Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا: کشانەوە لە ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران هەڵەیەکی گەورە بوو


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە 13ی ئەم مانگە سەبارەت بە بەرنامە ناوەکییەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران گوتی "ئێمە لە سەردەمی بەڕێوبەرایەتی سەرۆک ئۆبامادا، لە رێگای ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 وە، بەرنامەی ناوکی تارانمان سنووردار کردبوو و کشانەوەمان لەو رێککەوتنەش هەڵەترین هەنگاو بوو."

ئەنتۆنی بلینکن لە لێدوانێکیدا بۆ ڕادیۆیNPR گوتی "ئێمە بەرنامە ناوەکییەکەی ئێرانمان خستبووە ناو سندوقێکەوە و یەکێک لە هەڵەترین بڕیارەکانی مێژووی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکاش، کشانەوە بوو لەو ڕێککەوتنە".

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتیشی "ئەنجامی کشانەوەکە ئەوەیە کە ئێمە لە بارودۆخێکی بەرەنگاریداین و زۆر لەوشتەی کە دەتوانرا ڕێککەوتنێکی باش بێت، دوور کەوتووینەتەوە و پێی نەگەیشتوین و هەروەها ئێران بەشێوازێکی مەترسیدار بەرنامەکانی خۆی پێشخستوە و چالاکیە خراپەکانی لە سەرانسەری ناوچەکەدا گەشە پێداوە. کەواتە ئێمە دەبێت لەگەڵیاندا مامەڵە بکەین وئێمە ئەو کارەش دەکەین."

بلینکن گوتیشی "ئێمە هێشتا باوەڕمان وایە ئەگەر لە هەفتەکانی داهاتوودا، نەک چەند مانگێکیتر، بتوانین بگەڕێینەوەبۆ ناو ڕێککەوتنەکە، ئەوا باشترین شت دەبێت بۆ ئاسایش و پاراستنی هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان لە ناوچەکەدا، بەڵام ئێمە کاتێکی زۆر کەممان هەیە و ئێرانییەکان زۆریان نەماوە بگەن بە کەرەستەکانی چەکی ناوکی و لە هەمان کاتیشدا لەو بوارەدا هێندە پێشدەکەون کە گەڕانەوەیان زۆر زەحمەت دەبێت، چونکە خەریکی فێربوونی شتەکانن و کاری نوێ دەکەن و هەموو ئەمانەش لە ئەنجامی دەرچوونیانە لەو سنوورانەی لە رێککەوتنەکەدا بۆیان دیاریکرابوو."

ئەنتۆنی بلیکن هەروەها گوتیشی " لە ماوەی ئەو چەند هەفتەیەی کە ماوە، دەبینین کە ئایا هەردوولا دەتوانن بگەڕێینەوە بۆ ناو رێککەوتنەکە یان نا و گەر ڕێککەوتنەکە سەربگرێت ئەوا ئەمە باشترین دەستکەوت دەبێت بۆ ئاسایشی ئەمەریکا، بەڵام ئەگەر نەمانتوانی بگەڕێینەوە، ئەوا ئێمە سەیری هەنگاوەکانی تر و بژاردەکانی تری بەردەممان دەکەین بە هەماهەنگییەکی نزیک لەگەڵ وڵاتانی تردا."

جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا، لەو کاتەوەی لە ساڵی ڕابردووەوە وەک سەرۆکی ئەمەریکا دەستبەکاربووە، ڕایگەیاندووە ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران بگەڕێتەوە بۆ ناو رێککەوتنەکە، ئەوا ئەمەریکاش دەگەڕێنێتەوە بۆ ناو ئەو ڕێککەوتنە.

دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی ئەمەریکا و ئێران بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران لە چەند مانگی ڕابردوودا تاکو ئێستا نەگەیشتووەتە ئەنجام.

ئەمەریکا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران دانوستان دەکات بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکە و لە ئێستاشدا خولی هەشتهەمی گفتوگۆکان بۆ ئەو مەبەستە لە ڤیەننا بەردەوامە.

XS
SM
MD
LG