Accessibility links

ئەمەریکا بڕی 308 ملیۆن دۆلار هاوکاری بۆ خەڵکی ئەفغانستان ڕادەگەیەنێت


ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بڕی 308 ملیۆن دۆلار هاوکاری مرۆیی نوێی بۆ ئەفغانستان ڕاگەیاندووە. ئەم بڕە نوێیەی کە لە ڕۆژی سێشەممە ڕاگەیەندرا لە کاتێکدایە کە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات نیوەی دانیشتوانی وڵاتەکە ڕووبەڕووی برسێتییەکی زۆر دەبنەوە.

گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا ئێملی هۆرن لە بەیاننامەیەکدا گوتی ئەو هاوکارییە ڕاستەوخۆ لە ئاژانسی ئەمەریکا بۆ گەشەپێدانی نێونەتەوەییەوە بۆ " ڕێکخراوە مرۆییە سەربەخۆکان" دەڕوات.

ئاژانسی ئەمەریکا بۆ گەشەپێدانی نێونەتەوەیی (USAID) ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند ئەو هاوکارییە تایبەت دەبێت بە خۆراک و هاورکاییە خۆراکییەکان، پشتیوانی کردن لە دامەودەزگا تەندروستییەکان، هەوڵەکانی یەکەی گەڕۆکی تەندروستی، مسۆگەرکردنی ئەوەی کە کەرەستەکان بگەنە ناوچە دووردەستەکان، و پرۆگرامەکانی هاوکاری کردنی خەڵکی لەم زستانە و دابینکردنی پێخەف، هیتەر و جلوبەرگی گەرم.

ئاژانسەکە گوتیشی " ئەمەریکا پەیوەستە بە هاوکاری کردنی خەڵکی ئەفغانستانەوە، هەرچەندە بۆ ئەوەی ئەم یارمەتییە کاریگەرترین بێت، پێویستە ڕێگە بە هەموو هاوکاریکەران و بەتایبەتی ژنان بدرێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ و پارێزراو کاربکەن و بتوانن بەبێ کۆسپ بگەن بە ژنان و کچان. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە هاندانی تاڵیبان تا ڕێگەبدات بەبێ کۆسپ خەڵکی دەستیان بە هاوکارییە مرۆییکان ڕابگات، بارودۆخێکی سەلامەت بۆ کارمەندانی مرۆیی دابین بکات، کارمەندەکانیش بە ڕەگەزی نێر و مێوە ئازاد بن لە کارکردن."

جگە لە ڕاگەیاندنی هاوکارییەکانی خۆی ئەمەریکا هانی وڵاتانی تریش دەدات هاوکاری بکەن.

ژنێکی ئەفغانی لە شەقامێکی سەرەکی کابوڵ بە بەفر و سەرما، 3ی مانگی یەکی 2022
ژنێکی ئەفغانی لە شەقامێکی سەرەکی کابوڵ بە بەفر و سەرما، 3ی مانگی یەکی 2022

بارودۆخی مرۆیی لە ئەفغانستان خراپتر بووە لەو کاتەوەی هێزەکانی هاوەپەیمانان بە ڕێبەرایەتی ئەمەریکا لە مانگی هەشت لەو وڵاتەدا کشانەوە و پاشان تاڵیبان سەرانسەری وڵاتەکەی کۆنترۆل کرد.

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆتایی مانگی 12 بڕیارێکی پەسەند کرد بۆ ئەوەی چەند چالاکییەکانی هاوکاری مرۆیی لە سزاکانی ئەمەریکا دژ بە کەسایەتیەکانی تاڵیبان ببەخشرێن تا بتوانرێت هاوکاری خەڵکی ئەفغانستان بکرێت بەبێ ئەوەی ئەو هاوکارییە داراییە سود ببەخشێت بە تاڵیبان.

XS
SM
MD
LG