ئۆفیسی داواکاری گشتی ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند تەرمی 225 کەس کە لە نائارامییەکانی کازاخستان لە هەفتەی ڕابردوو کوژراون لە ناویاندا 19 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانیش، ڕەوانەی سەرانسەری وڵاتەکە کرانەوە.
سێریک شەلەبایڤ سەرۆکی دادگای تاوانەکان لەنووسینگەی داواکاری گشتی ڕایگەیاند ئەو ژمارەیە خەڵکی مەدەنی و چەکدارانی "چەتەکانی" یش لەخۆدەگرێت کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون.
ئەو زانیاری زیاتری لەسەر ژمارەکە نەدا تەنها گوتی ڕەنگە ئەو ئامارە پاشان نوێ بکرێتەوە.
ئەم مانگە خۆپیشاندانی توندوتیژ لەو وڵاتە دەوڵەمەند بەنەوتەی ناوەڕاستی ئاسیا سەریهەڵدا پاش بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی نرخی بەنزین. ئاماری کوژراوەکانی کە لەلایەن شالابایڤەوە ڕاگەیەندراوە ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە توندوتیژییەکە کوشندەترین توندوتیژییە لەو وڵاتەی سۆڤیەتی پێشوودا.
شالابایڤ گوتی 50 هەزار کەس بەشداربوون لەو ئاژاوەیەی لە 5 ی مانگی یەک گەیشتە لوتکەی کاتێک خۆپیشاندەران هوروژمیان برد بۆ سەر باڵەخانە حکومییەکان و گڕیان بەردا لە بانکەکان و دوکان و بازاڕەکان لە چەندین شاری سەرەکی ئەو وڵاتەدا.
سەرۆکی کاسیم جومەرات تۆکایڤ داوای هاوکاری لە ڤلادمێر پۆتنی سەرۆکی ڕوسیا کرد بۆ یارمەتیدان لە دامرکانەوەی خۆپیشاندانەکاندا.
ڕوسیا و چەند ئەندامێکی تری ڕێکخراوی پەیمانی ئاسایشی هاوبەش کە هاوپەیمانییەکی لەشکرییە بە ناردنی سوپا وەڵامیان دایەوە.
ئەم خۆپیشاندانە بووە هۆی ئەوەی تۆکایف کابینەکەی هەڵبوەشێنێتەوە و ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری پێشوو نورسوڵتان نەزەربایڤ وەک سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی ئەو وڵاتە لە پۆستەکەی لابدات.