Accessibility links

ئەمەریکیەکان یادی ڕۆژی لە دایکبوونی مارتن لوثەر کینگ دەکەنەوە


هەموو ساڵێک لە ئەمەریکا لە سێـیەم دووشەممەی مانگی یەک، پـشوودانی فەرمیـیە بە بۆنەی ساڵیادی لە دایکبوونی مارتن لوثەر کینگ، ئەو کەسەی لە ئەمەریکا داکۆکی لە مافە سیڤیلیـەکان دەکرد و کاری بۆ یەکسانی لە نێوان مرۆڤەکاندا دەکرد.

دکتۆر مارتن لوثەر کینگ قەشەیەکی مەسیحی ویلایەتی باشووری ئەلەباما بوو، هەروەها تێـکۆشەرێـک بوو لە سـاڵانی پەنجا و شەسـتەکانی سەدەی ڕابردوو خەباتی دەکرد لە پـێناو بەدەسـتهێنانی مافە سـڤیلیـیەکان و کۆتایی هێنان بە جیاوازی ڕەگەزی لە ئەمەریکا.

لەو سەردەمەدا جیاوازیـیەکی زۆر لە نێوان خەڵـکی سـپی پێست و ڕەش پـێستدا هەبوو. جیاوازیـیەکان لە ئاستـێـکدا بوون کە کەسانی ڕەش پـێست بۆیان نەبوو لەو چێشـتخانانە نان بخۆن کە سـپـیـیەکان نانیان لێ دەخوارد، بۆیان نەبوو لەسەر کورسـی ڕیزی پـێشـەوەی پاسدا دابنیشن، منداڵی ڕەش پـێست بۆی نەبوو لە خوێندنگەی منداڵانی سپی پـێست بخوێنێت.

مارتن لوثەر کینگ لە یەکێـک لە وتارە هەرە بەناوبانگەکانی کە لە سـاڵی 1963دا لە واشـنتونی پایتەخت پـێشـکەشی کرد گوتی ئەو خەونی ئەوەیە کە ڕۆژێـک بێت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پابەندی ئەو بیروباوەڕەی بێت کە دەڵێت هەموو مرۆڤەکان بە یەکسـانی لە دایک بوون.

پاش سـاڵێـک لەو وتارەی و دوابەدوای پەسەندکردنی یاسای مافە سـڤیلیـیەکان لە ئەمەریکا لە 2 ی مانگی حەوتی ساڵی 1964، دکتۆر مارتن لوثەر کینگ لە 10 ی دوازدەی 1964 لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویژ خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئاشتی پـێ بەخشرا.

مەزنترین دەسکەوتەکانی دکتۆر کینگ هاتنەدی بە تێپەراندنی یاسای مافەکانی سیڤیلی ساڵی 1964 کە فەرق و جیاوازیکردنی بە نایاسایی کرد، لە پێدانی کار و جیاکردنەوە لە شوێنە گشتییەکاندا، هەروەها یاسای مافەکانی دەنگدانی ساڵی 1965. ئەم دوو سەرکەوتنانە کاریگەرییەکی مەزنیان هەبوو نەک تەنیا لەسەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بەڵکو لەسەرانسەری جیهاندا.

مەخابن، دکتۆر مارتن لوثەر کینگ لەو دەمەی لە 4 ی مانگی چواری 1968دا چوو بوو بۆ پـشـتیوانیکردن لە کرێـکارانی تایبەت بە کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشـاک لە شـاری ممفسی ویلایەتی تێنەسی کوژرا. به‌ڵام ده‌سـتکه‌وت و میراتی مارتن لوثەر کینگ هەر به‌ زیندوویی ماونه‌ته‌وه‌.

XS
SM
MD
LG