وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند وڵاتەکەی ڕۆژی پێنجشەممە گرێبەستێکی سێ ملیار ئێرۆیی بۆ کڕینی سێ ژێردەریایی پێشکەوتوو لەگەڵ ئەڵمانیا واژۆ دەکات.
وەزارەتەکە ڕاشیگەیاند، کە ژێردەریاییەکانی دیزل-ئەلکترۆنی کلاس داکار لەلایەن کۆمپانیای تێسێنکراپی ئەڵمانییەوە بەرهەم دەهێنرێت و پێشبینی دەکرێت لە ماوەی نۆ ساڵدا ئامادە بکرێن.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل بێنی گانتز گوتی ئەو کڕینانە توانای هێزی دەریایی ئیسرائیل بەرز دەکاتەوە و یارمەتیدەریشە بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا، هەروەها گوتیشی بەشێک لە تێچووی کەشتییەکان لە لایەن حکومەتی ئەڵمانیاوە دابین دەکرێت.
واژۆکردنی گرێبەستەکەی نێوان بەرپرسانی ئیسرائیل و ئەڵمانیا بۆ کڕینی ژێر دەریاییەکان چەند ڕۆژێک پێش دەنگدانی کابینەی ئیسرائیل بووە لەسەر دامەزراندنی لیژنەیەکی حکومی بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر کڕینی ژێردەریاییەکان و کەشتییە جەنگیەکانی تر لە کۆمپانیای تێسێنکراپ لە نێوان ساڵانی 2009 و 2016 لە سەردەمی نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی پێشوی ئەو وڵاتە.