Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا هۆشداری کاردانەوەیەکی بەهێز دەدات بە ڕووسیا


وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی هەینی هۆشداریان داوەتە ڕووسیا کە وەڵامی "بەهێز"یان دەبێت و لە نیگەرانی ئەوەدان کە ئەو هێرشە ئەلکترۆنییە بەرامبەر بە ئۆکرانیا ڕەنگە ڕێگە خۆش بکات بۆ کردەی سەربازی مۆسکۆ لە دژی دراوسێکەی.

تەنانەت پێش هێرشەکەی ڕۆژی هەینی بۆ سەر ماڵپەر و پێگە گرنگەکانی حکومەتی ئۆکرانیا، وەزیرانی ئەوروپا هۆشداریان دا لەوەی کە دەکرێت هێرشی ئینتەرنێتی پێش بکەوێت، یان پێکەوە بێت، لەوانەیە ڕوسیا پلانڕێژی بکات بۆ ئەو 100,000 سەربازەی کە لە سنووری لەگەڵ ئۆکرانیا بڵاویکردونەتەوە.

ئەلێکساندەر شاڵنبێرگ وەزیری دەرەوەی نەمسا لە کۆبوونەوەی دیپلۆماتکارە باڵاکانی یەکێتی ئەوروپا لە شاری بریسیتی فەڕەنسا بە پەیامنێرانی گوت کە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕووسیا " رژدتر و مەترسیدارترە لە هەموو ئەو شتانەی لەم ساڵانەی دواییدا بینیمان."

وتیشی: "هەندێک دەڵێن کە هێرشی ئینتەرنێتی دەکرێت ببێتە پێشەکی بۆ چالاکی دیکە و چالاکییە سەربازییەکان."

وەزیری دەرەوەی سوید ئان لیندی دەڵێت "ئەمە ڕێک ئەو جۆرە شتەیە کە ئێمە هۆشداریماندا لەبارەیەوە و لێی دەترساین."

لیندی وتیشی "ئەگەر هێرش لە دژی ئۆکرانیا بکرێت زۆر بە توندی و بە هێزەوە وەڵامی دەدەینەوە."

هەروەها وتیشی " کاتێک ڕووسیا نیمچە دورگەی کریمیای لە دەریای ڕەشی ئۆکرانیا لە ساڵی 2014دا داگیرکرد، چەند هەفتەیەکی خایاند بۆ ئەوەی لەسەر وەڵامەکەمان ڕێکبکەوین، نابێت ئەوە دووبارە بێتەوە."

خۆبەدوورگرتن لە تاوسەندنی بارگرژییەکان

رێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێف بورێل گوتی یەکێتی ئەوروپا خۆی ئامادەکردووە بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەو هێرشە ئینتەرنێتییە.

بورێل گوتیشی لیژنەی سیاسی و ئاسایشی یەکێتی ئەوروپا هەر ڕۆژی هەینی کۆدەبێتەوە بۆ سازکردنی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەسەر هێرشەکە و یەکەی کاردانەوەی خێرای ئەلیکترۆنی سەر بە یەکێتی ئەوروپا چالاک دەکرێتەوە.

بورێل ڕایشیگەیاند " ئێمە هەموو سەرچاوەکانمان دەخەیەنەگەڕ بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم جۆرە هێرشە ئینتەرنێتییەدا."

وەزیرەکان گومانێکی زۆریان هەیە کە ڕووسیا دەستی هەبووە لەم هێرشە ئەنتەرنێتییەدا. بۆرێڵ دەڵێت "تۆ دەتوانیت وێنای ئەوە بکەیت کە کێ ئەمەی ئەنجامداوە." هەرچەندە دانی بەوەشدا نا کە بەڵگەیان لەبەردەستدا نییە.

وەزیرەکان دەڵێن؛ سزاکانی دژ بە ڕوسیا لەو بژاردانەن کە لە بەردەستدان بۆ ڕازیکردنی سەرۆکی رووسیا ڤلادیمیر پوتین کە داگیرکردنی ئۆکرانیا ئاکامی زۆر مەترسیداری لێدەکەوێتەوە بۆ مۆسکۆ.

ژان ئیڤ لۆدغیۆن، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، کە ئێستا وڵاتەکەی سەرۆکایەتی خولی ئێستای یەکێتی ئەوروپای بەدەستەوەیە دەڵێت "ئامانجی ئێمە ئەوەیە بەڕەنگاری ڕووسیا ببینەوە."

وتیشی "ئێمە بڕیاری هاوبەشمان هەیە بۆ وەڵامدانەوە و هەر جوڵەیەک."

ئانالینا بێربۆک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت "هێشتا دەرفەتی دیپلۆماسیی لەگەڵ ڕووسیادا ماوە."

ئەو بە ڕۆژنامەنوسانی گوت "بە تایبەتی لە کاتی قەیران دا کاری دیپلۆماسی پێویستی بە خۆڕاگری و دانبەخۆداگرتن و ئارامییەکی بەهێز هەیە."

بێربۆک کە ڕۆژی سێشەممە لە مۆسکۆ لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا کۆدەبێتەوە، وتی "ئێمە هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین بۆ خۆلادان لە هەر باگرژییەکی زیاتر."

ئەو وتیشی یەکتربینینەکە بەشێکە لە هەوڵەکان بۆ "بەکارهێنانی هەموو کەناڵێکی پەیوەندی گونجاو".

باڵیۆزی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ناتۆ پێشوازی لە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا کرد لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە و گوتیشی ئەمە بەهایەکی زیاتر دەبەخشێت بە توانا بەرگرییەکانی خودی هاوپەیمانێتیەکە.

جولیان سمیس لە برۆکسل بە پەیامنێرانی راگەیاند "ئێستا لە بڕۆکسل توانستێکی ڕاستەقینە بونیادنراوە، لە ناو یەکێتی ئەوروپادا بۆ هەماهەنگیکردن و ئاڵوگۆڕی ئەو زانیاری و ئەزموون و ئامڕازانەی کە ناتۆ بەکاریدەهێنێت."

سەرچاوە: ئاژانسی فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG