قاسم جۆمارت تۆکایف سەرۆکی کازاخستان ڕۆژی هەینی فەرمانی بە هێزەکانی ئاسایشی وڵاتەکەی کرد کە دەتوانن تەقە لە خۆپیشاندەران بکەن بە مەبەستی کوشتن، ئەمەش لە کاتێکدایە وا بۆماوەی هەفتەیەکە خۆپیشاندانی ناڕەزایی و نائارامی باڵی کێشاوە بەسەر وڵاتەکەی ئاسیای ناوەڕاستدا.
سەرۆک کۆمار لە لێدوانێکیدا بۆ تەلەفیزیۆنی نیشتیمانی وڵاتەکەی وتی: "تیرۆریستەکان بەردەوامن لە وێرانکردنی موڵکوماڵی گشتی و تایبەتی و بەکارهێنانی چەک دژی هاوڵاتیان، فەرمانی جێبەجێکردنی یاسام دەرکردووە بۆ تەقەکردن بە ئامانجی کوشتن بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەخت."
لە وتارەکەیدا، تۆکایڤ داوا نێودەوڵەتییەکانی بۆ حکومەتەکەی ڕەتکردەوە تا دانوستان لەگەڵ خۆپیشاندەراندا بکات، کە هێشتا بەبێ بەڵگە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لەلایەن قەوارە بیانییە نەناسراوەکانەوە مەشقیان پێکراوە و ڕێکخراون.
گوتیشی: "ئەوە چ بێماناییەکە" "چ جۆرە دانوستانێک دەتوانرێت لەگەڵ تاوانباران و بکوژان دا سازبکرێت؟."
سەرۆکی کازاخستان خۆپیشاندەرانی بە چەتە و تیرۆریست ناودێرکرد و گوتی پێویستە لەناوببرێن، بەڵێنیان دا بەم نزیکانە ئەم کارە ئەنجام بدرێت. هەروەها سوپاسی ڤلادمیر پۆتنی سەرۆکی ڕوسیای کرد بۆ ناردنی هێزی لەشکری بە پەلە لەسەر داوای تۆکایف بۆ هاوکاریکردن لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان.
سەرکردەکانی ناوچەکە هەر ڕۆژی هەینی وەڵامی پێشهاتەکانی کازاخستانیان دایەوە. لە بەرلین، کریستۆفەر بێرگەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند کە ئەوان هێشتا لێکۆڵینەوە لە ڕاپۆرتەکان دەکەن، بەڵام ئەوان گومانیان هەیە لە بەکارهێنانی هێزی کوشندە لە دژی هاوڵاتیان و وتیشی حکومەت بەرپرسیارە لە پاراستنی گیانی هاوڵاتیان.
لەمیانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لە پاریس لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا ئۆرسۆلا ڤان دێرلیین داوای پاراستنی ماف و ئاسایشی هاوڵاتیانی کازاخستانی کرد و داوایکرد هەردوو سەرکردەکە کۆتایی بە توندوتیژی بهێنن. لە ئێستادا فەرەنسا سەرۆکایەتی خولی ئێستای یەکێتی ئەوروپا دەکات.
نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند: هەواڵەکانی وا بڵاوبوونەتەوە کە هێزەکانی بە سەرۆکایەتی ڕوسیا یارمەتی دەر بوون بۆ دامرکانەوەی نائارامیی و خۆپیشاندانەکان. وتیشی: "ئەمەریکا و جیهان بە وردی چاودێری هەر پێشێلکاریەکی مافەکانی مرۆڤ دەکەن."
ڕاپۆرتەکان لە شارە سەرەکیەکەی کازاخستانەوە لە ئاڵماتی دەڵێن: لە بەرەبەیانێکی زووی ڕۆژی هەینی دا تەقەی پچڕپچڕ بیستراوە، بە شێوەیەکی کاتی ئەو نائارامییانە وەستان، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتی هاوشێوە لە شارەکانی دیکەوە لەوبارەیەوە.
لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا خۆپیشاندان لە ڕۆژئاوای وڵاتەکە دەستیپێکرد بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بەرزبوونەوەی لە ڕادەبەدەری نرخی سووتەمەنی، بەڵام بە لە بەرچاوگرتنی گەشەی خێرا و خێرایی تەشەنەکردنی ناڕەزاییەکان، هەندێک لە چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو خۆپیشاندانانە ڕەنگدانەوەی ناڕەزاییەکی فراوانترە دژی ئەو دەوڵەتەی هەر لە کاتی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی لە یەکێتی سۆڤیەتەوە لە ساڵی 1991ەوە تا ئێستا خەڵکەکەی لە دۆخێکی سەرکوتکاریدا دەژین.
*هەندێک لە زانیارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە لە ئاژانسی ئەسۆشەیتد پرێس و رۆیتەرز و فرانس پرێسەوە وەرگیراون.
سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا