Accessibility links

تەرمی ژن و پیاوێکی کوردی خەڵکی مەریوان لە دورگەی سیریسی یۆنان دەدۆزرێتەوە


ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە تەرمی دوو هاوسەری کوردی خەڵکی مەریوان کە لە کاتی هەوڵی ڕۆشتنیان بەرەو ئەوروپا خنکاون، دۆزراونەتەوە.

هەنگاو دەڵێت تەرمی جەلیل ڕەوانگەردی تەمەن 34 ساڵ و سومەیە جامخانە‌ی تەمەن 28 ساڵ ڕۆژی پێنجشەممە پاش خنکانیان لە یەکێک لە ڕووبارەکانی دوورگەی سیریسی، دۆزرایەوە.

عەبدوڵا جامخانە برای سومەیە کە لە کاتی ڕووداوەکە لەگەڵیاندا بوو بە ڕێکخراوی هەنگاوی ڕاگەیاندووە کاتێک ویستوویانە لە شاری سالۆنیکەوە بەرەو ئاتن بڕۆن بە ڕووبارێکدا پەڕیونەتەوە و سومەیایی خوشکی توانای ڕۆشتنی نەماوە و ئاوی ڕووبارەکە بردویەتی. گوتوشیەتی " زاواکەشمان بەشوێنیدا ڕۆشتووەو [بەوجۆرە] هەردووکیان گیانیان لەدەستداوە." بە گوێرەی قسەکانی عەبدوڵای برا بچووکی سومەیە تەرمی جەلیل چەند کاتژمێرێک پاش ڕووداوەکە دۆزراوەتەوە و تەرمی خوشکەکەشی ڕۆژی پێنجشەممە دۆزراوەتەوە."

هەنگاو دەشڵێت لە ئێستادا عەبدوڵا جامخانە لە یەکێک لە بنکەکانی پۆلیس لە نزیک شاری سالۆنیکی یۆنان دەستبەسەرە.

ئەو دوو هاوسەرە لە ساڵی ڕابردوو زێدی خۆیان جێهێشتووە و چوون بۆ تورکیا و بەمدواییانە لە تورکیاوە بۆ یۆنان ڕۆشتوون بە مەبەستی دەرچوونیان بەرەو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا. بەم دواییانە ژمارەیەکی زۆر خەڵکی کە لە ئاوەکانی یۆناندا خنکان کورد بوون و تەرمەکانیان گەڕێندرایەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

XS
SM
MD
LG