کەسێکی بەشداربوو لەدانیشتنەکانی ڕۆژی یەکشەممەدا بۆ پێداچوونەوە بە دۆسییەکانی ناتانیاهۆ، ڕایگەیاند کە سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆ لە وتوویژدایە لەگەڵ دادگا سەبارەت بە دۆسییەکانی گەندەڵی کە ئاڕاستەی کراون.
دانیشتنەکان کە پێدەچێت سەرەتای ئەم هەفتەیە بگاتە ئەنجام، دەتوانێت ناتانیاهۆ بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە گۆڕەپانی سیاسی ئیسرائیل دووربخاتەوە، و ڕێگا خۆشکەر بێت بۆ پێشبڕکێیەکی سەرکردایەتی لە پارتەکەیدا، و نەخشەی سیاسی ئیسرائیل بهەژێنێت.
هەروەها ئەنجامەکە دەتوانێت ناتانیاهۆ لە دادگایەکی شەرمەزارکەر و درێژەپێدراو، کە بەرۆکی میللەتی گرتوە و مەترسی لەکەدارکردنی میراتەکەی بەدواوەیە، ڕزگار بکات.
گوتەبێژی نەتانیاهۆ رەتیکردەوە لەوبارەیەوە لێدوان بدات.
ناتانیاهۆ بە تاوانی ساختەکاری، و شکاندنی متمانە، و وەرگرتنی بەرتیل، لە سێ دۆسییەی جیادا لە دادگادایە. سەرۆک وەزیرانی پێشوو کە ئێستا سەرۆکی پارتی ئۆپۆزسیۆنە، نکۆڵی لەو تۆمەتانە دەکات.
ئەو کەسەی بەشدارە لە دانیشتنەکانی دادگادا، گوتی کە داوای پێداچوونەوە بۆ دۆسییەکە دەبێتە هۆی ئەوەی کە تۆمەتی بەرتیل و ساختەکاری سەرۆک وەزیری پیشوو وەک یەکێک لە دۆسییەکان بە تەواوی لابدرێت و نەمێنێت.
ئەو کەسەی کە ئەم زانیارییانەی باس کرد، داوای کرد کە ناوەکەی ئاشکرا نەکرێت، چونکە ئەو ڕێگەپێدراو نەبوو باسی وردەکاریی گفتوگۆکان بکات و هەروەها گوتیشی لەوانەیە لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەنجامی گفتوگۆ و دانیشتنەکان لەو بارەیەوە ڕابگەیەنرێت.
ناتانیاهۆ لەسێ دۆسییەی جیادا تۆمەتبارکراوە، یەکەم دۆسییە بانگەشەی ئەوە دەکات کە ناتانیاهۆ هەندێ خەڵاتی بە بەهای سەدان هەزار دۆلار لە خەڵکی دەوڵەمەند و نزیک لە خۆی وەرگرتوە.
لە دۆسییەی دووەمدا هاتوە کە ناتانیاهۆ تۆمەتبارە بە پاڵپشتیکردنی ئاژانسێکی هەواڵی سەر بە خۆی لە رێگای گەشەدان بە هەندێ یاساوە بۆ بەرگریکردن لەو ئاژانسە.
سێیەم دۆسییە بە ناوی خوازراوی کەیسی 4000، ئاماژە بەوە دەکات کە ناتانیاهۆ بە بەهای سەدەها ملیۆن دۆلار گەشەی بە هەندێ یاساداوە لە بەرژەوەندی خاوەنی کۆمپانیایەکی زەبەلاحی تێلێکۆمی ئیسرائیلی لە بەرامبەر ڕاگەیاندن و ڕێکلامی ئەرێنی لەبەرژەوەندی خۆیدا لە سایتە هەواڵییەکاندا.
دادگاییکردنی ناتانیاهۆ بابەتێکە کە بۆتە هۆی دابەشبوونی کۆمەڵگەی ئیسرائیل. لایەنگرە دڵسۆزەکانی ناتانیاهۆ ئەو کارە بە کردەوەیەکی چەپی ناودەبەن لەدژی سەرکردەیەکی ڕاست و خۆشەویستی جەماوەرەکەی، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ڕەخنەگرە سەرسەختەکانی ئەو دادگاییکردنەکە بە سەرکەوتنی یاسا بەسەر گەندەڵی حکومەتدا دەزانن.