Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: عێراق و قەیرانەکانی لە قۆناغێکی نوێدا


پەرلەمانی نوێی عێراق یەکەم دانیشتنی خۆی کرد، پاش نزیکەی 3 مانگ لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی لە عێراقدا کرا و ڕەوتی سەدر براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە بوو.

ئەو 3 مانگەی بەر لە دانیشتنەکەی ڕۆژی یەکشەممەی پەرلەمان، عێراق لە ژینگەیەکی ئاڵۆزی سیاسی و یاساییدا بوو، ئەو لایەنانەی پاشەکشەیان کردبوو لە هەڵبژاردندا، گوتاری زبر و ڕەقیان بڵاودەکردەوە و لە هەندێک باردا هەڕەشە و گوڕەشەی توندیشیان دەکرد، پەنایان بردە بەر فشار و هەروەها پەناشیان بردە بەر دادگای باڵا، بەڵام نەیانتوانی هیچ ئەنجامێک بەدەست بێنن وێڕای ئەو هەموو تانە و توانجەی لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیشیان دەدا.

نوێنەرانی هەڵبژێردراو "لەگەڵ ئەوەشدا کە ڕێژەی دەنگدان زۆر کەم بوو لە هەڵبژاردندا" بەو کێشە و گرفتانەوە چوونە ناو هۆڵی پەرلەمانەوە و کێشەی ناو ماڵی شیعەکان کاریگەریشی هەبوو بەسەر ناو ماڵی کوردەوە و ئەوەی پێشتر و بەر لە 24 کاتژمێری پێش کۆبوونەوەکەی پەرلەمان پێی دەگوترا لیژنەی هاوبەشی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، هەر ڕۆژی یەکشەممە لەگەڵ چوونە دەرەوەی ئەندامانی یەکێتی لە هۆڵی پەرلەمان، ئیتر ئەو لیژنەیەش لەبەریەک هەڵوەشایەوە.

موقتەدا ئەلسەدر، براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکەی عێراقە، وەک چاودێر دەڵێن بۆتە بڕیاردەری یەکلاکەرەوە لە بڕیارە سیاسییەکانی عێراقدا و لەوانەشە بتوانێت ئەو جۆرە حکومەتەش پێکبهێنێت کە داوای دەکات و ناوی لێناوە حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی.

چاودێر لەوبڕوایەشدان تا مانگی 3ی داهاتوو حکومەتی نوێی عێراقی دەوڵەمەند بە نەوت و بە شەڕ وێرانبوو پێکبهێنرێت.

موقتەدا ئەلسەدر، کە پێشتر نەیارێکی سەرسەختی ئەمەریکا بوو خاوەنی پێگەیەکی گەورەی جەماوەرییە، پێشتر داوای لە لایەنە دۆڕاوەکانی هەڵبژاردن کردبوو تا بەشداری بکەن لە حکومەتە زۆرینە نیشتمانییەکەیدا، بەڵام مەرجیشی بۆ دانابوون.

بە دڵنیاییەوە، ئەو ململانێیانەی ناو ماڵی شیحە و ناو ماكی کوردیش شتێک ننین هەروا لە خۆوە دروست بووبێت، بەڵکو هەر یەکەیان مێژووی خۆی هەیە و دەسەڵات و داهات یەکێکن لە هۆکارە سەرەکییەکانی ناکۆکیەکان.

دکتۆر سیڤان سەعید، پسپۆڕ و شیکەرەوەی سیاسی، وەڵامی پرسیارەکانی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا دەداتەوە.

دکتۆر سیڤان سەعید، پسپۆڕ و شیکەرەوەی سیاسی؛

*ئەو خەیاڵەی کە هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەک نەمێنێت لە مێشکی هەموو سەرکردەکانی شیعەدایە هەیە بە موقتەدا ئەلسەدریشەوە.

*عێراق ئەو هێزەی نییە تا ئۆپزسیۆنی تیادا دروست بێت، چونکە هێزە سیاسییەکانی ئەوەندە گەندەڵن و هێندە تاوانیان کردووە؛ یان لەناودەبرێن یانیش دەدرێنە دادگا لەلایەن هێزەکانی دەسەڵاتەوە.

*لە ئایندەدا ناکۆکییەکانی نێوان عەرەبی سوننە ئەگەر خراپتر نەبن ئەوا باشتر نابن لە ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە شیعەکان.

*ئەو کێشە سیاسیانەی ئێستای عێراق پەیوەندییان بە دەرەوەی عێراقەوە هەیە، نەک ناوخۆی عێراق.

*ئێران ئارەزوو دەکات پێکهێنانی حکومەتی عێراق و یەکلاکردنەوەی پۆستەکان دوابکەوێت تا بزانێت ئەنجامەکانی کۆبوونەوە ناوکییەکەی چیدەبێت.

*لە شەڕی ناوخۆی ساڵانی نەوەتەکانی هەرێمی کوردستانی عێراقدا، ئێران یارمەتی و کۆمەکی هەموو لایەنە بەشەڕچووەکانی دەکرد.

*حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی دەتوانێت دادوەریی کۆمەڵایەتی جێگیر بکات، بەڵام ئەمە بە موقتەدا ئەلسەدر ناکرێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:00 0:00


XS
SM
MD
LG