Accessibility links

ئەمەریکا و ڕوسیا دەست بە گفتوگۆکان دەکەن لەسەر گرژییەکانی ئۆکرانیا


دیپلۆماتکارانی ئەمەریکا و ڕووسیا ڕۆژی دووشەممە لە جنێف کۆبوونەوە بۆ دەستپێکردنی زنجیرەیەک گفتوگۆی ئاست بەرز ئەم هەفتەیە لەسەر زیادکردنی هێزەکانی مۆسکۆ لەسەر سنووری ئۆکرانیا و داواکارییەکانی ڕووسیا بۆ گەرەنتی ئاسایشی ڕۆژئاوا.

وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گوتی کۆبوونەوەکە پێش 9ی بەیانی بە کاتی خۆجێیی دەستی پێکرد، هاوکات جەختیشی کردەوە کە لایەنەکانی ئەمەریکا نەک تەنها لەگەڵ ئۆکرانیا بەڵکو لەگەڵ ناتۆ و هاوپەیمانەکانی دیکەش لە سەرانسەری ئەوروپادا بە ڕاوێژکردن کار دەکەن.

وتەبێژەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت: "ئەمەریکا پابەندە بە پرەنسیپی 'هیچ شتێک دەربارەی تۆ و بەبێ تۆ' کاتێک دێتە سەر ئاسایشی هاوپەیمانان و هاوبەشە ئەوروپیەکانمان بە ئۆکرانیاوە" ئێمە لە هەموو ئاستێکدا لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوکارەکانمان داین و لە هەفتەکان و ڕۆژانی داهاتووشدا بەردەوام دەبین."

دوای گفتوگۆکانی جنێف، ڕوسیا وا خەریکە ڕۆژی چوارشەممە لە برۆکسل لەگەڵ ناتۆ و لە ڤیەننا لەگەڵ ڕێکخراوی ئاسایش و هاوکاری ئەوروپا لە ڕۆژی پێنجشەممە دانوستان ئەنجام بدات.

بەر لە دانیشتنی ڕۆژی دووشەممەی ئەمەریکا و ڕوسیا، دیپلۆماتە گەورەکانی هەردوو وڵات گەشبینییەکی کەمیان نیشاندا بەوەی کە لەم هەفتەیەدا گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوو وڵات کەمتر ببێتەوە.

ئەنتۆنی بلیکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە سی ئێن ئێنی گوت" ئەستەمە ئەوە ببینین کە هەر پێشەڕەویەک بە هەر جۆرە چەکێک بۆ سەر ئۆکرانیا ئەنجام بدرێت."

بلینکن گوتیشی "گوێ لە نیگەرانییەکانی ڕووسیا دەگرین" سەبارەت بە مەشقە سەربازییەکانی ناتۆ لە ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، بەڵام "دەبێت ئەوان گوێ لە ئێمە بگرن دەربارەی ئەو 100 هەزار سەربازەی ڕووسیا بە درێژایی سنوری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کۆیان کردۆتەوە."

هاوکات ئاژانسی ڕاگەیاندنی ڕوسیای سەر بە دەوڵەت ئاماژەی بەجێگری وەزیری دەرەوەی سێرگی ڕیابکۆف کرد و ڕایگەیاند کە بە تەواوی دەکرێت گفتوگۆکانی نێوان ئەمەریکا و ڕوسیا دوای یەک کۆبوونەوە کۆتایی پێبێت.

بلینکن جەختی لە هەڕەشەکانی ئەمەریکا کردەوە بۆ سەپاندنی سزای توندی ئابووری بەسەر مۆسکۆدا لە ئەگەری داگیرکردنی ئۆکرانیا دوای هەشت ساڵ لە داگیرکردنی نیمچەدوورگەی کریمیا لە ئۆکرانیا.

سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG