕوسیا ئەگەر ئۆکرانیا داگیربکات، بەڵام سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن هێشتا دەتوانێت هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیبلۆماتی بدات بۆ زیادبوونی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا.

بلینکن لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا سەبارەت بە قەیرانەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕوسیا وتی " ئێمە لە پەیوەستگەیەکی یەکلاکەرەوەداین."

بلینکن وتی " ئەمەریکا لەسەرەتاوە تاوەکو ئێستا زۆر ڕوون بووە " لەسەر ئەوەی هەر هێزێکی سەربازیی ڕوسیا سنووری ئۆکرانیا ببەزێنێت " ئەوا ڕووبەڕووی وەڵامێکی یەکگرتووی خێرا و توندی ئەمەریکا و هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان دەبێتەوە."

دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنالینا بێربۆکدا، بلینکن وتی پوتن بژاردەیەکی هەیە " لەنێوان گفتوگۆ و دیبلۆماسی لەلایەکەوە و ململانێ و دەرەنجام لەلایەکی دیکەوە. دەبێت بڕیار بدات چی ئاڕاستەیەک دەگرێتەبەر."

ڕۆژی هەینی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە جنێڤ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی لاڤرۆڤدا کۆدەبێتەوە، ئەمەش چوارەمین جارە لە هەفتەی ڕابردووەوە بەرپرسانی ئەمەریکا و ڕوسیا ڕاستەوخۆ کۆدەبنەوە.

ڕوسیا داوا دەکات وڵاتانی ڕۆژئاوا چەک و هێزەکانیان لە سنووری ئۆکرانیا دووربخەنەوە، هەروەها داواش لە هاوپەیمانێتی ناتۆ دەکات ئەرکە سەربازییەکانی لە ڕۆژهەڵات و ناوەڕاستی ئەوروپا ڕابگرێت و دەڵێت ناتۆ دەبێت ڕێگە نەدات ئۆکرانیا ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتیەکەدا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG