Accessibility links

ئایا هەرگیز ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆتاییپێدێت؟


ئایا هەرگیز ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆتاییپێدێت؟ ئەمە پرسیارێکە لە هزری هەمواندایە لە کاتێکدا دەبیننتا جۆرێکی ڤایرۆسەکە دەڕوات، جۆرێکی دیکە سەر هەڵدەدات. دوێنی دەڵتا یەخەی خەڵکی گرتبوو، ئەمڕۆ ملیۆنان کەس هەڵگری ئۆمیکرۆنن.

کارستان سی کۆنین، پرۆفیسۆری بەشی پەتاناسی لە بەشی تەندروستی گشتی لە زانکۆی بەناوبانگی هارڤارد لە ئەمەریکا، دەڵێت "هەموو جارێک وا بیردەکەینەوە شتەکان باشتر دەبن، پاشان جۆرێکی دیکە دێتەوە."

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەموو وڵاتانی دیکە زیاتر نەخۆشی توشبووی بە ئۆمیکرۆن هەیە. نزیکەی ملیۆن و نیوێک خەڵک تەنیا ڕۆژی دووشەممە توشبوون، ئەمەش بەرزترین رێژەیە لە جیهاندا.

نادڵنیایی و نیگەرانی کاریگەری دەروونی خراپی لەسەر خەڵکی جێهێشتووە کە دەپرسن ئایا ئەم ڤایرۆسە نەگریسەمان هەرگیز لە کۆڵدەبێتەوە تا بتوانین وەکو جاران ژیانێکی ئاسایی بەڕێبکەین؟

"کەی کۆڤید-19 کۆتایی پێدێت؟" ئەمە سەردێڕی راپۆرتێکی ئەم مانگەی کۆمپانیای مکینزی بوو، کە کۆمپانیایەکی راوێژکاری بەڕێوەبردنە لە ئەمەریکا. کۆڤید-١٩ ناوێکی دیکەیە بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا. راپۆرتەکە دەڵێت ڤایرۆسی کوڕۆنا بەخێراییەکی سەرسوڕهێنەر دەتوانێت خۆی دروستبکاتەوە و جۆری نوێ بخاتەوە.

ئەمەش دکتۆر دەیڤد ئارۆنۆف، پسپۆڕی پزیشکی لە زانکۆی ئیندیانا، ی نیگەران کردووە. دکتۆر دەیڤد دەڵێت ئەم نەخۆشییە وەکو لێخوڕینی ئۆتۆمبیلێک وایە لە کەشوهەوایەکی خراپدا. دەڵێت، "هەرچەندە ئۆتۆمبیلەکەمان باشترین لایتی پێشەوەی هەبێت، هێشتا ناتوانین لەنێو تەمەکەدا ببینن. بەواتایەکی دیکە، لەراستیدا نازانین ئایا جۆرێکی دیکەی ڤایرۆسەکە دەکرێت پشێویەکی زۆر بخاتەوە یاخود نا."

دکتۆر لوسی ماکبراید، پزیشک لە واشنتۆنی پایتەخت، دەڵێت "پێموایە خەڵکی هێواش هێواش دەرک بەوەدەکەن کە دەبێت فێربن لەگەڵیدا بژین، چونکە ڤایرۆسەکە ناڕوات."

لە دیدارێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، گوتی رەنگە وەکو نەخۆشییە بەربڵاوەکانی دیکەی هاوشێوەی هەڵامەت هەمیشە بمێنێت و ناچاربین ساڵانە ڤاکسین وەربگرین تا خۆمانی لێبپارێزین.

کریستین رونیان، مامۆستای بەشی پزیشکی خێزانی و تەندروستی کۆمەڵگا لە زانکۆی ماساچوسێتس پێشبینی دەکات ئامیکرۆن لە کۆتایی مانگی یەکدا بگاتە لوتکە و ئیدی حاڵەتەکان بەرەو کەمبوونەوە بچن.

رۆنیان گوتی، "جۆرێک لە ڕەشبینی دروست بووە کە ئەم [ڤایرۆسە] بەم نزیکانە ناڕوات."

دێبرا بڵۆک، دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG