Accessibility links

چین و ئێران دەستدەکەن بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ستراتیژی نێوانیان

چین ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند دەستدەکات بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنێکی ستراتیژی لەگەڵ ئێراندا و بەهێزکردنی هاوکاری ئابووری و سیاسی نێوان هەردوو وڵات لەکاتێکدا پەکین ڕەخنەی توندی لە سزاکانی ئەمەریکا دژ بە تاران گرت.

چین و ئێران پاش چەندین ساڵی وتووێژی نێوانیان لە ساڵی ڕابردوودا ڕێککەوتنێکیان مۆر کرد، کە بریتییە لە هاوبەشییەکی فراوان لە بابەتەکانی وزە، ئاسایش، ژێرخان و پەیوەندییەکاندا.

وەزارەتەی دەرەوەی چین لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی و هاوشانە ئێرانییەکەی حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان ڕۆژی هەینی لە میانەی کۆبونەوەیەکیاندا لە ڕۆژهەڵاتی چین دەستپێکردنی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنەیان ڕاگەیاندووە.

چەند وردەکارییەکی کەم لەبارەی ئەورێککەوتنە نهێنییە بڵاو کراوەتەوە، بەڵام نیویۆرک تایمز لە ساڵی 2020بە ئاماژەدان بە بەشێکی بەرنوسی ڕیککەوتنەکە کە دزەی کردووە، ڕایگەیاند لەو ڕێککەوتنەدا هەناردەی بەردەوامی نەوت بۆ چین مسۆگەر دەکرێت.

چین هاوبەشی سەرەکی بازرگانیی ئێرانە و یەکێک بوو لە گەورەترین کڕیارەکانی نەوتی ئەو وڵاتە پێش ئەوەی داۆڵدە ترامپ سەرۆکی ئەوکاتی ئەمەریکا لە ساڵی 2018 لە ڕێککەوتنی ناوکی بکشێتەوە و سزاکان بەسەر ئێراندا بسەپێنێتەوە.

چین بە شێوەیەکی فەرمی هاوردەی نەوتی لە ئێرانەوە ڕاگرت، بەڵام شیکەرەوان دەڵێن نەوتی خاوی ئێران بەردەوام دەڕوات بۆ ئەو وڵاتە بەڵام لە ژێر ناوی نەوتی وڵاتانی ترەوە.

وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایشیگەیاند وانگ ڕۆژی هەینی بە هاوشانە ئێرانییەکەی گوتووە چین بەردەوام دەبێت لە " دژایەتی کردنی سزای نایاسایی یەک لایەنە بۆ سەر ئێران."

پەکین لەمێژە هەوڵی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاراندا دەدات، لە کاتێکدا سەرۆکی چین شی ژینگپینگ لە میانەی سەردانێکی دەگمەنیدا لە ساڵی 2016 بۆ تاران ئێرانی وەکو " هاوبەشی سەرەکی چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا"وەسف کرد.

کۆبونەوەکەی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و چین لە کاتێکدایە کە وتووێژەکانی ڤییەنا بە مەبەستی هەوڵدان بۆ ڕێگەگرتن لە ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوکی، بەردەوامە.

جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا، لەو کاتەوەی لە ساڵی ڕابردووەوە وەک سەرۆکی ئەمەریکا دەستبەکاربووە، ڕایگەیاندووە ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران بگەڕێتەوە بۆ ناو رێککەوتنەکە، ئەوا ئەمەریکاش دەگەڕێنێتەوە بۆ ناو ئەو ڕێککەوتنە.

دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی ئەمەریکا و ئێران بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران لە چەند مانگی ڕابردوودا تاکو ئێستا نەگەیشتووەتە ئەنجام.

ئەمەریکا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران دانوستان دەکات بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکە و لە ئێستاشدا خولی هەشتهەمی گفتوگۆکان بۆ ئەو مەبەستە لە ڤیەننا بەردەوامە.

سەرچاوە: فرانس پرێس/ ڕۆیتەرز




XS
SM
MD
LG