Accessibility links

هیندستان هاوکاری مرۆیی و تەندروستی ڕەوانەی ئەفغانستان دەکات


بزوتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانی ڕۆژی هەینی رایانگەیاند کە پێداویستی نوێی داودەرمانیان لە هیندستانەوە پێگەیشتووە، لە کاتێکدا نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری داوە لەوەی کە بارودۆخی سەختی زستان دەبێتە هۆی قەیرانی سەختی مرۆیی کە ڕووبەڕووی ملیۆنەها ئەفغانی دەبێتەوە و تا دێت خراپتریش دەبێت.

دوابەدوای ئەوەی بەرپرسانی فڕۆکەخانەی کابول پاکێجی یارمەتییەکەیان وەرگرت؛ زەبیحوڵڵا موجاهید گوتەبێژی تاڵیبان لە تویتێکدا بە زمانی خۆجێی دەنوسێت: "میرنشینی ئیسلامی سوپاسگوزاری هیندستانە بۆ کۆمەک و هاوکارییە مرۆییەکانی." موجاهید ناوی فەرمی حکومەتی نوێی تاڵیبانی بەکارهێناوە.

وەزارەتی دەرەوەی هیندستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند ڕۆژی هەینی سێیەمین دەستەی یارمەتی پزیشکییەکە گەیاندرا کە بریتی بوو لە دوو تەن دەرمانی بنەڕەتی بۆ رزگارکردنی ژیان و گوتیشی ئەمە بەشێکە لە یارمەتییە مرۆییەکانی نیودەلهی بۆ ئەفغانستان.

هیندستان تا ئێستا نیو ملیۆن ڤاکسینی کوڤید-19 و 1.6 تەن یارمەتی پزیشکی بۆ کابول لە ڕێگەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە دابینکردووە. بەڵێنیشی داوە کە لە هەفتەی داهاتوودا دەرمان و دانەوێڵەی زیاتر دابینبکات.

وەزارەتەکە وتیشی: "هیندستان پابەندە بە بەردەوامیدان بە پەیوەندی تایبەتیمان لەگەڵ خەڵکی ئەفغانستان و دابینکردنی هاوکارییە مرۆییان."

هەروەها نیودیلهی بەڵێنی داوە 50 هەزار تەن گەنم بنێرێت بۆ ئەفغانستان و داوای هاوکاری لە پاکستانی دراوسێی کردووە بە ڕێگەدان بە گواستنەوەی ئەو هاوکاریانە لە ڕێی خاکەکی ئەوانەوە. لە مانگی 11 ی ساڵی پاردا ئیسلام ئاباد ڕەزامەندی نیشاندا لەسەرداواکارییەکەی نیودیلهی و ئەو دوو وڵاتە کە رکابەری سەرسەختی یەکترن لە هەوڵی دابینکردنی ڕێوشێنەکانی گواستنەوەی هاوکارییە مرۆییەکاندان بۆ ئەفغانستان.

ئاژانسەکانی هاوکاریە مرۆییەکان دەڵێن بارودۆخی مرۆیی لە ئەفغانستان خراپ بووە؛ تەنانەت پێش ئەوەی بزوتنەوەی تاڵیبانی ئیسلامی لە مانگی 8 ی ساڵی رابردوودا دەست بەسەر ئەو وڵاتەدا بگرێت و ئاماژەش بە چەندین ساڵ ناکۆکی و درێژکێشانی وشکەساڵیی دەدرێت کە ماوەیەکی زۆرە دووچاری وڵاتەکە بۆتەوە.

دوابەدوای ڕاگرتنی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان، هاوکاتی سزا نێودەوڵەتییەکانیش دژ بە تاڵیبان و سڕکردنی یەدەکی دراوی بیانیی ئەفغانستان لەلایەن چەندین وڵات و دەزگای کۆمەکبەخشەکانەوە، تێکڕا بوونەهۆی قەیرانێکی ئابوری لەو وڵاتەدا کە پشتی بە هاوکارییەکان بەستووە.لەدەرئەنجامدا ئاستی پێداویستییە مرۆییەکان بەرزبۆوە بۆ ئاستێکی پێوانەیی.

نەتەوە یەکگرتووەکان مەزەندەی ئەوە دەکات کە زیاتر لە 24 ملیۆن ئەفغانی ئەمساڵ پێویستیان بە یارمەتی مرۆیی دەبێت و تا مانگی سێی ئەمساڵیش وا پێدەچێت لە هەر 10 کەسێک 9 کەس بە توندی دووچاری نەبوونی ئاسایشی خۆراک ببنەوە.

هندستان پەیوەندی نزیکی لەگەڵ حکومەتی ئەفغانستان پاراستبوو کە وڵاتانی ڕۆژئاوا پشتیوانی حکومەتەکەی ئەفغانستانیان دەکرد، ئەو حکومەتەی کە لە مانگی 8 ی ساڵی پاردا لەلایەن تاڵیبانەوە کۆنتڕۆڵ کرا. نیودیلهی لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین ملیار دۆلاری لەپرۆژەکانی گەشەپێدانی ئەفغانستاندا وەبەرهەمێناوە بۆئەوەی کاریگەری خۆی لەو وڵاتەدا زیاد بکات.

بەڵام هەوڵە دبلۆماسییەکانی هیندستان گورزێکی گەورەیان بەرکەوت لەگەڵ کشانەوەی کۆتایی ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئەفغانستان و چەند ڕۆژێک دوای ئەوە تاڵیبان دەسەڵاتی گرتەوە دەست.باوەڕوایە ئەو بزوتنەوە ئیسلامییە مۆڵگەکانیان لە پاکستان بەکارهێنابوو بۆ درێژەدان بە یاخیبوونی توندوتیژانەی زیاد لە بیست ساڵیان دژ بە هێزە ناوخۆیی و بیانیەکان لە ئەفغانستان.

کۆششەکانی ئەم دواییەی هیندستان بۆ دابینکردنی یارمەتی مرۆیی بۆ کابول وەک هەوڵێک دەبینرێن بۆ نوێکردنەوەی پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا بۆ پاراستنی پرۆژەکانی پەرەپێدان. هەرچەندە سەرکردەکانی هیندستان بە قوڵی گومانیان لەسەر پەیوەندیە بەهێزەکانی تاڵیبان لەگەڵ پاکستاندا هەیە.

سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG