Accessibility links

دوو کەس بە گومانی فرۆشتنی ژنانی موسڵمان لە ڕێگەی ماڵپەڕی ساختەوە لە هیندستان دەستبەسەر دەکرێن


بە گوتەی بەرپرسانی حکومەتی هیندستان، پۆلیسی ئەو وڵاتە ژن و پیاوێکیان بە گومانی پێشنیارکردنی فرۆشتنی خانمانی دیاری موسڵمان لەسەر ماڵپەڕێکی مەزادی ساختە دەستگیر کردووە، هەواڵەکەش لە ئێستادا تووڕەییەکی سەرتاسەری لەو وڵاتەکەدا لێکەوتۆتەوە.

یەکەی سایبەری پۆلیسی مۆمبای دوو گومانلێکراوەکەی دوای سکاڵای یەکێک لەو ژنانە دەستگیر کردووە کە کراوەتە ئامانج بۆ فرۆشتن و پۆلیس دەڵێت هێشتا ڕوون نییە کە ئایا خوودی ئەو دوو کەسە ماڵپەڕەکەیان دروست کردوە یان نا.

پۆلیس چەند تۆمەتێکی دژی پیاوەکە کە خوێندکارێکی ئەندازیاری تەمەن 21 ساڵانە، ڕاگەیاندوە و گوتیان خەریکی لێکۆڵینەوەی زیاترن لەسەر ژنەکە.

گرووپەکانی مافەکانی ژنان و سیاسەتمەدارانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان داوایان لە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە کرد کە لە دژی هەراسانکردن و ئازاری خانمانی موسڵمان هەڵوێستیان هەبێت، ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەی لە ئەنجامدا وەزیری تەکنەلۆجیای ئەو وڵاتە بەڵێنی گرتنەبەری ڕێوشوێنی توندی یاسایی بدات، لەو بارەیەوە پێداچوونەوە بۆ کێشەکە بکات.

پۆلیس بەلایەنی کەمەوە لە سێ ویلایەت ڕایگەیاندوە کە لێکۆڵینەوەیان لە بارەی ڕووداوەکەوە دەستپێکردوە و لەسەر بنەمای سکاڵای ئەو ژنانەش کە کراونەتە ئامانج، سکاڵای تاوانیان لە دژی ئەو کەسانەی کە پەرەیان بە ماڵپەڕەکە داوە، تۆمار کردووە.

ئەمە یەکەمجار نیە کە ژنانی موسڵمان لە ماڵپەڕێکی مەزادی ساختەدا، دادەنرێن بۆ فرۆشتن. مانگی 6ی ساڵی ڕابردووش ماڵپەڕێکی هاوشێوە بەناوی ' Sulli Deals' کە دەستەواژەیەکی سوکایەتیە بۆ ژنانی موسڵمان، بە هەمان مەبەست دروست کرابوو. ماڵپەرەکە چەند هەفتەیەک بە شێوەی ئۆنلاین مایەوە، پاش سکاڵای قوربانییەکان لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە داخرا. پۆلیس لێکۆڵینەوەیەکی لە دۆسیەکە کرد، بەڵام هیچ کەسێک تاوەکو ئێستا دەستگیرنەکراوە.

ژنانی هیندی بە تایبەتی موسڵمانەکان زۆرجار دەبن بە ئامانجی ڕق و بێزاری لە سەر پلاتفۆرمەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لەوانە تویتەر.ژنانی دیاری موسڵمان، لەوانە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان و ڕەخنەگرانی نارێندرا مودی و حیزبی ناسیونالیستی هیندستان ڕایانگەیادوە کە زۆرجار ڕووبەڕووی هەڕەشەی دەستدرێژی و توندوتیژیی بوونەتەوە.

سەرچاوە: AP

XS
SM
MD
LG